خۆشەویستی بێ سنور
دەق/ نزار قەبانی
وەرگێرانی: #ڕۆزا حەمە ساڵح#
-1-
ئەی خانمەکەم
تۆ گرنگترین ژن بوویت لە مێژوومدا،
بەر لە ڕۆیشتنی ساڵ.
تۆ ئێستا گرنگترین ژنی
دوای لە دایکبوونی ئەم ساڵ..
تۆ ئەو ژنەیت بە کاتژمێر و بە ڕۆژەکان
هەژمارت ناکەم.
تۆ ئەو ژنەیت
لە میوەی شیعر و
زێڕی خەونەکان
دروست بوویت.
تۆ ئەو ژنەیت
پێش ملیۆنان ساڵ
لە جەستمدا نیشتەجێ بوویت.
-2-
ئەی خانمەکەم
ئەی چنراو لە لۆکە و هەور.
ئەی بارانی یاقوت
ئەی ڕووباری سینە و مەمک
ئەی دارستانی مەڕمەڕ
ئەی ئەو کەسەی وەکو ماسی
لە ئاوی دڵدا مەلە دەکەیت،
وەک پۆلی کۆتران لە چاواندا
هێلن چێ دەکەی،
هیچ شتێک لە
سۆز و
هەست و
ویژدان و
باوەڕم
ناگۆڕێن و
هەر لەسەر ئاینی ئیسلام دەمێنم.
-3-
ئەی خانمەکەم
گرنگی بە ڕیتمی کات و
ناوی ساڵەکان مەدە.
تۆ ئەو ژنەیت لە هەموو کاتەکاندا
هەر بە ژنی دەمێنێیتەوە
هەر خۆشم دەوێیت..
لە چوونە ناو
سەدەی بیست و یەک و
لە چوونە ناو
سەدەی بیست و پێنج و
لە چوونە ناو
سەدەی بیست و نۆدا..
هەر خۆشم دەوێیت
کاتێک
کە ئاوی دەریاش وشک دەبێت و
دارستانەکانیش دەسوتێن.
-4-
ئەی خانمەکەم
تۆ کورتکراوەی
هەموو شیعرەکان و
گوڵی هەموو ئازادییەکانیت.
هەر ئەوە بەسە کە ناوت دەربڕم
تا ببم بە پادشای شیعر و
فیرعەونی وشەکان..
هەر ئەوە بەسە
کە ژنێکی وەک تۆ عاشقم بێ
تا بچمە ناو کتێبەکانی مێژوو
لە پێناومدا ئاڵاکان بەرزبکرێنەوە.
-5-
ئەی خانمەکەم
وەک باڵندە مەشڵەژێ
لە زەمەنی جەژنەکاندا.
هیچ شتێ لە من ناگۆڕێت..
ڕووباری خۆشەویستی
لە ڕۆیشتن ناوەستێ..
دڵ لە لێدانی ناڕێکی ناوەستێ..
کەوی شیعر لە فڕین ناوەستێ..
کاتێ خۆشەویستی گەورە بێت و
خۆشەویستەکەت مانگ بێت
ئەوە ئەم خۆشەویستیە ناگۆڕێت
بۆ بارە پوش و ئاگر بیخوا..
-6-
ئەی خانمەکەم
هیچ شتێ نییە
چاوەکانم تێرکات
نە ڕۆشنایی و
نە شتە ڕازێنراوەکان و
نە زەنگی جەژن و
نە درەختی کریسمس.
نە شەقامم لا گرنگە و
نە باڕ بۆ من هیچ مانایەکی هەیە.
نە ئەو قسانەیش کە لەسەر
کارتی جەژناندا دەنووسرێن
بۆ من هیچ بەهایەکیان هەیە.
-7-
ئەی خانمەکەم
کاتێ زەنگی
مەزارگە پیرۆزەکان لێ دەدات
تەنها دەنگی تۆم لە یادە.
کاتێ لەسەر
پەڕەی گژوگیاکان دەنوم
تەنها بۆنی تۆم لە یادە.
کاتێ بەفر بەسەر
جلەکانمدا دەبارێت و
گوێم لە دەنگی دارانە،
تەنها ڕوخساری تۆم لە یادە.
-8-
ئەی خانمەکەم
ئەوەی دڵخۆشم دەکا
کە وەک چۆلەکەیەکی ترساو
خۆم لەنێو برژانگەکانتدا
وێک بێنمەوە.
-9-
ئەی خانمەکەم
ئەوەی شاد و سەرسامم دەکا
پێنووسێک
لە پێنووسەکانتم
پێبدەیت..
لە باوشی بگرم و
وەک منداڵان
بەدڵخۆشییەوە بنووم.
-10-
ئەی خانمەکەم
ئەوەی دڵخۆشم دەکات
لە تاراوگەمدا
ئاوی شیعرم بگوشم و
لە شەرابی ڕاهیبان بخۆمەوە.
ئەوەی بەهێزیشم دەکات
ئەو کاتەیە کە دەبمە
هاوڕێی مرۆڤ و ئازادیی.
-11-
ئەی خانمەکەم
چەند خۆزگەی ئەوەم دەخواست
لە چاخی ڕۆشنگەری و
لە چاخی وێنەگرتن و
لە چاخی پێشانگەکاندا
خۆشم بویستبای.
چەند خۆزگەی ئەوەم دەخواست
کە ڕۆژێ لە فلۆرنسا
یا لە قورتەبە
یا لە کوفە
یا لە حەلەب
یا لە ماڵێ لە ماڵەکانی شام
بمبینیبوای.
-12-
ئەی خانمەکەم
چەند خۆزگە بەوە دەخوازم
بەرەو وڵاتێ سەفەر بکەین
گیتار تێیدا حوکم بکات.
لەو شوێنەی
کە خۆشەویستی
بەبێ شورا و
وشەکان بەبێ شورا و
خەونەکانیش بەبێ شوران.
-13-
ئەی خانمەکەم
خۆت بە ئایندەوە سەرقاڵ مەکە.
ئەی خانمەکەم
سۆزم بۆت بەهێزترو پتەوتر
لە جاران دەمێنێتەوە.
تۆ ئەو ژنەیت کە
لە مێژووی گوڵ و
لە مێژووی شیعر و
لە یادگەی زنبەق و ڕەیحانەدا
دووبارە نابیتەوە..
-14-
ئەی خانمەکەم
لەم ڕۆژگارەدا
جیهان بە هیچ شتێ
سەرقاڵم ناکات، جگە لە تۆ
تۆ خانمی یەکەم و
دایکی یەکەم و
رەحمی یەکەم و
خووی یەکەم و
هەوەسی یەکەم و
ڕزگارکەری یەکەممی
لە زەمەنی لافاودا.
-15-
ئەی خانمەکەم
ئەی خانمی یەکەمی شیعر،
دەستی ڕاستتم بدەیە
با خۆمی تیایدا حەشاردەم..
دەستی چەپتم بدەیە،
با تیایدا نیشتەجێ بم.
دەستەواژەیەکی خۆشەیستیم
پێ بڵێ، با جەژنەکان دەستپێبکەن. [1]