#هەگمەتانە#، گەورە شارێکی شوێنەواریی سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی میدییەکانە، بە گوتەی مێژوونووسی یۆنانی هێرۆدۆت، ئەم شارە لە سەردەمی #دیاکۆ# (727-675 پێش زایین) یەکەمین پاشای ئیمپراتۆری #میدیا# بنیاتنراوە.
هەڵکەوتەی جوگرافیی هەگمەتانە دەکەوێتە ناوەندی شاری #هەمەدان#ی سەر بە پارێزگای هەمەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە سەردەمی پاشا و دامەزرێنەری ئیمپراتۆری میدیا دیاکۆ، شاری هەگمەتانە وەک پایتەختێک بۆ ئەم دەسەڵاتدارییە دامەزراوە. ئەم گەورە شارە شوێنەوارییە لە سەرەتا گوندێک یان ئاواییەکی بچووک بووە لە سەرد گردێکی پان و بەرین، بەڵام دواتر بە فەرمانی دیاکۆ دەست دەکرێ بە درووست کردنی کۆمەڵگەیەک کە پێکهاتووە لە کۆشک، خەزینە و بنکەی سەربازی و حەوت ڕیز شورە بە دەوری شارەکە.
کاتێک دیاکۆ ئەم شارەی درووست دەکات، فەرمان دەدات کۆشکێکی گەورە و پتەو کە پێکهاتووە لە سەدان ژووری جیاواز لە ناوەندی گردەکە درووست بکرێت و بۆ پاراستنی زیاتری کۆشکەکە لە کاتی ڕوودانی جەنگ، بڕیاری دا لە چوار دەوری کۆشکەکە حەوت ڕیز شورە کە هەر شورەیەک لە شورەکەی پێش خۆی بەرزتر بووە درووست بکرێت و لە هەموو بەشەکانی شورەکە بنکەی تایبەتیی چاودێری و سەربازی دابنرێت. بەم شێوەیە هەگمەتانە دەبێتە یەکێک لە گەورەترین و پتەوترین شارە شوێنەوارییەکان لە دونیا کە لەگەڵ شارەکانی ئاتن لە یۆنان و ڕۆم لە ئیتالیا بەراورد دەکرێ.
شاری مێژوویی هەگمەتانە شاکاری بیناسازی و هونەری سەردەمی کۆنە و ئەوە لە دۆزینەوەی پارچە شوێنەوارییەکانی ناو ئەم گردە سەڵمێنراوە. هەگمەتانە خاوەن سیستمێکی ئاوەرۆی کۆنە بە شیوازی ڕاکێشانی بۆری گڵێنە لەژێر خانووەکانەوە. شێوازە بیناسازییە تایبەتەکەی، بە کارهێنانی نەخشی درووست کراو لە زێر و زیو بۆ دیوارەکان و دارە بە کارهاتووەکانی ناو ژوورەکان، سیرامیکی نەخشێنراو لە زیو و زێر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کۆشکەن.
پسپۆرانای بواری زمانناسی ئێرانی لەسەر ئەو بڕوایەدان وشەی هەگمەتانە، ڕیشەی لە وشەی (هەنگمەنت) یان (هەنگمەن) بە واتای ئەنجوومەن دێت، کە ئەویش بە واتای شوێنی گردبووونەوە یان شوێنی یەک گرتن دێت. هەر لە مێژووی درووستبوونی ئیمپراتۆری میدیا (کە بریتییە لە کۆبوونەوە و یەکگرتنەوەی چەندین هۆز و تیرەی کوردی) بۆمان دەردەکەوێت، هەڵبژاردنی ناوی ئەم شوێنەوارە بێ مەبەست و بێ واتا نەبووە. بۆیە دەکرێ ئەم بۆچوونە زۆر ڕاست بێت کە هەگمەتانە واتا شوێنی کۆبوونەوە و یەکگرتن.
هەگمەتانە چەندین سەردەمی مێژوویی گرنگ و بە ناوبانگی ئێرانی کۆنی بە خۆیدا بینیوە، ئەم شارە کە لە سەرەتاوە پایتەختی ئیمپراتۆری میدیا (678-549 پێش زایین) بووە، لە پاش ڕووخانی میدییەکان لەلایەن #ئەخمینییەکان#ەوە وەک پایتەختی هاوینەی ئەم دەسەڵاتدارییە بە کارهاتووە، لە سەردەمی #ساسانییەکان# ئەم شارە درێژەی بە ژیانی ئاسایی خۆیداوە، بەڵام دیار نییە لە ڕووی سیاسییەوە چ ڕۆڵێکی هەبووە.
یەکەم کاری کنەوپشکنینی شوێنەواری بۆ ئەم شوێنەوارە لە ساڵی 1913 کراوە، لەلایەن تیمێکی شوێنەوارناسی سەر بە #مۆزەخانەی لۆڤەر#ی پاریس بە سەرپەرەشتی #شارل فوسی.# هەڵکۆلین بۆ هەگمەتانە لە 10 وەرزی شوێنەواری ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا کۆمەڵێ زانیاری و پارچەی شوێنەواری گرنگ و مێژوویی دەستکەوتووە. چەند سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەنجامی زانستی ئەم هەڵکۆڵینە شوێنەوارییانە هیچ کاتیک بە شێوازێکی فەرمی بە هەبوونی داتا و بەڵگە بڵاونەکراوەتەوە، بۆیە دەکرێ ئەمیش وەک هەولێک بۆ شاردنەوە یان سڕینەوەی مێژووی پڕ شکۆی کورد دابنرێت.
میدییەکان ئیمپراتۆرییەتێکی کورد بوون لە ساڵەکانی 678-549 پێش زایین کە لە ئەنجامی ڕووخاندنی ئیمپراتۆرییەتی #ئاشووری#یەکان، توانیان دەسەڵات بگرنە دەست و بە ڕێکخستن و یەکگرتوویی چەند هۆزێکی کوردی، ئیمپراتۆری میدیا دابمەزرێنن. سەردەمی میدییەکان بە سەردەمی زێرینی مێژووی کورد تۆمار دەکرێت، لەم سەردەمە بۆ یەکەمجار لە مێژوو هەر چوار پارچەی کوردستان لەژێر دەسەڵاتدارییەکی کوردی ڕێکخران و بەڕێوە بردران.
ئامادەکردنی:سارا سەردار
[1]