$رۆژهەڵاتی فورات، کەتوارێکی نوێ!$
#حسێن عومەر#
#29-08-2019#
ڕۆژی چوارشەممە 22ی ئاب یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG بە چەکە قوورسەکانیانەوە لە سەرێکانی کشانەوە، هەروەها ڕۆژی شەممە 24ی ئابیش یەکەم گرووپی یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سووریای دیموکرات HSD لە گوندی عدوانییە ( 35 کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای سەرێکانی) کشانەوە کە ئەو ناوچەیە لە سنووری ئەو ناوچەیەدایە کە ڕێککەوتنی ئەمریکی –تورکی بۆ دانانی میکانیزمی هاوبەش دەیگرێتەوە. دوای ئەوەش ئەم هێزانە بە چاودێری مەیدانیی ئەمریکی و چاودێری ئاسمانی هاوبەشی ئەمریکا-تورکیا، خەندەقەکانیان پڕکردەوەو ڕێبەند و بەربەستە ئەمنییەکانیان لادا. ڕۆژی 25ی ئابیش هێزی ئەمریکی و تورکی یەکەم دەوریەی وشکانی هاوبەشیان لە ناوچەی دیاریکراوی نێوان سەرێکانی و گرێسپی بە درێژایی 88 کیلۆمەتر و قوڵایی 5-14 کیلۆمەتر ئەنجامدا.
ئەم پێشکەوتنە مەیدانیانە لە ڕۆژهەڵاتی فورات هاوکاتە لەگەڵ پێشکەوتنی مەیدانیی لە ناوچەکانی باکووری حەماو باشووری ئیدلب کە ئەمانە بە چوارەم ناوچەی ئارامکردنەوە ناودەبرێت کە هەرسێ وڵاتی ڕووسیا-تورکیا-ئێران لە دانووستاندن و ڕێککەوتنەکانی ئەستانا لەسەری ڕێککەوتوون. ئەگەر هێزەکانی سووریا کە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە پشتگیری دەکرێن دەست بەسەر شاری خان شیخۆنی ستراتیژی بگرن لە باشووری ئیدلب (70 کیلۆمەتر) لەسەر ڕێگەی نێودەوڵەتی M5 ، کە شاری حەلەب بە حەماوە دەبەستێتەوە، ئەگەری فراوانکردنی ئەمە بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ناوچەکانی دەوروبەری باکووری پارێزگای حەما هەیە، کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتی هەیئەی تەحریری شام (بەرەی نووسرەی جاران) و هاوپەیمانەکانیان دابوو لە گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا.
ئەم دوو پێشکەوتنە کە هاوکاتن، واقیعێکی نوێ بۆ قەیرانی سووریا بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی فورات بەتایبەتی درووستدەکەن. هەندێک لە ئەنجامەکانیشیان بەیەکداچوون و پەیوەستن بەیەکترەوە.
$لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی فورات:$
ئەگەر لەنێوان ئەمریکاو تورکیا ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی ئەمنی بکرێت ( کەئەمە ناولێنانی ئەمریکییە کە تورکیا بە ڕێرەوی ئاشتی یان ناوچەی ئارام ناوی دەبات) ، ئەمە دەبێتە هۆی ڕێگە گرتن لە هێرشی تورکیا بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵای فورات، لە هەمانکاتدا هەڵوێستی ئیدارەی خۆسەر و هێزە سەربازییەکانی سووریای دیموکرات (بەشە کوردییەکەی) لاواز دەکات. لەگەڵ دوورخستنەوەی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە ناوچە سنوورییەکان، هەڵوێستیان لە بەرژەوەندی یەکە عەرەبییەکان لەناو هێزەکانی سووریای دیموکرات لاوازتر دەبێت کە ئێستا ژمارەیان لە زیادبووندایە و لەلایەن ئەمریکاوە باشتر چەکدار دەکرێن و زیاتر پشتیوانی هەندێک وڵاتی کەنداویش لەپێش هەمووشیانەوە سعودییەیان پێدەگات. هەروەها نەمانیان لە ناوچەکانی سنووری سووریا لەگەڵ تورکیا، لە هەر دانووستانێکدا کە ئەگەر بکرێت لەگەڵیاندا ( ئەگەر ئیدارەی خۆسەر بژاردەی ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی سووریا گرتەبەر) هەڵوێستیان بەرانبەر حکومەتی سووریا لاواز دەکات. بۆیە دەشێ ئیدارەی خۆسەر یاری بەو کارتە بکات بۆ هەندێک دەستکەوت لە حکوومەتی سووریا سەبارەت بە دەسەڵاتەکانی ئیدارەکەی.
لەلایەکی دیکەوە لێکتێگەیشتنی ئەمریکا-تورکیا و، جەختکردنەوەی ئەمریکا لەسەر ئەوەی کە بەردەوام دەبێ لەسەر هاوکارییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات و هەوڵە ئەمریکی و ئەوروپاییەکان لەپێناو بەرپاکردنی پڕۆسەیەکی سیاسی کە ببێتە هۆی داڕشتنەوەی ئەو ئیدارەیەی لە ڕۆژهەڵاتی فورات هەیە، دەبێتە هۆی تەسککردنەوەی ئەو پەراوێزەی هەیە لە بەردەم حکومەتی سووریا کە جورئەتی نەدەکرد بەهۆی بوونی هێزەکانی نەمریکاوە پەلاماری ڕۆژهەڵاتی فورات بدات.
هەندێک زانیاری هەیە کە یەکێک لە بەندەکانی ڕێککەوتنی ئەمریکا-تورکیا ئەوە لەخۆدەگرێت کە ئەمریکا پەیمانی داوە بەدەرکردنی کادیرە غەیرە سوورییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK لە ڕۆژاوای کوردستان. ئەمریکا ئیدارەو فەرماندەی سەربازیی ئیدارەی خۆسەری ئاگادار کردووەتەوە لەو بڕیارە کە دەبێ ئەمساڵ (2019) پابەندی ئەو بڕیارەبێت. هەروەها پڕۆژەی ئەمریکا-ئەورووپا هەیە بۆ گواستنەوەی ئەو ئیدارەیەی کە هەیە بۆ ئیدارەیەکی گشتگیر کە هەموو هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لەخۆبگرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی کۆتایهێنان بە مۆنۆپۆڵی پارتی یەکێتی دیموکرات PYD لەسەر ئەم ئیدارەیە لەڕووی سیاسی و سەربازی و ئیدارییەوە. دەستپێشخەرییەکی فەرەنسی هەیە بۆ لەیەک نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان لە هەمان چوارچێوەدا و بە ڕەزامەندی ئەمریکا.
ئەگەر بڕیاری دەرکردنی کادیرە ناسوورییەکانی PKK جێبەجێبکرێت، دەکرێت ڕەنگدانەوەی ئەمنی لەسەر هەرێمی کوردستان هەبێت، بەتایبەتی ئەگەر ناکۆکی لەگەڵ PKK هەبێت، دەکرێت ئەوان ئەو هێزە بەکاربێنن (کە لەساڵانی ڕابردوودا لە سووریا لە ڕێگەی ڕاهێنانی ئەمریکییەکان شارەزاییان بەدەستهێناوە) بۆ بەهێزکردنی PKK لە ناوچەکانی باشووری کوردستان و بەتایبەتی ناوچە جێناکۆکەکان لەگەڵ بەغدا، بەتایبەتیش شنگال.
$مەترسییە ئەمنییەکان لە ڕۆژهەڵاتی فورات$
جگە لە ڕێککەوتنی ئەمریکا-تورکیا سەبارەت بە ئاساییشی سنوور، پێشکەوتنی ئەمنی لە ناوچەکانی ڕۆژاوای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی فورات هەن کە دەبنە هۆی هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە. زانیاری هەیە لەسەر ئەوەی کە هەندێک لە شانە خەوتووەکانی داعش لە ناوچەی شەدادی (60 کیلۆمەتر باشووری حەسەکە) و ناوچەی هۆل هەن ( کە کامپێکە زیاتر لە 70 هەزار کەس لەخۆدەگرێت کە زۆربەیان خێزانی چەکدارەکانی داعشن و ژینگەیەکی هاوسۆزە لەگەڵ ڕێکخراوەکەدا) ئەمەش وایکردووە ببێتە هێزێکی ڕێکخراوی چەکدارکراو. هەروەها ئێرانیش هێزی هاوشێوەی حەشدی شەعبی لە هەندێک گوندی دەوروبەری شاری قامیشلۆ، شارە گەورەکانی ڕۆژاوای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی فورات درووستکردووە.
لە قووڵایی عەرەبی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات هەستی دژەکورد لەنێو ڕیزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات گەشە دەکات. لەلایەکی دیکەشەوە ژمارەی پەلامارەکان کە هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەنە ئامانج لە زیادبووندایە کە لەوانەیە هەندێکیان لەلایەن شانەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بکرێن. ئەمە جگە لەوەی کە شانەکانی داعش لە ناوچەکدا گەشەیان کردووە. هەموو ئەم ڕاستییانە مەترسی تێکچوونی ئەمنی فراوانیان لە ناوچەکەدا لێدەکرێت کە لەوانەیە سەر بکێشێت بۆ جەنگێکی نەتەوەیی کە کورد بکرێتە ئامانجی سەرەکی.
$ئەنجام$
گومان لەوەدا نییە کە پێشهاتەکان لە سووریا بەگشتی و لە ڕۆژهەڵاتی فوراتیش بەتایبەتی، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، هەربۆیە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەیی و نێودەوڵەتی، کرانەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو لایەنانە کە پەیوەستن بە قەیرانی سووریاوە پێویستە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پێویستە پەیوەندی لەگەڵ یاریکەرە سەرەکییەکانی پەیوەست بە دۆسیەی سووری چڕبکرێنەوە بۆ دوورخستنەوەی ئەو هەنگاوانەی کە زیان بە هەرێمی کوردستان دەگەیێنن (بۆ نموونە: گەیشتنی هێزەکانی تورکیا لە چوارچێوەی ناوچەی ئارام بۆ خاڵەکانی پەڕینەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لەگەڵ ڕۆژاوای کوردستان و ناوچە عەرەبییەکانی ئێراق) . هەروەها پێویستە بچینە ناو هەوڵە ئەمریکی و ئەوروپاییەکان لەپێناو نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان لە یەکتری بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئیدارەی ئێستا و کارکردن لەسەر بەشداریپێکردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی و لایەنەکانی دیکە . ئەمە دەبێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتی تاکحیزبی و درووستکردنی ئیدارەیەکی فرەلایەن. بێگومان بەوشێوەیە پەیوەندی باشتری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەبێت وەک لەو پەیوەندییەی کە ئێستا هەیە. درووستکردنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری دەبێتە هۆی گەڕانەوەی لانی کەم بەشێک لە ئاوارەکانی کورد لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ڕۆژاوای کوردستان و دەبێتە هۆکارێک بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گۆڕینی دیمۆگرافی لە دژی کورد. ناکۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئیدارەو پارتی دەسەڵاتداری ڕۆژاوا، دەرفەتی بەکارهێنانیان بۆ دژایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات و دەبێتە هۆی پاڵپێوەنانی جەماوەری لە ڕۆژاوای کوردستان دژی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان. ئەو پێگە جەماوەرەییەی کە تائێستاش پشتیوانییەکی مێژوویی بۆ هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی هەبووە و هەیە. ئەم ئیدارەیەی ئێستای ڕۆژاوای کوردستان نوێنەرایەتی یاخود (حوکمڕانی) ئیرادەی نیوەی دانیشتووانی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان دەکات. لەبەرئەوە هەڵەیە کە بکرێنە دوژمن.
وا دەردەکەوێت کە دەوڵەتی سووریاش دەبێتە بەشێک لە چارەسەری قەیرانی سووریا. هیچ ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی ڕاستەقینەش بۆ لابردنی نەبووە. چونکە ئەمە دەبێتە هۆی ڕادەستکردنی دەسەڵات بە زۆرینەیەکی سوننی کە لەژێر کاریگەریی بیرکردنەوەیەکی ئایینیدایە. هەروەها دەبێتە هۆی درووستکردنی سیستەمێکی لایەنگری تورکیا. هەروەک چۆن ڕادەستکردنی دەسەڵات بە زۆرینەیەکی شیعە لە ئێراقدا کە ئاڕاستەی ئایینی هەیە، بووە هۆی درووستکردنی دەسەڵاتێکی لایەنگری ئێران. بۆیە ئەمە مایەی ڕەزامەندی لایەنە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان نییە کە نفوزی بەهێزیان لە سووریا هەیە. بۆیە کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ ڕژێمی سووریا، دەرفەت دەداتە هەرێمی کوردستان کە لە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا بەتایبەتیش لە دۆسیەی پەیوەندییەکانی سووریا دوای قەیران و کێشەی کورد لە سووریا کە سەرئەنجام لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندا چارەسەر دەبێت، ئامادەیی و کاریگەریی هەبێت. شێوەی ئەم چارەسەرەش بێگومان کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت. هەروەها دەبێتە هۆی باشتربوونی پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی سووریا کە هاوپەیمانی ئێراق وئێرانە ئەمەش لەهەندێک دۆسیەدا لەگەڵ ئەم دوو وڵاتەدا، یارمەتیدەری هەرێمی کوردستان دەبێت. [1]