ناونیشان: ناوچە ناکۆکی لەسەر نەماوەکانی یەکێتی
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا 2#
ڕۆژی دەرچوون: #17-06-2019#
لە دەستووری ئێراقدا کێشەی کەرکووک و مەخموور و #شنگال# لەنێوان هەولێر و بەغدا وەکوو کێشەی (ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان) ناوی هاتووە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەنێو ماڵی کوردستانیدا ڕوودەدات، کێشەی کەرکووکی لە کێشەی ناوچەی ناکۆکی لەسەرەوە کردووەتە کێشەی (پارێزگاری ناکۆکی لەسەر) . لەبیرمە کاتی خۆی لە ڕووداو ناوی ئەو ناوچانەمان کردبووە (ناوچە دابڕاوەکان) و لاپەڕەیەکیش لە هەفتەنامەی ڕووداو بۆ ئەو ناوچە دابڕاوانە تەرخانکرابوو. ئەمەش لەو بڕوایەوە هاتبوو کە کەرکووک لە باشووری کوردستان دابڕێنراوە و تا ئەوکاتەی دەگەڕێتەوە، ناوی ناوچەی دابڕاوە. دواتریش بە بڕیارێکی فەرمی ناوێکی دیکە بۆ ئەو ناوچانە دانرا کە جەختی لەسەر کوردستانیبوونی ئەو ناوچانە دەکردەوە لەدەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن. جا هەرچەندە ساڵەهایە باسی گێڕانەوەی کەرکووک دەکەین و لایەنێک بە دڵی دەزانێ و ئەویدیکە بە قودسی دانابوو، بەڵام بەکردەوە هێندەی خەریکی ناکۆکییە لابەلاکانی نێوخۆمان لەسەر ناونان و شتی دیکەی کەرکووک بووین، هێندە خەریکی ناکۆکییە ڕاستەقینەکە نەبووین.
ئێستا کە سەرۆکەکانی هەرێم و حکومەتی کوردستان دەستبەکاردەبن، بەرلەوەی دەستبەکاربن، گرێی پارێزگاری ناکۆکی لەسەر بەر لە ناوچەی ناکۆکی لەسەر سەرقاڵیان دەکات. یەکشەممەی ڕابردوو، هێشتا مەسروور بارزانی، سەرۆکی ڕاسپێردراوی حکومەتی کوردستان، لە مەکتەبی سیاسیی پارتی نەهاتبووەدەر، کە لە #سلێمانی#یەوە یەکێتی وەڵامی گوتەبێژی پارتیی دایەوە و دووپاتی کردەوە کە بۆ حیزبەکەی ئەو پێکهێنانی حکومەت و دانانی پارێزگاری کەرکووک پێکەوە دەبن.
میدیای یەکێتیش وەک توانجێک لە قوباد تاڵەبانی نووسیبوویان بێدەنگیی شکاندووە و بە باڵیۆزی نوێی ئەمریکای گوتووە کە ئیدی دەبێ پارێزگاری کەرکووک دابنرێت! بەڵام بەڕاستی کێشەی کەرکووک هەر ئەوەیە کە پارێزگارێکی کوردی هەبێت و یەکێتیش بێت؟ یان گریمان پارتی بەبێ یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی وەک عەرەب و تورکمان پێکهات و پارێزگارێکی کوردی پارتیی دانا، ئایا ئەوکات کێشەی کەرکووک چارەسەر دەبێت؟ بێگومان نابێ و یەکێتیش ئەمە باش دەزانێت. بەتایبەتیش کە پارێزگارێکی بێ هەیبەتتر لە ڕاکان جبووری دەبێت و فەرماندەیەکی سەربازیی ئێراقی دەتوانێ بە تەلەفۆنێک هەڵیسووڕێنێ، دانانی لە دانەنانی زیانی زۆرتر دەبێت بۆ کورد لە کەرکووک.
ئەو ڕوئیایەی پارتی بۆ گەڕانەوەی کەمێک سەربڵندانەی کورد بۆ کەرکووک هەیەتی نیشتمانییە و وەک ئەوەی یەکێتی نییە کە زۆرتر هەڵپەچییانەیە و پەلەپرووزەی وەرگرتنی پۆستێکە بە هەر نرخێک بێت (درووست وەک ئەوەی لە بەغدا کردیان و بۆیان چووە سەر) . پارتی لە بەغداش نیشتمانییانە ڕەفتاری کرد. ئەویش بەوەی کە پاش ڕێککەوتنێکی تۆکمە لەگەڵ ئەوانەی لەوێ دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، وەزیر و کاربەدەستەکانی بەهێزەوە ناردە نێو کابینەکەی عادل عەبدولمەهدییەوە.
لە کەرکووکیش نەخشەڕێگەی دانانەوەی پارێزگارێکی کوردی بەهێز و سەنگین ئەوەیە کە یەکەمجار پێشمەرگە بەڕێزەوە بگەڕێتەوە و هیچ نەبێ چیدیکە دیمەنی ئاڵا ئێراقییە بەزۆر چەقێندراوەکەی سەر شانی پەیکەری پێشمەرگە لەو شارە کزە لە جەرگی کوردی کەرکووک نەهێنێت. ئێمە دەبێ ئەو ڕاستییەمان قبووڵکردبێت، لەجیاتی ئەوەی ئیدیعای سەروەری بەسەر ئەو خاکە دابڕاوەدا بکەین کە لە شازدەی ئۆکتۆبەردا لێیان فرۆشتین، دەبێ هەموو هەوڵێک بدەین بە هەر نرخێک بێت پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و چیدی کوردی کەرکووک بە زەلیلی نەبینین. جاران زۆر دژی ئەوە بووین کە کڵاوشینەکان بکەونە نێوانمانەوە و دەترساین کەرکووک بەیەکجاری لەدەستبچێت، بەڵام ئێستا کە لەدەستچووە، دەبێ بەوانیش ڕازی بین بۆ ئەوەی، ئەوەی دەکرێ بگەڕێندرێتەوه، بیگەڕێنینەوە. ئەمەش بەوە دەکرێت کە یەکێتی بەرژەوەندیی نیشتمانی و هی خەڵکی کەرکووک لەپێش بەرژەوەندیی پۆستخوازانەی سەرکردەکانی دابنێت. [1]