لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامان و لایەنگرانی پارتەکەی لە پارێزگای هاتای لە باشووری تورکیا، #میدحەت سانجار#، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان - #هەدەپە# ڕایگەیاند، ئامانجی تورکیا لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق، زەمینەسازییە بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
میدحەت سانجار لە سەردانەکەی ڕۆژی 12ی ئابی 2022 بۆ پارێزگای هاتای و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە ڕایگەیاند، حکومەتی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات کە لەگەڵ حکومەتی سووریا گفتوگۆی کردووە و ئامانج لەم کارەش زەمینەخۆشکردنە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی نوێ لە باکوور و ڕۆژئاوای سووریا، واتا ئەم دەسەڵاتە بۆ بەردەوامیدان بە سیاسەتی شەڕکردن دژی کورد ئامادەی دیدار و گفتوگۆیە لەگەڵ هەموو کەسێک.
میدحەت سانجار لە درێژەی گوتەکانیدا بۆ ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە ڕایگەیاند: هەمووان ئاشنای سیاسەتی شەڕەنگێزانەی دەسەڵاتی ئاکپارتین. با پێکەوە شکست بە سیاسەتی شەڕەنگێزانەی ئەم دەسەڵاتە بهێنین. ناچارین هەموو خەبات و چالاکییەک بکەین بۆ ڕێگەگرتن لە شەڕ و کوشتار. مەبەستمانە ئاشتی و سەقامگیریی بۆ وڵات بگەڕێنینەوە.
لێدوانەکەی هاوسەرۆکی هەدەپە لە کاتێکدایە، حکومەتی تورکیا لە ڕێگەی دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە هەرێمی عەفرین و سنووری سەرێ کانی و گرێ سپی لە ڕۆژئاوای کوردستان داگیرکردووە و چەند هەفتەیەکیشە تۆپبارانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بۆسەر هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە زیادیکردووە.
هاوسەرۆکی هەدەپە گوتی: ئەم دەسەڵاتە ئاگری شەڕ خۆش دەکات و بە خەرجکردنی سامان و داهاتی وڵات بۆ کڕین و بەرهەمهێنانی چەک، وەبەرهێنان بۆ مردن دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر دەسەڵاتێکی دادپەروەر وڵات بەڕێوەببات، داهات و سامانی وڵات بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانی دابین دەکات. بۆیە سیاسەتی شەڕەنگێزی تەنیا کارەسات و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
رۆژی 11ی ئابی 2022، مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە گوتاری کۆتاییهاتنی 13مین کۆنفرانسی باڵیۆزانی وڵاتەکەی لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، لە کۆتایی ساڵی 2021دا و لە کۆنفرانسێکدا لە سربیا گفتوگۆیەکی کورتی لەگەڵ فەیسەل میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا هەبووە. چاوشئۆغڵو ڕایگەیاند: جەختم لە هەڵوێستی نەگۆڕی تورکیا کردەوە لەبارەی دروستکردنی کەشێکی ئاسوودە و ئاشتیی لە نێوان ڕژێم و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن. ئێمە پاڵپشتیی لە ئاشتیی و ئارامیی نێوان هەردوولایەن دەکەین.
قسەکانی چاوشئۆغڵو کاردانەوەی نەرێنیی لەلایەن بەرپرس و لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لێکەوتەوە. ئەو ڕۆژە خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ناوچەکانی ئەلباب و ئەعزاز و و ئیدلب ئەنجامدرا و لە هەندێک شوێن ئاڵای تورکیا سووتێندرا. [1]