ناونیشانی بابەت: ئایا باشترین کات بۆ ئەنجامدانی وەرزش کەیە لە مانگی ڕەمەزان؟
ئامادەکردن: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
وەرزش کردن یەکێکە لەو ڕێگا سەرەکییانەی کە بەکار دێت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئازاری دەمار و ماسوولکە و جومگەکان، بۆیە گرنگە لە هەموو مانگەکاندا و بێ جیاوازی وەرزش ئەنجامبدرێت، یەکێکیش لەوانە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزە کە تیایدا مرۆڤ بەهۆی بە ڕۆژوو بوونەوە کەمتر حەوسەڵەی وەرزشکردنی دەمێنێت. بۆیە گرنگە کە بزانین لە چ کاتێکدا وەرزش ئەنجامدەدەین و چۆنیش ئەنجامی بدەین.
=KTML_Bold=ئایا باشترین کات بۆ ئەنجامدانی وەرزش کەیە لە مانگی ڕەمەزان؟=KTML_End=
1- ڕۆشتن بەپێ لە بەیانیان زوودا بۆ ماوەی (35-45) خوولەک چانسێکی باشە بۆ ئەوانەی ئەیانەوێت پارێزگاری کێشیان بکەن و پارێزگاری جومگەو ماسوولکەکان بکەن لە ئازار.
2- ئەنجامدانی وەرزش کاتژێرێک پێش بەربانگ، چانسێکی باشە بۆ ئەوانەی ئەیانەوێت کێشیان دابەزێنن، چونکە توێژینەوە ھەیە دەڵێت ئەنجامدانی وەرزش لە دوای ھەشت کاتژمێر بە ڕۆژووبوون ڕێژەی چەوری سووتاندن زیاد دەکات.
3- ئەنجامدانی وەرزش دوای بەربانگ بە سێ کاتژمێر بۆ ئەوانەی ئەیانەوێت ماسوولکە درووستبکەن و ودەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بۆ چەند کاتژمێرێک ئەنجامیبدەن، لەگەڵیدا ئەبێت خواردنی گونجاو و تەواوکەرە خۆراکییەکان وەرگرن بۆ گەشتن بە ئامانجەکەیان.
=KTML_Bold=گرنگترین ئەو خاڵانەی دەبێت ڕەچاو بکرێت چییە لە کاتی وەرزش لە مانگی ڕەمەزان؟=KTML_End=
1- دوورکەوە لە تیشکی خۆری ڕاستەوخۆ بۆ ماوەیەکی زۆر.
2- نابێت لە ماوەی 60 خولەک زیاتر وەرزش بکەیت لەکاتی بەڕۆژووبووندا.
3- ئاگادار بە کە شلەمەنییەکان بەشێوەیەکی باش بخۆیت لەکاتی بەربانگ بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ئاوەی ون دەبێت.
4- وەرزش مەکە ڕاستەوخۆ لە دوای بەربانگ، دەتوانیت دوای سێ کاتژمێر دەست پێبکەیت.
5- ژەمێکی پڕ لەسەوزە وات و میوەھات بخۆ لەگەڵ کەمکردنەوەی چەوری.
6- ئاو بەتەنیا بەس نییە بۆ قەرەبووکردنەوەی شلەمەنیەکان، دەبێت شەربەتی میوەی لەگەڵ بخورێت.
7- قەرەبووکردنەوەی شلەمەنییەکان دەبێت لەسەرخۆ و هێدی هێدی بێت نابێت یەکسەر ڕێژەیەکی زۆر بخورێتەوە بە یەکجار. [1]