ناونیشانی بابەت: گۆڕان نابێتە پارتی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #21-01-2019#
#بزووتنەوەی گۆڕان# وا دەردەکەوێ کە مەیلێکی بەهێزی هەیە بۆ ئەوەی ئەم جارە لە حوکمڕانیدا بەشداربێت. پارتیش نایشارێتەوە کە هاومەیلە لەگەڵ گۆڕان. بەڵام لەنێو هەردوو حیزبدا هەندێک هەن کە گومان و ترسیان هەیە لەو لێکنزیکبوونەوەیە. پارتییەکان جارێک دەستیان بە ئاگری شەراکەتی گۆڕان سووتاوە، ئەنجامەکەشی ئەو قەیرانە سیاسییە قووڵە بوو کە لە گەرمەی شەڕی #داعش#دا گۆڕان بە دنەدانی یەکێتی ئاگرەکەی داگیرساند. بۆیە پارتییەکان دەڵێن: خۆ ئەوکاتیش گۆڕان باسی چوار ساڵ ئارامی و سەقامگیری لە حوکمڕانیدا کرد، کەچی دواتر تێکیدا. ئێستا چی گۆڕاوە تا پارتی جارێکی دیکە گۆڕان سواری هەمان کەشتی بکاتەوە؟
باشییەکەی ئەوەیە کە ئەگەر لەنێو پارتیدا ڕای جیاوازیش هەبێت، لە کۆتاییدا ناوەندێکی بڕیاردانی بەهێزی هەیە کە دەتوانێ هەمووان لە دەوری یەکدی کۆبکاتەوە، بەڵام حاڵی گۆڕان تا ئەم دواییانەش بەوشێوەیە نەبوو. ئێستا ئەوانەی عەقڵیان نایبڕێ بزووتنەوەکەیان لەگەڵ پارتی ڕێککەوێت ئارگیومێنتێکی سادەیان هەیە: ئەمە بکەین، دەنگدەرەکانمان پێماندەڵێن: گۆڕان بووەتە پارتی. ئەمەش خۆکوژییە. بەڵام خۆشبەختانە عاقڵمەندان و بڕیاربەدەستانی بزووتنەوەکە وا بیرناکەنەوە و دەزانن مانەوەی حیزبەکەیان و دەرچوواندنی لە شۆکی نەمانی #نەوشیروان مستەفا# (کە بەڕوونی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەوە دیاربوو) پێویستی بەوەیە گۆڕان لەجیاتی دەرەوەی بازنە هیچ نەبێت لە چوار ساڵی داهاتوودا لەنێو بازنەی حوکمڕانیدا بێت.
هەندێک گۆڕانکاریی ئەرێنی لەنێو گۆڕاندا ڕوویانداوە کە وادەکەن چارەنووسی بزووتنەوەکە وەکوو یەکێتیی لێنەیەت و نەبێتە ماڵی فرەکوێخا. دوای کۆچی نەوشیروان مستەفا، هەست دەکرا گۆڕانیش بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات، بەڵام ئێستا بۆ پارتی ڕوون و ئاشکرایە کە موخاتەبی لەنێو بزووتنەوەکەدا بریتییە لە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا و عومەری سەید عەلی و سەرکردایەتی ئێستای گۆڕان و ئەوانەی بڕیاری گۆڕانیان بەدەستەوەیە و دەیانەوێ لە چوار ساڵی داهاتوودا لەگەڵ پارتی بەپێی قەبارەی خۆیان و شتێک زیاتر شەریک بن لە حوکڕانیدا.
جاران ئەو یەکلاییبوونەوە و لێبڕاوییە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی قوورس بوو بۆ گۆڕان. چونکە لەنێوەوەی بزووتنەوەکەدا هەندێک سەرکردەی پێشووی یەکێتی هەبوون کە وایانکردبوو فرەجەمسەری و ڕارایی لە بڕیارداندا هەبێ. وەهمێکیش لەنێو قاعیدەی گۆڕاندا هەبوو کە ئەگەر ئەو سەرکردانە نەبن، یەکێتی نیوەشەوێک لە #سلێمانی# گۆڕان قووتدەدات. بەڵام دەرکەوت وانییە و دوای دوورکەوتنەوەی ئەوانە، دۆخی گۆڕان لەجیاتی شڵەژان بەرەو سەقامگیری ڕۆیشتووە. هەرچەندە یەکێتی پێی بکرێت ئێستاش هەوڵدەدات گۆڕان نەیەتە نێو حوکمڕانییەوە و لە چوار ساڵی داهاتوودا هێندەی دیکە بچووک ببێتەوە، بۆیەش لەمڕۆژانەدا هانی هانییان لەسەر درووستدەکات و وای پیشاندەدات کە گۆڕان تەسلیمی پارتی بووە، بەڵام عاقڵمەندانی نێو گۆڕان دەزانن ئەو بایە لە کام کونەوە دێت.
دەتوانین بەوە وەڵامی ئەو پارتییانە بدەینەوە کە دوودڵن لە بەشداریی گۆڕان لە حوکمڕانیدا، بڵێین: جیاوازیی ئەم جارە لەگەڵ جاری ڕابردوو بۆ گۆڕان لەوەدایە کە مانەوەیان لە دەسەڵاتدا گەرەنتیی مانەوە و گەشەکردنەوەیان وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی دەکات و ئەم جارە گۆڕان لەبەر خۆی، نەک لەبەر چاوی کاڵی پارتی، لە حوکمڕانیدا دەمێنێتەوە و دەشتوانێت ببێتە شەریکێکی باش. ئەمەش بۆ پارتی باشە و بواری نەفەسێکی دەداتێ بەرانبەر یەکێتی، کە پێدەچێ لە ڕۆژانی داهاتوودا بەهۆی کێشە نێوخۆییەکانی و پێکنەهاتنیان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، بەتایبەتیش پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران، کوێرە گرێیەکی دیکە لە گوریسی دانووستاندنەکان بدەنەوە.
[1]