ناونیشان: شیعە چۆن تێماندەگەن؟
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #16-12-2019#
لەوەتەی ڕژێمی سەددام ڕووخاوە، دیدارێکی ڕاشکاوتر و هاوکات نزیککەرەوەتر لە دیداری #هەولێر# - نەجەف لەنێوان کورد و شیعە لە ئێراقدا نەکراوە. ناوەندی لێکۆڵینەوەی ڕووداو لە ماوەی ڕابردوودا ئیشی باشی زۆری کردووە، بەڵام دەستپێشخەریی ئەمجارەی، هەم کاتەکەی (تایمینگ) و هەم دەرهاویشتەکەشی بۆ کوردستان و بۆ ئێراقیش گرنگە.
بەر لە ڕووخانی ڕژێمی سەددام، ئۆپۆزیسیۆنی شیعەی ئێراق بەبەردەوامی دیدار و لووتکە و دانیشتنی فراوانیان لەگەڵ سەرکردایەتیی کوردستاندا هەبوو. مێژووی ئۆپۆزیسیۆنبوونی هەندێکیشیان ئاشکرایە کە یان لە شاخەکانی کوردستان یان لە هوتێلەکانی پیرمام و هەولێر تێپەڕیوە. هەندێک لەو قسانەی لە دیداری هەولێر- نەجەفدا کران، بیرخەرەوەی ئەو ڕۆژانە بوون کە لەنێوان کورد و شیعەدا هاودڵی و هاوخەباتییەکی تۆخ بۆ نەهێشتنی دیکتاتۆری لە ئێراقدا هەبوو، دواتر زۆر لە سەرکردە شیعەکان لێی پەشیمان بوونەوە.
ئەم جارە ئێراقییەکان شۆڕشێکی گەنجانەیان بۆ کۆتاییهێنان بە شکستی حوکمڕانیی سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی شیعەی جاران دەستپێکرد وە. بەشبەحاڵی خۆم چاوەڕوانیی خەیاڵیم لە دەرهاویشتەکانی ئەو شۆڕشە نییە، بەڵام دەشزانم چیدیکە ئەمڕۆ لە ئێراق وەک دوێنێ نابێ و زۆر شت دەگۆڕێن. درووست لەم کاتەدا هەولێر پێویستی بەوەیە دیداری لەگەڵ پێکهاتە و ڕۆڵگێڕە گرنگەکانی ئێراقە گۆڕاوەکە هەبێ. بۆیە وەکچۆن دیداری هەولێر- نەجەف کرا و لە ڕاگەیەنراوی کۆتایی دیدارەکەشدا دەرکەوت کە بەشداربووەکانی لە هەستیاریی ئەم قۆناغە و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی تێگەیشتوون، ئاواش پێویستە دیداری هەولێر- مووسڵ (بە هەموو پێکهاتەکانییەوە) و دیداری کورد - کەرکووک (لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکانی) و دیداری کورد- سوننەش بەزوویی بکرێن.
پێکهاتەکانی ئێراق، بەتایبەتیش کورد، بە خواستی خۆیان نەبوونەتە هاوچارەنووس. بۆیەش لەوەتەی ئەو قەوارەیە درووستکراوە، ئەو پێکهاتانە پێکەوە دیداریان نەبووە و هەمیشە سیاسییەکانیان لەجیاتی ئەوان پێکەوە دانیشتوون و بڕیاریان لەسەر ئێستا و ئاییندە داوە. ئەو بڕیارانە کە هەڵقوڵاوی بەرژەوەندی و ئایدیۆلۆژیا و گەمەی سیاسییە کەسی و نێوخۆیی و ئیقلیمییەکان بوون، زۆربەی جار ماڵوێرانییان بۆ خەڵکی ئێراق هێناوە. بەڵام کاتێک سەرکردەکان نا، بەڵکوو ئەوانەی زۆرتر لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەو پێکهاتانەوە نزیکن، پێکەوە دادەنیشن، هەستەوەری و لێکتێنەگەیشتنەکانیش کەمتر دەبنەوە. ئەمەش هەم کاریگەریی دەبێ لەسەر بیرکردنەوە لە یەکدی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی یەکدی (بەتایبەتیش بۆ قووڵکردنەوەی سیستمی فیدراڵی) و هەم کاریگەریشی دەبێ لەسەر هەڵسوکەوتی دەنگدەر، لە کۆتاییدا لەسەر هەڵسوکەوتی سیاسییەکانیش. بۆ نموونە ئەگەر دیداری وەک ئەوەی هەولێر- نەجەف بەردەوام بن (کە وادیارە بەردەوام دەبێ و جاری داهاتوو لە نەجەف دەبێ) ، چیدیکە سیاسییەکانی شیعە ناتوانن لە نەجەف بە درۆی گەورە و بە دوژمنایەتیی ناڕەوای خەڵکی کوردستان بەئاسانی دەنگ کۆبکەنەوە. پێچەوانەکەشی لە کوردستان ڕاستە.
ئەم مۆدێلی موخاتەبەکردنەی ژیری و ویژدانی دەنگدەری شیعە و سوننە و تەنانەت تورک و فارسی ناوچەکەش بۆ کورد زۆر گرنگە. تاوەکوو ئێستا پردی سەرەکیی پەیوەندیی کورد و شۆڕشەکەی لەگەڵ ئەو گەلانەی ناوچەکە، کە خاکی کوردستانیان بە ناهەق داگیرکردووە، دەوڵەتەکانیان و پایتەختەکانیان و میدیا فەرمییەکانیان بوون. ئەوانیش نەک هیچیان بۆ ڕەواندنەوەی لێکتێنەگەیشتنەکان نەکردووە، بەڵکوو ڕۆڵی گەورەشیان گێڕاوە بۆ خراپ حاڵیکردنی گەلەکانیان و هاندانیان بۆ دوژمنایەتیکردنی کورد. بۆیە لە قۆناخی داهاتوودا دەبێ کوردستان کاری زۆر لەسەر ئەو لایەنە بکات و ئەوەی بە هێزی سەربازی و دیپلۆماسی لە توانایدا نییە بیکات، بە هێزی نەرم (سۆفت پاوەر) بیکات. [1]