لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق، بۆتە دیاردەیەکی باو، کە ساڵانە چەندان جار، لە هەردوو یادی کودەتای چواردەی تەمموزی 1958ی ژەنەرال عەبدولکەریم قاسم لە عێراق و دیسان لە بۆنەی کوژرانی قاسم ساڵی 1963، لە دەیان سایت و پەیج و دیواری تاکیی کەسانەوە، ئاماژە بەو کارە چاک و مەزنانەی عەبدولکەریم قاسم دەدرێت، کە لە ماوەی 5 ساڵی دەسەڵاتی کردبوونی.
دیارە شەڕی قاسم لەگەڵ کورد لە ئەیلولی 1961 و تا کوژرانی، نەبۆتە لەمپەرێک لە یاد کردنەوەی و هەمووان کارەکانی قاسم بەرز دەنرخێنن.
یەکێک لە کارە هەرە بەنرخەکانی وی، دەرکردنی یاسای 117ی چاککردنی کشتوکاڵی بوو، کە زەوی لە دەرەبەگ و ئاغاکان سەندەوە و دای بە جووتیارانی بێ زەوی. هەر ئەمەش بووە هۆکاری بەدیهاتنی (شۆڕشی ئەیلوول) و ئاغاکان بە ڕێبەرایەتی #مەلا مستەفا بارزانی#، دژی ڕیفۆرمی زەوی و دابەش کردنی وەستانەوە.
من لە کاتی پێشمەرگایەتیمدا، دەمدیت کە یاساکە، سەرەڕای جێبەجێ نەکردنیشی، بە گوێگرتن لە دەیان چیڕۆکی جووتیاران، کە چ کاریگەرییەکی قووڵی لەناو جوتیارانی بناری کۆسرەت، بەری مەرگە و پشدەر بە گشتی بەجێهێشتبوو.
شای ئێرانیش، هەر هیچ نەبێت بۆ مانەوەی دەسەڵاتی بنەماڵەکەی. لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستی سەدەی ڕابردوو، تا ساڵانی حەفتاکان، کۆمەڵێک ڕیفۆرمی زۆر گەورەی لە ئێران پیادە کرد، بە ناوی (انقلاب سفید شاە و ملت، شۆڕشی سپی شا و گەل). یەکێک لە بەندەکانی ڕیفۆرمەکە، سەندنەوەی بەشی زۆری زەوی لە خان و زەویدارەکان و حەوزە ئاینییەکانی شیعە بوو، کە بەسەر جووتیارانی بێ زەوی دابەش کران. خاڵێکی دی، بەشداری کرێکاران بوو لە قازانجی کۆمپانیاکانی کاری تێدا دەکەن.
ئێ باشە هەموومان دەزانین کە شا لە دانی مافەکانی کورد سەرکێشی دەکرد و قازیەکانی هەڵواسی، بەڵام #حەسەن زیرەک#ێک، کە هەموو تەمەنی منداڵیی و مێردمنداڵیی خۆی، لای خانەکان بە سەپانی بردبووە سەر، بۆ دڵی بەو دوو ڕیفۆرمەی شا خۆش نەبێت، کە وەک دیارە ساڵێک، یان ماوەیەک پێش تۆمار کردنی گۆرانیەکە بووە.
چەند ساڵ بوو گوڵی هیوای ئێمە بێ بەر بوو تاکو پار تا شاهەنشا لوتفی فەرموو، هەق لەگەڵ جووتیار و کرێکار وەک چۆن ئەوانەی مەدح و سەنای کارەکانی قاسم دەکەن، جاشی وی نەبوون لە دژی شۆڕش، حەسەن زیرەکیش بە مەدح و سەنای کارێکی باشی شا، نەک خودی شا، کارێکی خراپی نەکردووە و هەستی خۆی و هەزاران سەپانی بێ زەوی دەربڕیوە. هەروەک ئاماژەش بە ڕووداوێکی مێژوویی دەکات، کە کاریگەریی قووڵی کۆمەڵایەتی لێ وەدیهاتووە.
تابڵۆکە: دەستکردی ئەردەڵانە (ڕێبوار تاهیر)
[1]