ناونیشانی بابەت: تارمایی کۆشک و گۆڕی سەرکردەکان!
ئامادەکردن: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
ڕۆڵی سەرکردە سیاسییەکانی کورد، لە ئەزموونی دیاری کراوی نێو حیزبەکان و پەڕڵەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەنێو کایە و ئۆرگانە جیاجیاکانی دەسەڵات، ڕووبە ڕووی دەیان قەیرانی چەق بەستووی ئالۆز بوونەتەوە.
ئەرکی پسپۆرەکانی بواری مێژوویی و دەروونییە، لە هەموو ئەو بوارانەدا، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و توێژینەوە ئەکادیمیان بکەن، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو برینە موزمینە، تراژیدیانەی مێژووی دوورو نزیکی، ئێستای دەسەڵاتدارانی کورد دابنرێت.
سەرکردەکانی کورد، بە هەموو بیر و بۆچونە جیاجیاکانی چەپ و ڕاست و ئیسلامی سیاسیی، لە حیزبی کوردی و پەڕڵەمان و حکومەتی هەرێم.
ئەو ڕوخسارانەن، بە پلان و بەرنامەی نەخشەی داڕێژراو، بۆ مانەوەی هەتاهەتایان لە دەسەڵات، کۆنترۆڵی هەموو کۆیلەکانی دەورووبەریان و ئۆرگانەکانی حیزبیان کردووە، هەموو کایەکانی پەڕڵەمان و حکومەتی هەرێم یان بە دەسەڵاتی نەرجسی و تاک ڕەوانە یان ئیفلیج کردووە.
لە سەردەمی شاخ و شۆڕش و پێشمەرگایەتی دا ، چەند سەرکردەیەک، خاوەن بڕیار بوون، ئەوان چەندان گرووپی دیاری کراویان وەک سێبەر، لە دەوری خۆیان درووست کرد بوو، ئەو گرووپانە توتی ئاسا، هەموو بڕیارەکانی ئەوانیان جێبەجێ دە کرد.
دوای ڕاپەڕین و هەڵبژاردنی پەڕڵەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو سەرکردەو روخسارانەی شاخ و ئینیهازی نێوشارەکان، بە هەمان ئەزموونی شاخ و بە عەقڵی دیاری کراوی مەزاجیانەی خۆیان، کۆکتێلی عەقڵی خێڵەکی و ئیسلامی سیاسیی، خۆیان لە هەمووکۆنگرەکان دا، خاوەنی دەنگی پێش هەڵبژاردنبن، خاوەنی حیزب و خاوەنی دەنگی خەڵک و پەڕڵەمان و حکومەت و سامانی نیشتمان بن.
ئەو سەرکردانە، نیازیانە وەک ئەوساو ئێستا، دەستاو دەستی دەسەڵات، بۆ کوڕ و کچەکانیان بێت و ئامێری بەرژەوەندییە کانی داگیرکەرانی نیشتمان بن، دژ بە نەتەوە و نیشتمانەکەیان.
ستراتیژی ئەم سەرکردانە، بەعس ئاسا، گەر هەرتاکێک، پەروەردەیەکی جوان و نموونەیی بێت، خاوەنی ئیرادەیەکی بەهێز و بە هەڵوێست بێ، خاوەنی ڕاوبۆچونی لۆژیکانەی زانستی بێ، ئەوان هەموو دەرگا و پەنجەرەکانی ئاسمان و زەوی ئەم نیشتمانەیان لێ دادەخەن، بواریان پێ نادەن، ڕۆڵی خۆیان ببینن، پاشقولیان لێدەگرن و دەیان خەنە پەراوێزەوە.
ئەوسەرکردانە بە درێژایی مێژوو تا ئێستا، بەدوای کەسێتی لاواز و توتی و کاسەلێس و ماستاوچی و پەڕپوتی ئاست نزم دا دەگەڕێن، زۆربەی ئۆرگانەکانی حیزب و کایەکانی پەڕڵەمان و حکومەت یان پێ پڕدەکەنەوە.
پلان و بەرنامەو نەخشەکانیان، بە جۆرێک دارێژراوە، بوار نادەن هیچ ئەلتەرناتیڤ وەک سەرکردە، لە ناو حیزب و هیچ پسپۆرێکی نموونەیی بە توانا، لە پەڕڵەمان و حکومەت، ڕۆڵیان هەبێت و بوونی پسپۆڕی خۆیان بسەلمێنێت.
ئەوسەرکردانە، دەبێ خۆیان و ئەندامانی خانەوادە و بنەماڵە کانیان، سەرکردەی حیزبەکان و پەڕڵەمان و حکومەت بن، نەخۆشی گرێ سایکۆلۆجی کورسی دەسەڵات و تاڵانی سامانی نیشتمانن.
دەبێ ژیانی ئەو سەرکردانە بە کوڕ و کچ و خانەوادە و بنەماڵانە کانیانەوە، لەو ڕۆژەوە لەدایکبوون، تا ئەو ساتەی دەیان خەنە قەبرەوە، لەگەڵ هاووڵاتییان ئاسمان و ڕێسمان بێت، لە مردنیشا، تارمایی کۆشک و گۆڕەکان یان لە شوێنی جیاواز و تایبەتی بێت. [1]