$چۆن لە کۆنکریتکردنی مەلەوانگەیەک تێبگەین؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
سەروەختی خۆی ڕوحوڵا خومەیینی دەیگوت: زانکۆ دێنین بەڵام بەشێوازێکی ئیسلامی و تەنیا ڕێگا بە دیوە باشەکەی دەکەین بێت، بێئەخلاقیی و خراپییەکەی فلتەر دەکەین ناهێڵین بێت. بێخەبەر لەوەی زانکۆ دامەزراوەیەکە بە یەک پاکێج چاکە و خراپەکەی پێکەوە دێنە ناوتەوە. ئەمڕۆ لە ئێراندا زۆرینە دژە بەو بەها چاکانەی خومەیینی کاری بۆ دەکردن. تاڵیبانیش لە ئێستادا هەمان مۆدڵ دووبارەدەکاتەوە، بەڵام بە شوناسێکی سوننییەوە. کارگە و زانکۆ و فڕۆکە و هۆتێلی دەوێ، بەڵام ئازادی کار و کرانەوە و مافەکان زەوت دەکات.
دوێنێ لە دەڤەری بارزان ڕووداوێکی هاشێوەی ئەم میتۆدە لە بیرکردنەوە پەیامی پشت ڕووداوەکە هاوشێوەیە دووبارە بوویەوە. مەلەوانگەیەکی نێو هۆتێلێک بە کۆنکریت پڕکرایەوە، تەنیا بەهۆکاری ئەوەی دوو کچی هەرزەکار مەلەیان تێدا کردووە.
ئەو پەیامەی کە بەمن گەیشت لەم ڕووداوی کۆنکرێت کردنەدا ئەوەبوو ئێمە هۆتێلی پێنج ئەستێرە دێنین بەڵام بێئەخلاقییەکەی نا. لەکاتێکدا ئەستێرە و هۆتێلیش بەرجەستەترین دیوی کرانەوەی پۆست مۆدێرنیتە و لیبرالیزمن، یان لە ئەساسەوە نایەن یا پێکەوە دێن.
دۆستان ئێمە دەبێت تێبگەین هۆتێل میوەیەکە لە میوەکانی مۆدێرنیتی و لە لیبرالیزمدا دەگاتە ترۆپکی ئازادییە بێسنوورەکانی خۆی. ئەم جۆرە دامەزراوانە یان نابێت ڕێگا بەهاتنیان بدەیت یا کە هاتن بەیەک پاکێج دێن. تۆ ناتوانی فلتەری ئازادی خەڵک بکەیت، بەتایبەتی کاتێک خۆت ڕێگا بە هاتنی دەدەیت.
بە حوکمی ئەوەی خۆم کەسێکی کۆسزەرڤاتیڤم، لەو خەمە تێدەگەم کە کەسانی کۆنسەرڤاتیڤ تێیدان و سیستمی بیرکدنەویان تێدەگەم. بەدڵنیایی کۆمەڵگای ساخ جێگای هەردوو بەرەکەی تێدا دەبێتەوە بە بێ بەریەکەوتن. بەڵام کاتێک ئەم هێزە کۆنسەرڤەتیڤە دێت دەیەوێت هەژموونی خۆی بسەپێنێت، ئیدی کارەسات دەستپێدەکات و لە کۆنسەرڤاتیزمەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی ئوسوڵی فەندەمێنتاڵ. ئەو سەرەتا خۆی دێت شوێنێک کە خۆی بە گوێرەی پێوەرەکانی لیبرالیزم درووستی کردووە و لە بەردەم کونسوڵخانە ئەوروپییەکاندا شانی پێوە بادەدا، دواتر فەندەمێنتاڵیزم ختوکەی دەدات و دەیخاتەوە دۆخێکی سایکۆلۆژی وا کە هەست بە تاوانی تێدا بکات، دێت پەشیمانە لە بەشێکی ئەوەی کردوویەتی و بە کۆنکریت پڕی دەکاتەوە، ئیدی شتێکی نامومکینە ئێمە نەترسین لە دووبارەبوونەوەی هەمان ئەزموونی خومەیینی و کرانەوە موزەیەفەکانی مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم ناوچەیە.
لانی کەم دەکرا هۆتێلەکە دابخرێت، ڕیگا بە مەلەکردن نەدرێت، سزا بدرێت، نەهێڵدرێت جارێکی دیکە ژنان لەو مەلەوانکەیە خۆیان ڕووتبکەنەوە، تەنانەت تەواوی بیناکە بڕوخێندرێت و شوێنەکەی بکرێتەوە بە دارستان، بەڵام پڕکردنەوەی مەلەوانگەیەک بە کۆنکرێتێکی ڕەق ئاماژەیەکی زۆر ترسناکی بەرە کۆنسەرڤاتیڤەکەی نێو حوکمڕانی کوردییە بەڕووی کرانەوە وئازادییەکاندا. کۆنکریت کردنی ئەو مەلەوانگەیە پەشیمانبوونەوەی نیوەی ڕێگایە بەڕووی لیبرالیزم ئازادییەکانیدا، قەبوڵنەکردنی واقیعی ڕۆژە وەک ئەوەی کە هەیە و درووستکردنی واقیعێکە وەک ئەوەی میزاجێکی تێکەڵە لە لیبراڵیزم-خێڵ-فەندەمێنتاڵییزم دەیهەوێت، هەڵهاتنە لەو دونیا نوێیەی کە خۆیان سەرەتا نوقڵانەیان بۆ لێدەدا. گەڕاندنەوە شەرابە بۆ بەرسیلە. ئەو ڕاوێژکارەی ئەم ڕاوێژەی داوە لە ئەلیف بێی سیاسەت و کۆمەڵناسی و دۆخی سایکۆلۆژیای دەستەجەمعی کۆمەڵگا گەشەنەسەندووەکان تێنەگەیشتووە.
پەیامی پشت پڕکردنەوەی مەلەوانگەکە وەک کۆنکرێتەکە ڕەق و توند و بکوژە. زەنگی یەکەمی ڕووبەڕووبوونەوەی بەرە ڕیفۆرمخوازو کراوەکەی حوکمڕانی کوردی بە گشتی و پارتی بە تایبەتی لێیدا. [1]