$تاران لە #هەولێر# ناترسێت؟$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#16-09-2014#
کەسی یەکەمی نێو سوپای پاسداران دەڵێ تاران لە جێگیرکردنی فڕۆکەی ئەمریکی لە هەولێر ناترسێت. ئەو قسەیەی ئاغای جەعفەری بە زۆر دیودا ڕاستە، چونکە بنکەی سەربازیی ئەمریکی لە ئەنجەرلیک بێت یان لە هەولێر جیاوازییەکی وا گەورەی نییە بۆ ئێران. بەڵام هەبوونی بنکەیەکی ئەمریکیی وا لە هەولێر هەژموونی ئێران بەسەر باشووری کوردستانەوە کەمدەکاتەوە. ئەمەش لەجیاتی ئەوەی ترس بۆ ئێران درووست بکات، دەکرێ ببێتە مایەی نیگەرانی بۆی.
باراک ئۆباما لە تەواوی وتارەکانی دوو مانگی ڕابردووی و لە هەموو ئەو نامانەیدا کە بۆ کۆنگرێسی دەنێرێت باسی پاراستنی هەولێر دەکات. واش باسیدەکات وەک بڵێی پێویست نەکات بۆ ئەندامانی کۆنگرێس و گەلی ئەمریکای ڕوون بکاتەوە کە بۆچی پاراستنی هەولێر بۆ ئەمریکا هێندە گرنگە. لە شەڕی #مەخموور#یش یەکەمین پێگەی #داعش# کە کرایە ئامانجی فڕۆکەکانی ئەمریکا و تەفروتوونا کرا ئەو تۆپخانەیە بوو کە دەگوترێت تۆپەکانی دەگەیشتنە ناو هەولێر.
ئێرانییەکانیش لەو شەڕانەدا بەشداربوون و سەرکردایەتیی کوردستان چەند جارێک سوپاسی کردوون بۆ بەشدارییان لە پاراستنی کوردستان لەدەست داعش، بەڵام جێگیرکردنی فڕۆکە و سوپای ئەمریکی لە باشووری کوردستان شتێک نییە ئێران هەروا بەئاسانی بەسەریدا دەربازببێت. ئەوان ڕاستدەکەن لێی ناترسێن، بەڵام پێی نیگەران دەبن.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ڕووداوی ئاشکراکردووە کە ئێستا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش گفتوگۆیدان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە. واتە چیدیکە دەنگۆی هەبوونی هەماهەنگی (نەک هاریکاریی ڕاستەوخۆ) لەنێوان ئەمریکا و ئێران لە کوردستان دەنگۆ نییە. ڕەنگە ئەمەش وابکات ئێران سووکە دڵنیاییەکی هەبێت کە ئەگەر بنکە نوێیە ئەمریکییەکە لە هەولێر کرایەوە، نابێتە مەترسیی گەورە بۆی. ئێران دەشزانێت جارێ ئەمریکا ڕووخاندنی حوکمی مەلاکانی لە ئەجێندای خۆی دەرهێناوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە دانووستاندنیشی لەگەڵ دەکات.
جگە لەوەش تا باشووری کوردستان بەشێک بێت لە ئێراق، دانانی بنکەی سەربازیی بێگانە لە هەولێر بەبێ ڕەزامەندیی بەغدا نابێت. حکومەتی ئێراقیش بە حوکمی ئەو پەیوەندییە گوێڕایەڵانەیەی لەگەڵ ئێران هەیەتی، ڕێی تێناچێ بەبێ ڕەزامەندیی تاران ڕازی بێت بە کردنەوەی بنکەیەکی وا.
خاڵێکی دیکە کە ڕەنگە وابکات ئێران ترسی نەبێت لە جێگیرکردنی فڕۆکە ئەمریکییەکان لە هەولێر ئەو پەیوەندییە دێرینەیە کە لەگەڵ سەرکردایەتیی کوردستان هەیەتی. بیست و پێنج ساڵە حکومەتێکی خۆماڵیی کوردستانی هاوسێی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و نەبووەتە مایەی مەترسی بۆی. ڕێشی تێناچێت لە ئاییندەدا بە دانانی چەند فڕۆکەیەک کە بەئاسانی مووشەکی ئێرانی دەیانگاتێ ئەو مەترسییە درووست ببێت. ئەوەی چاودێریی گۆڕانکارییەکانی چەند مانگی ڕابردووی کردبێت هەست بە نزیکبوونەوەیەکی خێرای هەولێر و تاران دەکات.
ئێران و ئەمریکا ئەزموونێکی دیکەی هاوشێوەی ئەوەی کوردستانیان هەیە. لە قەتەر لەلایەکەوە بنکەی سەرەکیی فەرماندەیی کردەوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لێیە، لەلایەکی دیکەشەوە قەتەر پەیوەندییەکی وزەیی بەهێزی، بەتایبەتی بۆ غاز، لەگەڵ ئێران هەیە.
ئەمریکا و ئێران لە قۆناخی تواندنەوەی بەستەڵەکی پەیوەندییەکانیاندان. بۆیە گواستنەوەی بنکەیەکی سەربازی لە تورکیاوە بۆ کوردستان ناتوانێ ڕێگە لە توانەوەی ئەو بەستەڵەکە بگرێت. بەڵام گرنگە هەولێر لەو نێوەندەدا بەردەوام بێت لەسەر پاراستنی باڵانسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەردوولا. [1]