تەنیا یەک ڕووداو
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
بە سەدان کیلۆمیتر لە دەرەوەی سنوورەکانی زێد، ئەو زێدەی ساڵانی ساڵە نەمبینیوەتەوە و ڕەنگە قەتیش نەیبینمەوە، ڕۆژێک وەک هەمیشە کاتێک لە خەو هەستابووم و خەریکی سازکردنی ناشتا بووم، کتوپڕ بیرێکی سەیر لە مێشکی دام. بە خۆم گوت هەموو چارەنووسی مرۆڤ، بە درێژایی ژیانی، پەیوەندیی بە یەک ڕووداوەوە هەیە، ئا، تەنیا یەک ڕووداو. ئەوسا بەدەم هێلکەکوڵاندن و گەرمکردنەوەی نان و هێنانی ڕۆنەکەرە، هەوڵمدا بە شوێن ئەو ڕووداوە گرینگەی ژیانی ڕابردووی خۆمدا بگەڕێم. ڕووداوی سەردەمی مێرمنداڵی.
خەیاڵم بۆ زۆر شت چوو: ئەو ساڵەی وا هاوڕێکەم کە تەنیا کۆڵانێک واوەتر دەژیا، نان ڕەوغنی کڕێ و لەگەڵ ماست وەک ناشتا خواردی و من نەمتوانی، ... ئەو ڕۆژانەی بە شوێن پاسکیلی هاوڕێیەکی ترم دا هەڵدەهاتم و هەنسکە هەنسک و شەڵاڵی ئارەق پاڵم پێوەدەنا تەنیا بۆ ئەوەی ڕەحمی بجووڵێ و سەرێکم باتێ، ... ئەو ساڵەی دراوسێکانمان زۆربەیان دەچوون بۆ سەیران و ئێمە نەدەچووین و کۆڵانی بێدەنگ و ساردوسڕی سەرەتای هاوین هەتا ئێوارە منی لە خۆیدا نوقم دەکرد، ... یان ساڵی شۆڕش ئەو کاتەی سەنگەرمان لە گەڵ خەڵکی لە خیابانەکاندا لێدا و کۆکتۆل مۆلۆتۆفمان دروستکرد و کەچی کاتێک شەڕ هەڵگیرسا نەموێرا هەڵیانگرم و بچم لە ناو سەنگەرەی خۆم، خۆم بە مەبەستی تێکشکانی تانکی دوژمن مەڵاس بدەم!
پێستی هێلکەکان لێدەکەمەوە. جارێکی تر هەموو ئەم بیرەوەریانە بەسەر دەکەمەوە. مێشکم زۆر زیرەکانە هەوڵدەدات ڕووداوەکانی تر وەلابنێ. ڕەنگە لەبەر ئەوەی بتوانم سەرئەنجام بە ئەنجامێک بگەم. باشە لەمانە کامیان بوون بە سەرەتایەک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ژیانی داهاتووی من؟
بۆنی ڕۆنەکەرەکە بە سەرو ڕوومدا دێت. بۆنێکی خۆش و هەمیشە تازە. هەرچی دەکەم ناتوانم هیچ کام لەو ڕووداوانە بە هەموو ژیانی داهاتووی خۆمەوە گرێ بدەم. وەها کە یەکیان ببێ بە سەرەتا. بەڕاستی گەر من بمتوانیایە بەیانیەک لەگەڵ ماست نان ڕەوغەنی بخۆم، وەهام بەسەردەهات؟ یان گەر ببوومایە بە خاوەن دووچەرخەیەک ئیتر چارەنووسم جۆرێکی تر دەبوو؟ یان سەیران، گەر من ئەو ڕۆژە هەتا ئێوارە بە تەنیا لە کۆڵان دانەنیشتمایە و بەو گەرمایە لە دەرودیوارم نەڕوانیایە، داخۆ ژیانم بە لایەکی تردا نەدەگەڕا؟ یان، ... یان ساڵی شۆرش، گەر من ئەوەندە ئازا بوومایە و هەر ڕۆژە بە کۆکتێل مۆلۆتۆڤەکانەوە خۆم بگەیاندیانە ناو سەنگەرەکە، ئەو سەنگەرەی قەت کەڵکی لێ وەرنەگیرا و لە ڕاستیدا شەڕ لە شوێنێکی تر لە دەوری سەربازخانەکەی شاردا هەڵگیرسا، من ڕۆژم بە ڕۆژە دەگەیی کە ئیستاکە تیایام؟
بۆنی نانی گەرم لێم دەئاڵێ. هێلکەکان و ڕۆنەکەرەکە بەسەر یەکتردا بە لەتێک نان دەگووشم. خوێیشی پیا دەکەم. نەکا وەها نەبێ و چارەنووس بەرهەمی تەنیا یەک ڕووداو نەبێ، ڕێک وەک ئەم ناشتایە دوو هێلکە و ڕۆنەکەرەی بەسەر یەکتردا تەپیو و تێگوشراو بە نان و خوێوە! ڕۆنەکەرەکە وەها تێکەڵی دوو هێلکەکان بووە کە تەنیا بە تام دەیبینمەوە.
نان ڕەوغەنی، پاسکیل، تەنیایی کۆڵان و سەنگەرەکە دەخەمە پاڵ یەکتر. بە دەم جوینی پارووەوە، چاوەکانم دەقونجێنم و خەیاڵم دیسان دەڕوا. چەندە دەتوانێ لە نێوان دوورترین شتەکانی ژیان، پەیوەندییەک هەبێ کە قەت بیری لێ ناکەینەوە. نەکا چارەنووسی من نەک یەک لەوان، بەڵکوو هەموویان پێکەوە دیاریان کرد، وەک ئەم ناشتایەی بەردەمم؟ بەڵام دیسان لە دەروونەوە شتێک دەڵێ نا وانیە، ... دەڵێ دەبێ هەڵبژێری! یەکیان لەوانی تر گرینگترە. کامیان؟... بە ڕاست کامیان؟
ناوێرم هەڵبژێرم. لەبەر ئەوەی من ئیستاکە پیاوێکی بەتەمەنی گەڕاوەم. هەڵبژاردنەکەیشم درۆ دەبێ. زەمەن، خواستی خۆی هەیە. دەنگ هەڵدەبڕم لێم گەڕێ با هەموویان پێکەوە بن، پێکەوەبوونێک کە لە ناو یەکتردا وندەبن و هیچیان ئیتر وەک خۆیان نین!
لەگەڵ ئەوەی هەموویانم وەک دوو هێلکەکە و ڕۆنەکەرەکە بەسەر یەکتردا پیشاندووەو، ناتوانم هەڵبژێرم و لەناو ڕووداوەکانی ژیانی ڕابردوومدا ماومەتەوە، بەڵام دیسان لەسەر ئەوەم کە تەنیا یەک ڕووداو سەرەکییە. ئا، یەک ڕووداو.
بەڵام کامیان؟[1]