$چارەسەری بنەڕەتی$
#دڵشاد عەبدولڕەحمان محەمەد#
#02-05-2020#
لەوەتەی ئێراقی نوێ لە سێ پێکھاتەی شیعە، سوننە و کورد، بە زۆرەملێ، پێکھاتووە، خوێن لە جەستەی دەچۆڕێ، ھیچ کام لەو سێ پێکھاتەیە جا حاکم بووبن یان مەحکوم لەم جوگرافیای ئێراقەدا ئاسوودە نەبوون. ھەر بۆ بیرھێنانەوە ئەگەر کورد بەشێک نەبووایە لە ئێراق، شەڕی ئێران - ئێراق ڕووی نەدەدا، ئەگەر ئەو شەڕە ڕووی نەدایە، ئێراق کوێتی داگیرنەدەکرد، ئەگەر کوێت داگیرنەکرایە نە شەڕی کەنداوی یەکەم و نە شەڕی کەنداوی دووەم ھەڵدەگیرسا.
کەواتە ئەنجامی درووستکردنی ئەم ئێراقە کوژرانی سەدان ھەزار خەڵکی بێتاوانی ھەر سێ پێکھاتەکەی ئێراق، ئێران و کوێت بووە. ئەمە جگە لە وێرانکردن و سووتماککردنی خاک و ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید و لە چاڵنانی سەدان ھەزار ژن و منداڵ و پیر لە سەدان و بگرە ھەزاران گۆڕی بەکۆمەڵدا. ئەمە سەرەڕای بوونی چەندین چارەسەری کاتی و ڕێککەوتنی جیاجیا لە زەمەنی جیاجیادا لەنێوان کورد و نوێنەرانی دیکەی پێکھاتەکان لە ئێراقدا.
دواچارەسەر و دوا ڕێککەوتن کە بە تاجی ڕێککەوتنەکان دەزانرا و کورد خۆی لە خاڵی بەھێزیەوە بەشداری ئەنجامدانی بوو، بەشداربوونەوەی کوردبوو لە درووستکردنەوەی ئێراقی نوێ، بەڵام ئەنجامی ئەم ڕێککەوتنەش کە بە فیدراڵیبوونی ئێراق و بوونی کوردێک بە سەرۆککۆماری لێکەوتەوە، گەیشت بەکوێ؟ بەڕاشکاوانە دەڵێم، ئەنجامەکەی وەک دەڵێن، حەسوود بەغیلی پێنابا.
دڕدۆنگی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەر لە سەردەمی درووستکردنی ھێزی دیجلە و دواتر کێشمەکێشمەکانی دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت و غاز و ھەتا پەلاماردانی کوردستان لەلایەن ھێزی چەکداری ئێراق و حەشدی شەعبی، ئەوا نان بڕینی یەکجارەکیشی لێکەوتەوە. بێگومان ناکرێ ئۆباڵی سەرجەم ئەو کارەسات و ماڵ وێرانییانەی بەسەر گەلانی ئێراقدا ھاتووە بە کوردیشەوە ھەمووی بخەینە ملی پێکھاتەیەک، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئۆباڵی ئێراقی عەرەبی ھێندە گەورەترە بە ئۆباڵی کوردان ھەر بەراورد ناکرێت. بەڵام دەتوانین بڵێین ئۆباڵی ھەمووان لە ئەستۆی دەوڵەتانی داڕێژەری ڕێککەوتننامەی سایکس پیکۆیە و بەتایبەت تریش بەریتانیا کە ئەم ئێراقەیان بەبێ ویستی پێکھاتەکانی درووستکرد.
بۆ لە ڕەگوڕیشەوە چارەسەرکردنی ئەم دۆخە و بۆ ڕزگارکردنی نەوەکانی داھاتووی خەڵکی ئێراق بە سەرجەم پێکھاتەکانیەوە و دراوسێکانیشی لە ڕووبەڕوونەبوونەوەی ئەو کارەسات و شەڕوشۆڕانەی لە 100 ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە، ھەڵوەشاندنەوەی ئەم ئێراقە تەنھا چارەسەری بنەڕەتییە، ئەمەش دوور لە دڕدۆنگی و شەڕوشۆڕ و بە گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ ھێزە سیاسییەکانی ئێراق، لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی سەربەخۆ لەژێر چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان و تیایدا پرسیار لە خەڵکی کوردستان بکرێ کە دەیانەوێت لەم ئێراقەدا بمێننەوە یان سەربەخۆبن، ئەنجامی ڕیفراندۆمەکە دەبێ ئیلزامی بێ بۆ ھەمووان و بە ئاشتییانە و بەپێی ڕێککەوتن دەرەنجامەکانی جێبەجێبکرێن.
ئێستادا ھەتا ھێزە سیاسییەکانی ئێراق و وڵاتانی دراوسێ و ئەندامە ھەمیشەییەکانی ئەنجوومەنی ئاساییش دەگەنە ئەو ئەنجامە لەسەر سەرکردایەتیی سیاسیی ئێستای کوردستان، پێویستە کە واز لەم گاڵتەجاڕییەی گەڕانەوە بۆ بەغدا بێنێ و لەجیاتی ئەوە ھەرچی پارەی کۆیان کردووەتەوە لە 29 ساڵی ڕابردوودا و بەشێک لە داھاتی ملیاردێر و ملیۆنەرە نیشتمانپەروەرەکان و سەرمایەی ئەو سەرمایەدارانەی لە ڕێگەی بەخشین و قۆرخکارییەوە لەو 29 ساڵەدا سەرمایەکانیان پێکھێناوە بھێنن و بیخەنە خزمەت سەرکەوتنی ئەو پڕۆژەی سەربەخۆییە و ھاوکات لەگەڵ گەڕاندنەوەی پارەکان ھەرچی نوێنەرانی کوردستانە لە سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەت و پەڕڵەمان و دەسەڵاتی دادوەری بگەڕێنێتەوە بۆ کوردستان و ھەر کەسیش بەغدای ھەڵبژارد و نەگەڕایەوە ئەوە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان ناکات و دەکرێ وەک ھاووڵاتییەکی ئێراقە عەرەبییەکە بمێنێتەوە.
ئەم بابەتە ئەگەر بەوردی لێی بکۆڵرێتەوە و دوور لە موزایەداتی سیاسی دەکرێ لە ماوەیەکی کەمدا پشتگیرییەکی زۆری لەناو ھێزە ئێراقییە عەرەبییەکان و دنیای دەرەوەش بۆ مسۆگەر بکرێت، سەبارەت بە سنووری کوردستانی سەربەخۆش دەکرێ لەسەرەتادا سنووری جوگرافیای ھەرێم بکرێ بە بنەما و ناوچە کێشەلەسەرەکانی ماددەی 140یش ھەروا بمێننەوە و بەپێی دەستووری ئێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، تا لە کۆتاییدا ئەویش بەپێی ڕێککەوتن چارەسەردەکرێت.
بێگومان ئەم بابەتە ئەوە ھەڵدەگرێت کە توێژەر و ڕۆشنبیران بکەونە تاوتوێکردنی، توێژینەوە دەستپێبکەن و دەزگا و ناوەندە میدیاییەکانیش کۆنفرانس و دیداری تایبەتی بۆ سازبکەن بە بەشداری نوێنەرانی سەرجەم پێکھاتە و دەرودراوسێ و توێژەرە جیھانییەکان. [1]