$مالیکی لە لانەی تیرۆریستان$
#هێمن عەبدوڵڵا 2#
#26-07-2014#
بەڕێز نووری مالیکی-ی مووچەبڕ لەکاتێکدا بۆ سەردانی نەخۆش دێتە کوردستان کە مامۆستایان بەتەمان لە دژی ئەو لە ڕۆژی جەژندا بڕژێنە سەرشەقام. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکوڵن و تووڕەن لەوەی کە مالیکی هاتووەتە “لانەی تیرۆریستان”. بەڵام پێم وایە خەڵک لەمەدا زێدەڕۆیی دەکەن. چونکە ئەگەر بڕیاربووایە ئەوەی دژایەتیی کوردی کردبێت بۆی نەبێت سەردانی کوردستان بکات، ئەوە دەبووایە خەزووری قوسەی لە #سلێمانی# نەمرێت و فڕۆکەوانە بەنێوبانگەکەی کیمیابارانی #هەڵەبجە#ش وەک بەرزەکی بانان لە باشووری کوردستانەوە بۆی دەرنەچێت.
نابێ لەبیرمان بچێت کە کورد تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو یان شتێکی دیکەی مەزنی نییە تاوەکوو شانازیی پێوەبکات. هەمانە و نیمانە جووتێک کڵاشی کوردییە. ئەویش تەنیا بۆ جادەی قیر دەبێت و نابێ تەڕ بکرێت. بۆیە ناچارین شانازی بەوەوە بکەین کە “لێبووردە” و “دڵفراوان” و میواندۆست”ین. بەپێی هەرسێ پێوەری شانازیش مالیکی دەستی خۆش بێت و کارێکی چاکی کردووە هاتووەتە سلێمانی.
بەشێک لە خەڵکی سلێمانی دەیانەویست بەزۆر ناوی بەردەرکی سەرا بکەنە “سەرای ئازادی”. هەر ئەو خەڵکەی لە بەردەرکی سەرا هوتافیان بۆ ڕووخاندنی حکومەتەکەی ئەوکاتی بەڕێز #بەرهەم ساڵح# دەکێشا، شەوانی ڕابردوو لە شەقامی سەهۆڵەکە بە د. بەرهەمیان دەوت “سەرۆککۆماری شەقام”. هەر ئەو خەڵکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خۆیان شین و مۆر دەکردەوە لەوەی کە قبووڵناکەن مالیکی بێتە سلێمانی، کەچی ئەمڕۆ بێدەنگ سەیری تێپەڕینی کەژاوەی مالیکییان دەکرد بە شەقامەکانی شاری شێرکۆدا.
ئەمڕۆ پایتەختی ڕۆشنبیری خەوتبوو یان لەڕووی نەدەهات دەست بەڕووی میوانەوە بنێت؟
دیمەنی دیدارەکەی بەڕێز مالیکی و #مام جەلال# و ئامادەبووانی دیکەی دانیشتنەکە زۆر ئایرۆنیک بوو. مام جەلال چیدیکە نابێتەوە سەرۆککۆمار. خوزەیر خوزاعی نابێتەوە جێگری سەرۆککۆمار. نەجمەدین کەریم، کاندیدی دۆڕاوی سەرۆککۆماریی ئێراقە. مالیکیش هانی هانیی لەسەرە و ئەگەر نەبێتەوە سەرۆکوەزیران، سەیرنییە. دانیشتنەکە زۆرتر لە دوایین ماڵاوایی تیمێک دەچوو کە ساڵەهایە پێکەوە ئیشیان کردووە و بەقەولی ئێرانییەکان “دیگر کارشان تمام شد”.
ئەگەر مالیکی بۆ ئەو دوایین ماڵاواییە هاتبێتە سلێمانی، بۆ دەبێ خەڵکی کوردستان پێی نیگەران بن؟
تەنانەت ئەگەر واش نەبێت و مالیکی هەر سەرۆکوەزیران بمێنێتەوە، بۆچی پێمان سەیربێت کە دێتە سلێمانی و لە بەغداشەوە هێرشدەکاتە سەر #هەولێر#؟ مەگەر دوژمنانی کوردستان هەمیشە پەرتیاننەکردووین بۆ ئەوەی بەسەرماندا زاڵبن؟ مەگەر هەمیشەش سەرکەوتوو نەبوون؟ ئیدی ئەو واقوڕمانە درۆیینەیە چییە؟ بۆچی وایپیشاندەدەین کە چاوەڕوانمان نەدەکرد مالیکی لە سلێمانی پێشوازیی لێبکرێت؟ سێبەری ئێران بەسەر هەرێمی کوردستانەوە ئەوەندە کاڵ بووەتەوە کە سەردانی چاوەڕوانکراوی وەکوو ئەوەی ئەمڕۆی مالیکی تووشی شۆکمان بکات؟
مادام کۆنە بەعسییەکان لە هەولێر بخولێنەوە، مادام ئەنفالچییەکان لە ئوردن باسی هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەولێر بکەن و مادام گەڕەکەکانی هەولێریش وردەوردە بەعەرەبکردن بکرێن، بۆ دەبێ نیگەران بین بە هاتنی مالیکی بۆ سلێمانی؟ ئەو هات و ڕۆیشت، بەڵام برا چاوڕەشە سوننە ڕکابەرەکانی مالیکی جارێ لە وڵاتەکەمانن و سبەینێش کە چوونەوە بەغدا سەد ڕەحمەت بۆ کفندز دەنێرین. خۆزگە مالیکی هەموو ڕۆژێک هاتبووایە، بەڵام ترسی مانەوەی برا عەرەبە چاوڕەشەکانمان نەبووایە. چونکە مالیکی عومرێک و دیاردەیەکە دێت و دەڕوات، بەڵام عەرەبی هاوردە و خۆهاوردە هەر دەمێنن.
ئیتر ئاخیری خێر بێت. [1]