بابەت؛ وتار
نووسین: د. #عەبدوڵڵا پەشێو#
مەترۆشکە چەند بووکەڵەیەکی چینچینی دارینە، وێنەی مرۆڤێکی لەسەرە، ژن یا پیاو، ناودار یا کەسنەناس، بە جلوبەرگی ئاڵوواڵای میللییەوە. بچووکترین بووکەڵە لە ناوەندێ و گەورەترینیش لەدەرەوەیە، واتا، هێلانە لەناو یەکتر دەکەن.
مەترۆشکە، مەگەر زەبرێکی کوشندەی وێ بکەوێ، ئەگەرنا، لە شاخێکی هەزاربەهەزاریش هەڵیدێرن، هەر چینی سەرەوە و دەرەوە ئازاری پێ دەگا، ئەوەی ناوەندێ تەقەی سەری دێ!
هەرچەندی لە مەترۆشکەی ڕووسی ورد دەبمەوە پارتخێلەکانی کوردستانم دێنە بەر چاو. ئەوان کتومت مەترۆشکەی ڕووسین: چین لەسەر چینن!
چینی یەکەم، واتا ئەوەی ماکەکەیە و دەکەوێتە ناوەڕاست، خێزانێکە یان بەرەبابێک. ئەم چینە، ئەگەرچی بچووکترینە، بەڵام تێرترین و پارێزراوترین و ئاسوودەترینە. ئەم بووکەڵەیە، بەو قەبارە بچووکەی هەیەتی، ناتوانێ بەرگەی سەرما و گەرمای ڕۆژگار بگرێ، ئەگەر زرێیەک، بەرگێک، سەرپۆشێکی نەبێ دایپۆشێ و بیپارێزێ.
بووکەڵەی دووەم لە گەمەی حیزبحیزبێنەدا لە تێکەڵەیەکی تەفرەدەری پارت و خێڵ پێک هاتووە، کە لە ڕاستیدا نە ئەمیانە، نە ئەویان. هیچیان نییە و هەردووکیشیانە، ئەمەیان، کە چینی دووەمی مەترۆشکەیە، بریتییە لە خزم و هاوتیرە و هاوگوند، ئەوانەی بۆ جێبەجێکردنی هەر کار و فەرمانێکی بووکەڵەی ناوەندێ، ملیان لە موو باریکترە. ئەم بووکەڵەی دووەمە، تا ئەو جێیەی لە خزمەتی بووکەڵەی ناوەڕاستی یەکەمدایە، نە لە خەباتی خوێناویی درێژخایەندا ئازارێکی کاریگەری پێ دەگا، نە لە قۆناخی دەوڵەتداریدا حیساب و کیتابی لەگەڵدا دەکرێ.
بۆ ئەوەی بووکەڵەی ماک، تەوەرە و دینامۆی بچووکی ناوەندێ (ماڵباتی سەرۆک و سکرتێر و شڕوشاڵاتی دی) دڵنیاتر بێ و وەیشوومەیەکی کتوپڕ خەوی موبارەکی نەزڕێنێ، بە چینی دووەم بڕی ناشکێ، چینی سێیەمیشی دەوێ، تا بیکاتە زرێ و سەردڕی پارتخێڵەکەی.
چینی سییەم سیمای دەوڵەت و ڕواڵەتی شارستانی دەداتە هەموو مەترۆشکەکە: فەوجی وەزیران، بەتالیۆنی ڕاوێژکاران، ئەندامانی مەڕلەمان، بزنێسکارانی دەستوپێسپیی بەوەکالەت(دەخیلەکانی بووکەڵەی یەکەم).
چینی چوارەمی مەترۆشکە، کاریگەرترین و ترسناکترینە، چونکە دەکەوێتە نێوان هەر سێ چینی بەرایی و چینی هەرە سەرەوەی مەترۆشکە. لێرەوە ڕۆلی هەندێک نووسەر و هونەرمەند و دەمگەرم و دیواندڕ و میکرۆفۆنباز و شاشەدۆست و گەورەبندیواران دەست پێ دەکا. ئەمانە دەبنە چینی چوارەمی مەترۆشکە و نەک هەر هەموو خەوش و تاوانی چینی یەکەم و دووەم و سێیەم لە چینی شەقخۆری سەرەوە دەشارنەوە، بەڵکوو تیفتیفەیان دەدەن و دەشیانخەمڵێنن. ئەمانە بۆ چینی یەکەم و دووەم و سێیەم تاژیی ڕاو و تەپکە و داون. ئەمانەن وا دەکەن چینی پێنجەم، کە خەڵکە پاک و چاکەکەیە، ببێتە سەردڕی ماترۆشکە و شەقخۆری پارتخێڵ.
ماک (لەم دەقەدا): چاوگ و بنچینەی هەر شتێک.
سەردڕ: ئەو کەوڵە یا ئەو بەروانکەیەی کەسانی وەک ئاسنگەر و هی تر بەکاری دەهێنن بۆ پاراستنی جلوبەرگی بنەوە لە دڕان و پیسبوون.
زرێ: زرە، کاڵایەک بوو لە زریزەی ئاسن دەتەنرا، جەنگاوەران بۆ خۆپاراستن لە بەریان دەکرد. [1]