مردووی سەرگەردان
#فەڕۆخ نێعمەتپوور#
'سەرحەت' پێش ئەوەی بمرێ، هەموو شتەکانی، کە زۆریش نەبوون، بە ڕێک و پێکی لە ژوورەکەی خۆی داینان: وێنەکەی لەسەر گۆشەی تاقەکە دانا، ڕادیۆ و زەبتەکەی لە گۆشەی تەنیشت پەنجەرەکە، کتێبەکانی لە ناو ڕەفەی کومێدە بچووکەکە و جل و بەرگەکانی بە قەدی جلگیرەکەدا. دووای ئەوەیش کە مرد، بە دوو سێ هەفتەیەک دوواتر دیسان گەڕایەوە و بە وردی و بۆ دڵنیایی لەوەی کە کەس دەستی لێ نەداون، بەسەریکردنەوە. کە بینی وەک خۆیان ماون، خۆشحاڵ دیسان لە دەرگاکە چووەوە دەرەوە و بەرەو ئەو شوێنەی مردن لەگەڵ خۆی بردبووی، هەنگاوە هەورینەکانی هەڵگرتەوە. ئەو هەنگاوانەی زەوینیان نەدەگرت و بەڵام هەستی مردووانە ڕەقییەکەی ڕادەگواست بۆ ناو جەستەی مردووی. سەرحەت، سەرنجی نەدایە دۆخی پڕ لە ماتەمینی ماڵ و بێ خەیاڵ بەلایدا تێپەڕی.
سەرحەت ئەوەتەی لەبیری دێ، کوڕێکی بەنەزم و بەدیسیپلین بووە و هەمیشە حەزی کردووە شت لەو شوێنەی بێت وا شوێنیەتی. ئەم عادەتە بە مردووییش وازی لێ ناهێنێ.
دڵنیا و خەنی بەرەو دەروازە هەمیشەییەکە ڕۆیشت، بەڵام تا نەگەیشتێ و هەنگاوی نەنایە ناو کۆڵانەوە، نەیزانی چ فیت و بەزمێکی بە خۆی کردووە. هەرچی بیری کردەوە نەیزانی بۆ کوێ دەبێ بڕوا! هەرچی خۆی گووشی و مێشکی هەورینی پێچ و لوول دا و بە پەنجەی ئاماژە بە سەری خۆیدا کێشا، هەر نەهاتەوە بیری.
سەرحەت، سەری لێ شێوابوو. تازە نە ڕێی ماڵەوەی هەبوو و نە ڕێی مەنزڵی تازەی. ببوو بە مردوویەکی سەرگەردان. لەو مردووانەی لەنێوان گۆڕستان و ماڵەوە لە شوێنێک وەیلانن. ئەوانەی کە دەڵێن دەبن بە ڕۆح و، لە کەلێن و لە قوژبنە تاریک و تەریکەکاندا دەژین. ئەو ڕۆحانەی جاری وایە سەر بە شوێن ژیانی زیندووەکاندا دەکەن.
دەبا فێڵێکی بکردایە، ئەگینا بەرگەی ئەم سەرگەردانیەی نەدەگرت و دەفەوتا. ئەو کە حەزی بەوە نەبوو ببێ بە ڕۆح، هەوڵی دا بیر لەو شتانە بکاتەوە وا بە کاتی زیندوویی بیری لێکردبوونەوە. ئەو شتانەی زیاتر لە هەر شتێکی تر لە کاتی ژیانیدا، مەشغەڵەی زەینی بوون و نیشانە سەرەکییەکانی زیندووبوونی ئەویان سەلماندبوو. لای خۆی پێی وابوو ئەمە دیسان سەرلەنوێ دەیباتەوە ڕۆژی مردنەکە و ئیتر لەوێوە ڕێگاکە دەدۆزێتەوە.
دەستی کرد بە بیرکردنەوە. بیری چووە سەر چەندین شت، بەڵام لە ناو هەموویاندا بیرکردنەوە لە ناوەکەی خۆی 'سەرحەت'ی هەڵبژارد. لەبیری دێ هیچ شتێک بەقەد ئەم ناوە ئەوی بە ژیانەوە نەدەبەستەوە و بیر و زەینی ئەوی بە خۆیەوە مەشغوڵ نەکردبوو، بگرە بە درێژایی تەمەنی کە تەمەنێکی کەمیش نەبوو.
سەرحەت لە ڕاستیدا ناوەکەی 'سەرحەد' بوو، بەڵام لە لای زۆر کەس، ئەم پێی وایە بەهۆی لەهجەی تایبەتی زمانی کوردی، دالەکە خۆبەخۆ دەبوو بە 'ت' و هەر بۆیە سەرحەد دەبوو بە سەرحەت. دیارە دوواتر کە سەیری زمانی فارسیشی کردبوو، دیتبووی لە ناو ئەوانیشدا ئەم جۆرە گۆڕینانە بەگوێرەی مەنتقی فۆنۆتیکی زمان هەبوو. بۆیە زۆر خەفەتی لێنەخوارد و وەک ڕاستییەکی تاڵی ژیان وەریگرت.
ئیتر لەهەموو شوێنێ بانگیان لێدەکرد سەرحەت! کاک سەرحەت زەحمەت نەبێ!، کاک سەرحەت ڕای تۆ چییە؟
سەرحەت گیان ئەرێ بۆ ئەوەندە درەنگ دێیتەوە؟
زۆر ڕستەی تریش. هەڵبەت شتەکە هەر بەمە ڕانەدەوەستا و خەڵکی بە شێوازی جۆراوجۆر ناوەکەیان دەگۆڕی. بۆ وێنە تەنەکەچییەکەی ڕاستەبازاڕەکە پێی دەگوت سەرحەو! نەنکی و باوەگەورەی پێیان دەگوت سەرحە. دراوسێکەشیان کە بنەماڵەیەکی یەکجار خوێن شیرین و ڕەزاسووک بوون پێیان دەگوت سەرە. باشییەکەی ئەوە بوو سەرحەت، یاخود سەرحەو، سەرحە یان سەرە قەت خۆی لێ نەدەگۆڕا و بەهەر کام لەم ناوانە بانگیان بکردایە، لایدەکردەوە و زۆر بە ئیحترام و بە ڕێزەوە وەڵامی دەدانەوە. سەرحەت تەنیا لە قوتابخانە بە ڕێکی گوێی لە ناوی خۆی دەبوو، ئەویش کاتێک مامۆستا فارسەکەی بانگی لێدەکرد. وە چەندەیش سەرحەد لە زمانی ئەوەوە ناسک و لە جۆرێکی تر بوو!
سرحد جان! تختەسیاە ڕو تمیز کن!
لەبیری دێ سەرحەتیش چەند بەپەلە دەیسڕییەوە.
هەر چەند دووا ساڵەکانی تەمەنی کتوپڕ بەو ئاکامە گەیشتبوو کە ناسکی، خەسڵەتی سەرەکی زمان نیە و سەرحەت یش بەقەد سەرحەد خۆش دەهاتە گوێ و چ عەیبی نەبوو. لای ئەو سەرحەت لە بەستێنی شێوازی زمانی کوردیدا بەقەد سەرحەد لە فارسی دا خۆش ئاواز دەهاتە گوێ. دەیگوت خۆشی لەراهاتندایە نەک لە لاسایی کردنەوەدا.
سەرحەت خۆشحاڵ بوو لەوەی تەمەنێک ژیابوو کە تێیدا بەجۆرەها شێوە ناویان گۆڕیبوو بە بێ ئەوەی ئەم خۆی لێ بگۆڕێ. شایی بەخۆیدا دەهاتەوە. خۆی زیرەک دەهاتە بەرچاو، بگرە کەمێکیش بەشانس بوو. ئاخر، کەم ناو دەست دەکەوێ ئەوەندە بە شێوازی جۆراوجۆر بگۆڕدرێ. ئەو جاری وابوو خۆی وەک چەندین کەس دەهاتە بەرچاو. چەندین کەسایەتی جۆر بە جۆر. ئەو کاتێ بە کۆڵاندا بەرەو ماڵەوە تێدەپەڕی هەستی دەکرد کۆمەڵێک کەسن پێکەوە هەنگاو هەڵدەگرن بەبێ ئەوەی بۆ یەک جاریش لە ژیانیاندا یەکتریان دوواندبێ.
ئێوارە بوو و کاتی گەڕانەوەی خەڵکی بۆ ماڵەوە. شەقام قەرەباڵغ دەینواند. سەرحەت لە دوورەوە کوڕەکەی بینی کە وەک هەمیشە بە جل و بەرگی ڕەش و چڵکن بە ڕۆن و ڕەشایی ماشین دەگەڕایەوە. کوڕەکەی بەلایدا تێپەڕی، دەرگاکەی کردەوە و چووە ژوورەوە. سیمای خەمی لێدەباری. سەرحەت زانی هێشتا لە خەمی مردنی باوکی دایە و بۆیە ئەوەندە کز و مەلوول و هەناسە سوار دەهاتە بەرچاو. خەمێک، وەک یەکەم خەمی دووای مردن، نیشتە دڵییەوە و زۆر بەزەیی بە کوڕەکەیدا هاتەوە. ویستی بە شوێنی دا بڕوا و پێی بڵێ کە یەکجار ئەوەندەیش نەمردووە و ئەوە نیە گەڕاوەتەوە، بەڵام هەرچی کرد دەستی شانی کوڕەکەی نەگرت و بۆیە دۆش داماو ڕاوستا و سەیری دوورکەوتنەوەی کوڕە ماتەمبارەکەی کرد کە ئێستاکە بە سەر پلیکانەکاندا سەرکەوت و چووە ژوورەوە.
سەرحەت پاڵی بە دیواری تەنیشت دەرگاکەوە نا و هەستی کرد چۆکی دەلەرزێ. تا کتوپڕ بیری کەوتەوە کە پێش ئەوەی شەو بە تەواوی بگات دەبێ شوێنی مەنزڵی نوێی خۆی بیربکەوێتەوە و بیدۆزێتەوە. پاش کەمێک هێنان و بردنی بیری پرێشانی، دیسان بیری بەزمی ناوەکەی خۆی کەوتەوە.
سەرحەت هاتەوە بیری کە بۆ یەکەم جار کاتێک زانی سەرحەت بە مانای سنوور دەهات، لەتەمەنی مێرمنداڵیدا بوو. کە لە قوتابخانە لە ڕیزی مانای وشەکاندا، لە سەر لاپەڕەی کتێبەکە نووسرابوو سرحد: مرز، بە بینینی یەک بەخۆی داچڵەکابوو و بە قووڵی کەوتبووە بیرەوە. کەواتە ئەو شوێنی دابڕکردنی دوو شوێن بوو. جا چ بە 'ت' ێوە یان بە 'د' ێوە. ئەمە پەرێشانی کردبوو. شەو لە ماڵەوە، پاش هێنان و بەرەیەکی زۆر، سەرئەنجام لە باوکی پرسیبوو بۆچی وەها ناوێکیان لێناوە، باوکی لە وەڵامدا بە مۆڕەکەوە وتبووی جا ئەمە پرسیاری بۆچییە، ناو ناوە! هەموو کەس ناوێکی هەیە. ناو ناوە! سەرحەت لەبەر دەرگادا ئەم ڕستەیەی باوکی لەپاش ساڵانی ساڵ، چەندین بار لەبەر خۆیەوە گوتەوە. بەڵام سەیر ئەوە بوو کە یەک دوو مانگێک دووای ئەوە، ئەوەیشی زانی کە شارەکەیان شارێکی سنوورییە و لە ڕاستیدا لە مەرز یەکجار نزیکن. نازانێ بۆ، بەڵام لە دەروونەوە دەنگێک پێی گوت لە نێوان ئەو سنوورە و سەرحەت دا ڕازێکی نهێنی هەیە! ئیتر لەو ڕۆژە سەرحەت هەوڵیدا ئەو ڕازە لای کەس باس نەکا وا خۆیشی هێشتا نەیدەزانی چییە. بە قایمی و بە جوانی لە دلی خۆیدا ڕایگرت هەتا ئەو ڕۆژی زانی ڕازەکە چییە.
راستییەکەی ئەوە بوو کاتێک سەرحەت تەمەنی هەڵکشا و لە بیستەکاندا بوو، ڕۆژیک لە کاتێکدا لە هەمان کۆڵانی هەمیشەییەوە بەرەو ماڵەوە، پێکەوە لەگەڵ سەرحەو، سەرحە، سەرە و، بە بێدەنگی و بە بێ درکاندنی یەک وشە لەگەڵ یەکتر دەگەڕانەوە، کتوپڕ باڵندەیەکی ڕەشی گەورە لە ئاسمانەوە دابەزیبوو، بە چنگە بەهێزەکانی هەر دوو شانی گرتبوو و بە بەزییانە ڕفاندبووی. سەرحەت کەوتبووە پەلەقاژە و هاوارهاواری خۆدەربازکردن، بەڵام نە سەرحەو فریای کەوتبوو نە سەرحە و نە سەرەو، نە یەک دراوسێی نەگبەتیش کە هەر هەموویان لە ژوورەوە خەریکی خۆ ئامادەکردن بۆ خواردنی نانی شەو بوون.
باڵندەکە بردبووی و بردبووی، هەتا سنوور. سەرحەت لە ژێر خۆیەوە چاوی بە لێڕەوار و کێو و شاخە لێڵ و تاریکەکان کەوتبوو. ئەو چەمەیشی بینیبوو کە ئاوەکەی دەڕژایە ئەو دیوی سەرحەتەوە. باڵندەکە هەر کە گەیشتبووە ئەو دیو سەرحەت، لەسەر تاشە بەردێکی زل داینابوو، بەڕەڵای کردبوو و بۆخۆی دیسان بەرەو شوێنی سەرەتای خۆی گەڕابووەوە. ئەو شوێنەی سەرحەت دوواتر ناوی لێنابوو 'نیشتمان'.
سەرحەت سەرەتا وڕ و گێژ لەسەر تاشە بەردەکە تا ڕۆژی دوواتر مابووەوە. هەتا بەیانی لەسەرمادا هەڵلەرزیبوو. پاشان لەگەڵ هەڵاتنی هەتاو، کار و پیشەی بوو بە بینینەوەی ئەو ڕێگایەی ئەوی دەگەڕاندەوە بۆ ماڵەوە. ئەمە زۆریش ئاسان نەبوو، چونکە سەرحەت شوێنێک نەبوو سەرحەت بتوانێ لەسەر خاک بیدۆزێتەوە. بەناچار کەوتبووە پرسیارکردن لەهەر کەسێک دەیگەیشتێ. تا سەرئەنجام یەکێک گوتبووی بەرەو ڕۆژهەڵات بڕۆ! ئەویش بەرەو ئەوێ هەنگاوی هەڵگرتبوو. سەرحەت ئەگەرچی ڕێگاکەی دۆزیبووەوە، بەڵام گەڕانەوەکەی ساڵانی سالی خایاندبوو. ئەوەی ئەو باڵندە ڕەشە زەلامە بە چەند چرکەیەک کردبووی، ئەم دەبا بە ساڵانی ساڵ بیکردایە. هەروەها سەرحەت زانی کە هەندێ ڕستە بە پێچەوانەی کورت بوونیان، بەڵام بەقەدەر مێژوو درێژن.
بەخت یاری بوو و گەڕابووەوە ماڵ. گەڕابووەوە هەمان کۆڵان و هەمان شەقام، ئەگەرچی تازە نە دایکی لە ژیاندا مابوو و نە باوکی، ئەگەرچی زۆربەی دراوسێکان و دووکاندارەکانی ڕاستە شەقامەکە، بە تەنەکەچییەکەیشەوە، مردبوون، ئەگەرچی هێشتا سەرحەو، سەرحە و سەرە و... هەر لەو کۆڵانە مابوون و بە بێ ئەو لەو سالەوە ڕێگای ماڵەوەیان نەدۆزیبووەوە!
لە ژوورەوە دەنگی کاسە و کەوچک دەهاتە گوێ، لەگەڵ دەنگی منداڵەکان کە لەسەر شتێک دەمەقاڵەیان بوو. سەرحەت، بزەیەکی هاتێ. ئیستا ڕێگاکەی دۆزیبووەوە. بەرەو ڕۆژئاوا! ئەو شوێنەی هەموو شتێک دادەچێ. ئەو شتانەی پێش داچوون سەرەتا زەرد هەڵدەگەڕێن، پاشان لەچاو ون دەبن.
رێگاکە لە ڕاستیدا چەند ئاسان بوو. سەرەحەت وەک هەمیشە سەری لە گێژیەتی خۆی وڕدەمێنێ.[1]