قوربانیی دەستی قوربانیی، لە ڕۆمانی قوربانیی ژمارە 256دا
#یاسین برایم#
کارەسات و ڕووداوە ناخهەژێنەکان و پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و دەیان کارەساتی خوێناوی دیکە، بۆ ئێمەی کورد مێژووی ڕەشن. هەڵەبجە کارەساتێکی پڕ قوربانیی سەدەی بیستەم، ئه و هەندە گەورەیە، جەرگبڕە، ناخهەژێنە، ناوهێنانی تەزووت بە جەستەی دەهێنێت و دونیایێک قوربانییت دێنێتە بەرچاو. ڕۆمانی قوربانیی(1) ژمارە 256، خەمی ئه و شارە و ئەنفالی لە ئامێز گرتووە. خەمەکانی ئاوێزانی یەکتر کردوون. ڕۆمانێک پڕ لە قوربانیی، قوربانیی بێتاوان. ئەگەر ژمارەی ناونیشانەکە لێکبدەینەوە. بەسادەیی هاوکێشەکە ئەمەیه (6 + 5 +2 = 13). دەردەچێت؛ ژمارەیێکی شووم و بەد. تۆ بڵێی ئه و ژمارەیە، ڕێکەوت بێ یان ڕۆماننووس لێزانانە ئەم ژمارەیەی هەڵبژاردووە، وەکوو کۆدێک بۆ میللەتی ئێمە. ئایا بوونی ژماره (13)، نەبوونی بەخت و دەرفەت و هەلە. ژمارەکەمان خستۆتە لیستی ڕەش کە نێوچاوانی ئێمە (13) بیت. دەبێ چارەنووسی کورد، بە د ڕێژایی مێژوو، ماڵوێرانیی و ئاوارەیی و دەربەدەریی و لەناوبردن و گرتن و کوشتن بێ، ئەمە لە بەختی ئێمە نووسراوە. ئەنفال و کیمیابارانکردن و کومەڵکوژیی نەتەوەی کورد لە چ سەرچاوەی گرتبێت. داگیرکردنی شەنگاڵ و دەڤەرەکەی و بە کۆیلەکردنی هەزاران کچ و ژنی ئێزیدیەکان، دەبێ ئەمە لە بەختڕەشی ئەوان بێ یا لە خیانەت و گوێپێنەدان و پشتتێکردنی ئێمە بێ! پرسیارێکە و بەرسڤی جۆراروجۆری لێدەکەوێتەوە. هەر شتێ بێ و بە هەر شێوازێ بێ و هەر کوردقڕانە. بەردەوامبوونی ئه و پرۆسەیه دەبینین، ڕۆژانە وڵات وێران دەکرێت و کورد دەکوژرێت. هێشتا ئێمە کەمترخەمین لە ڕووی ڕووداو و کارەساتە گەورەکان. وەک پێویست نەمانتوانیووە وەکوو جولەکە و ئەرمەن سوود لەم ڕووداوانە وەربگرین و لە ڕێگەی ئەدەب و هونەرەوە نیشانی دونیا بدەین. ڕووداوەکان بەردەوامن و کەمتەرخەمی ئێمەش بەردەوام.
ڕۆمانی قوربانیی ژمارە 256 هەر ئەمە نیشان نادات، کۆمەڵکوژی شارێک کراوە و بووەتە قوربانیی. ئاوڕ لە قوربانیی ئەنفالیش دەداتەوە، کە هەردووکیان دوو تراژیدیای گەورەیی قوربانیین. لە نێو ئه و ڕۆمانە، کارەکتەرێک بەناو و جلوبەرگ و هەڵسوکەوت نێرانە و لە ڕووی بایلۆجییەوە هەرزەکاریکی مێیینە. هەمیشە لە نێو ترس دەگوزەرێنێت و لەبەر ترس ڕادەکات و لە ماڵ و خێزانەوە دەترسێندرێت و لە ناخیشەوە ترسی هەیە لە جەستەی خۆی و هەڵسوکەوت و کۆمەڵگه و دەوروبەر. لە نێو ئه و ژمارە زۆرەی قوربانییانی ئەم شارە، ئەمە نموونەیێکە، چیڕۆکی ئه و ناخهەژێنە. دایکێکی میهرەبان (دایکی ئاسۆ)، لە پرۆسەی ئەنفال بە پەڕجۆی خۆفرۆشێک ڕزگاری دەکرێت و دوای نەمانی هاوسەرە ئەنفالکراوەکەی دەبێتە ژنی عومەری شەهلا. لە کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و لە ڕێگەی ئاو ارەیی بە دووگیانی گیان لەدەستدەدات. ئەمە دەبێتە قوربانی سیاسەتی ڕژێمێکی بۆگەن و مرۆڤێکی هەناو بۆگەنی وەک عومەری شەهلا. لەم ڕۆمانە هەمیشە قوربانییەکان، قوربانیین. بڕوانە:
1- عومەری شەهلا، قوربانی دەستی ڕژێمی بەعس.
2- حەسەنی سمێڵ قیت و دایکی ئاسۆ و قوربانی دەستی عومەرن.
3- ئاسۆ، قوربانیی دەستی دایک و زڕباوک و باپیری.
بەشی هەرەزۆری کارەکتەرەکانی نێو ئه و ڕۆمانە (عومەری شەهلا و باوکی عومەر و حەسەنی سمێڵ قیت و ئاسۆ و دایکی ئاسۆ و سەلماخانم و دایە خەجیجە و سێوەر و ژێهات و هەیاس و هەواسی لانەواز و مەردوخ و …هتد.) هەریەک بە شێوەیێکی جیاواز دەبێتە قوربانیی ئەوی دیکە. لە لایەکی دیکەوە، سیاسەتی پاوانخوازی و نەتەوەپەرستی باڵاش، شارێک نغرۆی مەرگ دەکات و نەتەوەیەک ئەنفال دەکات و هەزاران مرۆڤی بێتاوان دەکاتە قوربانیی سیاسەتی هەڵەکانی خۆیان. لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و کۆمەڵناسییەوە، کەسی خۆفرۆش و جاش و خیانەتکاری وەکوو عومەری شەهلا، بۆ ڕازیکردنی سەرووی خۆی و چەورکردنی گیرفانی خۆی، دۆست و برای خۆی دەفرۆشێت و بە گرتن و کوشتنی دەدات. دەسهەڵات و ڕژێمە بۆگەنەکان ئەوها مرۆڤەکان لەیەکدەکەن و بەریاندەدەنە گیانی یەکتر. حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی عێراق، هەمیشە بە بەرنامە و پیلانی تۆکمە، بە هاوکاری کۆیلە و خۆفرۆش و چاوساغەکانی، هەوڵی لەنێوبردنی کوردیان داوە و بۆ ئەمەش ڕووداوە مێژوویەکان زۆرن. ئەگەر لە دەسهەڵات و ڕژێم و حزبی بەعس بگەڕێین. کە کورد هەمیشە قوربانیی دەستی زوڵم و ستەمی ئه و ڕژێمە بووە. لە لایەکی دیکەوە ئەم زوڵم و ستەمە شۆربوویتەوە بۆ نێو کۆمەڵگە و دابونەریت و خێزان و ماڵ و باوک و دایک و براگەورە و …هتد. هەموو ئەمانەش ڕۆڵیان هەیە لە بەکۆیلەکردن و دەستەمۆکردن و لە قاوغدانی یەکتر. دایکی ئاسۆ و دایکە خەجیجە دوو ژنی بێتاوان و قوربانیی دەستی دەسهەڵات و پیاوێکی خۆفرۆشی وەکوو عومەری شەهلا. ئاسۆ لە ماڵەوە دەبێتە قوربانی دەستی دایک و زڕباوک و باپیری. ئه و وەک کارەکتەرێکی بێدەسهەڵات هەمیشە لە ترس و لەرز و دوودڵی و گومان دەژیت و سوکایەتی پێدەکرێت لە ڕێگەی زڕباوکییەوە. قوربانییێکی دیکەی ئه و قوربانییبوونی بە ڕەگەزی مێیینە و بە کوڕکردنی مێینەی ئەوە. پۆشینی جلوبەرگی پیاوانە و ڕەفتاری نێرانە و وەک ئەوەی کچبوون مرۆڤ نەبێت. حەز و شەهوەت و مێیینە و خەون و ئاواتەکانی دەبێتە قوربانیی خەونی خێزانەکەی. هەمیشە عومەری شەهلای زڕباوکی، وەک کابووس و تارمایی لەگەڵی دەژێت و ترس و خەم و شەرم دەبێتە ناسنامەی ئەو. ئه و لە بەرگێکی پیاوانە دەچەوسێندرێتەوە و لە ژیانێکی دۆزەخانە دەژێت و دەمرێت.
مرۆڤ، کاتێ باسی هەڵەبجە دەکات، یەکسەر خەیاڵی بۆ عومەر خاوەر، مرۆڤە میهرەبانەکەی ئه و شارە دەچێت. وەلێ له و ڕۆمانە هەر لە دەسپێکی ڕۆمانەکەوە، عومەر شەهلایێکی خۆفرۆشت لێت دەبێتە تارمایی و سێبەر بەدواتەوە هەنگاو دەنێت و بەدزییەوە سەیرت دەکات. بۆیە وەک خوێنەرێ دەکەویتە ژیر کاریگەری ئه و و دەبیتە قوربانیی و تۆش وات لێدێت وەک ئه و خراپ بیت. بەدەست خۆت نییە و دڵت ڕقهەڵدەگرێت و ئەگەر بیدۆزیتەوە، بێ سێودوو دەستی بنێتە قوڕگی و بیخنکێنیت و تۆڵەی کارەکتەرەکان و هەڵەبجە و قوربانییەکانی لێبکەیتەوە. وەلێ مرۆڤی وەک ئه و هەمیشە ئامادەییان هەیە و لە نێوماندا دەژن و ئێمە دەکەنە قوربانی خۆیان.
ڕۆمانەکە، هەڵەبجەیە، ڕاکردنە، خۆحەشاردانە، هاوارە، خنکانە، گریانە، ئاوارەبوونە، دابڕانە، زامداربوونە، خوێنە، مەرگە، دۆزەخە، ڕۆژی حەشرە! بۆیە ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکەش، چرکەساتی ئه و ڕووداوەمان بۆ دەگێڕێتەوە. وێنەکان بە جوانی نیشان دەدات، وەلێ ناخهەژێن و تراژیدیان. بینینی ئەم دیمەنانە له فیلیمێکی سینەمایی دەچێت و دەتخاتە نێو ڕووداوە پڕئازارەکان، هاوڕێی خەم و فرمێسکڕشتن.
“لە پشتی ئەم پیکەبە دەرزیت هەڵدابایە بە عەرزی نەدەکەوت. ل41”
“ئێمە تەنیا دەمانتوانی بناڵێنین، هەرچی دەتبینی دەستی بە سکییەوه گرتبوو و ڕای دەکرد و دەیناڵاند، ژن و پیاو منداڵ و مریشک و کەڵەشێر و سەگ و پشیلە و هەر هەموو… ل42 ”
“هەورێکی چڵکن بەری ئاسمانی گرتبوو، گەواڵەی ڕەش دەتگوت پەڕی قەڵەرەشن، مەرگ سواری سەر پشتی شارببوو و ئاوازی ترس و بیمی دەچڕی. ل50”
“ناو کۆڵانەکانی شار پڕ بوون لە تەرمی قوربانییان، هەموویان گرمۆڵە بووبوون و خۆیان وێکهێنابووەوە… ل51”
“مەرگ “عەنەب”یش جوویبوو و دەری دابووەوە، تا چاو بڕی دەکرد تەرمی مرۆڤ بوو. ل93”
“دەنگی تەقینەوە و زرمەی بۆمباکان ئه و ناوەیان هینابووە هەژان و دار و بەرد و گیا و دووکەڵێکی چڕ بەری ئاسمانی گرتبوو…ل129”
بەڕاستیی ئەم ڕۆمانە، ڕۆمانی خەم و گریان و ئاخهەڵکێشان و بەزەیی و سەفەرکردنە بە تونێڵی خوێن و مەرگ، مەرگی مرۆڤە بێتاوانەکان. مەرگی گیانەوەر و سروشت و زەوی و ئاسمان. (2)
ئەم ڕۆمانە، ڕۆمانێکی جوان و شایستەی خوێندنەوەیە. ڕۆماننووس بە سەلیقەیێکی وردەوە دیمەنەکان و ڕووداوەکانی بۆ ئێمەی خستۆتە ڕوو. لە ڕووی هەندێک ڕووداوەوە کەوتۆتە هەڵەوە. با سەرەتا لە قسەیێکی ئاسۆوە دەستپیبکەین، کە دەڵێت: “تا بەرەبەیانی ئاوارەبوونمان، کە ڕێک دەبووە دووساڵ، ئه و مێردی دایکم بوو… ل98”
کارەساتی هەڵەبجە لە 16/3/1988 ڕوویداوە. پێش دوو ساڵ دەکاتە سالی 1986 کە دایکی لە لایەن عومەری شەهلاوە مارەکراوە و کردوویەتی بە ژنی خۆی. دوای ئەوەی لە پرۆسەی ئەنفال و زیندەبەچاڵکردن بە هاوکاری ئه و خۆفرۆشەوە بە فێڵ ڕزگاری دەکات و دەیکاتە ژنی خۆی. واتە ژنەکە لە بنچینەدا کەرکووکییه و لە پرۆسەی ئەنفالی (کەرکووک) یان (گەرمیان) تووشی ئەم ڕووداوە هاتووە. ئەگەر بڕوانینە قۆناغەکانی ئەنفال، کە خۆی لە هەشت قۆناغ دەگرێ. قۆناغی یەکەم لە مانگی شوباتی 1988دەستپێدەکات و لە مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵ لە بادینان کۆتایی دێت. لە قۆناغی سێیەم ئەنفالی گەرمیانە لە 7ی نیسان دەستپێدەکات و لە 14ی نیسان زیاتر لە 20 هەزار مرۆڤ بوونە قوربانیی و زۆرجاریش بە ئەنفالی ڕەش دەناسرێت بە هۆی بوونی قوربانیی زۆر. قۆناغی چوارەم، کە ناوچەی کەرکووک و چەند شار و ناوچەیێکی گرتەوە لە 3/5 تا 8/5 پرۆسەکە بەڕێوەچوو. ڕۆماننووس کەوتۆتە هەڵە و یان شارەزایێکی باشی لە سەر قۆناغەکانی ئەنفال نەبووە. دەبینین دوو ساڵ بەر لە کارەساتی هەڵەبجە، پرۆسەی ئەنفال دەستی پێنەکردبوو. یان داماننا ئەنفالی کەرکووک یان گەرمیان، ژنەکە ڕزگاری بووە. دەبینین ئەم دوو قۆناغە دەکەوێتە دوای کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە. لە لایەکی دیکەوە لە دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ڕۆیشتن و ئاوارەبوون، دیارنەبووە چەند کەس لەم کارەساتە بوونە قوربانیی. کەچی ئه و دەڵێت:
“ئیمە پێنج هەزار و چوارسەد کەس بووین، کە لە نێو سەری هەر یەکێکیاندا، سەد و هەشتا و دوو هەزار درەخت دەبڕدرانەوە. ل124”
“لە ئاسمانی بان سەرمان دەنگی شەقەی باڵی پێنج هەزار و چوار سەد باڵندە دەهات، کە هەموویان بە ڕەوە بەره و هەڵەبجە دەفرین”
بۆیە ئەم زانیارییە بۆ سەرەتای ڕوودانی کارەساتی هەڵەبجە دیارنەکرابوو، دوای ماوەیێکی زۆر، قوربانییانی ئەم کارەساتە بە پێنج هەزار کەس خەڵمێندرا، لەوکاتە کەس نەیدەزانی پێنج هەزار و چوار سەد کەس بوونەتە قوربانیی و دیسان ئەم ژمارەیەش هەر هەڵەیە. مرۆڤ لە ڕاکردن و بەجێهێشتنی شار بوون، هەموو شوێنێک هە ڕ تەرم بوو، ئەم کارەکتەرە چۆن زانی ئەم هەندە مرۆڤە مردوونە. لەم ڕۆمانە ڕوودانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە باس دەکات، ساتی ڕووداوەکە بۆ ئێمە دەخاتە ڕوو، زەمەنی ئەوکاتی ڕووداوەکە. ناکرێ زانیاریی ئێستا و ئامار و داتای ئه و چەند ساڵەی کە باس لە ڕووداوەکە دەکەن بخرێتە ڕوو. لە لایەکی دیکەوە لە کاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە. ئەم کارەساتە لە نێو پرۆسەی ئەنفال دابووە، هێشتا ئەنفال کۆتایی نەهاتووە و چۆن زانرا 182 هەزار کەس بوونەتە قوربانیی.
“هەمووتان سەیری ئەم درەختانە بکەن، کە زیاتر لە سەد و هەشتا و دوو هەزار درەخت دەبن، کە هەر یەکێکیان بە ڕازێکەوە، بە کلیلێکەوە هاتوونەتە ئێرە…ل117”
گریان قوڕگی کاک هەیاسی گرتبوو و بە دەنگێکی نووساوەوە گوتی: “هەمووان بیریانە، کە ئێمە پێنج هەزار و چوارسەد کەس بووین. ل64 “
ئەگەر وەک مێژوو، بە دیدە و بە داتا و بەڵگەنامە و ئامار، سەیری کارەساتی ئەنفال و پرۆسەی ئەنفال بکەین، ئەم ئامارە ڕاستە و بگرە زیاتریشە. بەڵام ئەم زانیارییانە بۆ ئەم چیڕۆکە ڕاست نین، چونکه بەشیکیان ڕووینەداوه. ئه و سات و زەمەنەی چیڕۆکەکەی تێدا دەگێڕدرێتەوە و ئه و ئامارەش بەردەست نەبووە و هیشتا نیوەی پرۆسەی ئەنفالیش دەستیپێنەکردووە. وەکوو ڕووداو، ئەنفال و هەڵەبجە دوو کارەساتی گەورەن لە میژووی ئێمەدا. ڕەنگە ڕۆماننووسیش ئەوەی ویستبێت و ڕووداوی ئەنفال و هەڵەبجە بەیەکەوە ببەستێتەوە و ڕووداوی ئەم چیڕۆکەش وا بخوازێت. بەڵام ئه و ڕاستییەش هەیە، ئه و زۆر سەرکەوتووانە ئه و ڕووداو و دیمەنە ناخهەژێنانەی ئه و سەردەمەمان بۆ دەگێڕێتەوه؛ وەک بڵێی خۆی کێژۆڵەیێکی هەڵەبجەیی بێت، کامیرایێکی لەسەرشان بێت و ئه و سات و ڕووداو و کیمیابارانکردن و مەرگەساتی ئه و شارە و دەڤەرەکەمان نیشان بدات. خەم و ئازار و مەرگەسات و خوێن و هاوار و ناڵەی برینداران و لاشەی بینازی قوربانییان دەخاتە ڕوو. ئه و قوربانییانەی بوونە قوربانیی دەسهەڵاتێکی زاڵم و هۆڤناک.[1]
$سەرچاوە و پەراوێز$
ڕۆمانی قوربانیی ژمارە 256، گەلاوێژ نەزەریان، وەرگێڕانی: ڕێباز مستەفا، چاپخانەی هێڤی، چاپی یەکەم، هەولێر، 2022.
قۆناغەکانی ئەنفالم ئەزبەرکردوون و بۆیە نەگەرامەوتەوە بۆ چ سەرچاوەیێک.