ناو: سلێمان
نازناو: سلێمان بەگ دەرگەڵەیی
ناوی باوک: سلێمان بەکرخان
ڕۆژی لەدایکبوون: 1898
ڕۆژی کۆچی دوایی: 1974
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #دەرگەڵە# ی شارەدێی #وەرتێ#
شوێنی کۆچی دوایی: گوندی دەرگەڵە
$ژیاننامە$
سلێمان بەگ دەرگەڵەیی ساڵی 1898 لە گوندی دەرگەڵەى سەربە شارەدێی وەرتێ لە شارۆچکەی #ڕواندز# لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، پێش چوونی بۆ یەکێتی سۆڤیەت دوو ژنى هێناون و خێزانی یەکەمی بەناوی عائیشە فەتاح حسێن خاوەنی یەک کوڕ و سێ کچ بوونە بەناوەکانی مەت سلێمان لەدایکبووى 1932، سعادەت سلێمان لەدایکبووى 1936، عزەت سلێمان لەدایکبووى 1937 و نازلی سلێمان لەدایکبووى 1940، خێزانی دووەمی بەناوی حەلیم وسو عەزیز بووە و خاوەنی سێ کوڕ بوونە بە ناوەکانی شەوقی سلێمان لەدایکبووى 1936، سەڵاحەددین سلێمان لەدایکبووى 1939 و شێرزاد سلێمان لەدایکبووى 1945، لە یەکێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسەری لەگەڵ نینا پێکهێناوە. زمانەکانی کوردی، عەرەبی، تورکی و ڕووسی زانیوە.
$خەباتنامە$
سلێمان بەگ دەرگەڵەیى ئەفسەر بووە لە سوپای ئێڕاق و لە سەربازی هەڵاتووە، ساڵی 1944 پەیوەندی بە ڕێزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە و لە شەڕەکان بەشداربووە، بەم هۆیەوە لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە. لە ڕێکەوتی 11 تشرینی یەکەمی 1945 لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێکەوتی 31 ئاداری 1946 لە هێزی بارزان-ى سەربە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان پێشمەرگە بووە. لە ڕێکەوتی 29 نیسانی 1946 بەشداری شەڕی قاراواى کردووە بە سەرپەرشتی خدر سلێمان بەگ لە ناوچەی سەقزى ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان بەشداریی شەڕی نەغەدە و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ #مستەفا بارزانی# لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە.
لە ڕێکەوتی 28 ئایاری 1947 لەسەر داوای میرحاج ئەحمەد بەشداری کۆبوونەوەى گوندی جیرمێى کردووە. لە 19 کانوونی دووەمی 1948 لە کۆنفرانسی گشتی باکۆ کە نوێنەری کوردانی ئێڕاق و ئێرانى لێبوو، بووە ئەندامی سەرکردایەتی سیاسی لە باشووری کوردستان.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، شێخ حسێن لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان.
بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی کردووه، ساڵی 1974 لە گوندی دەرگەڵە کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێش بەخاک سپێردراوە. [1]