ناونیشانی بابەت: مینە و دیوانە شیعرەکەی و چەند سەرنجێک
ئامادەکردن: هۆگر شێخ
شیعر ڕەگەزێکی وێژەیە، کە لای سەرجەم نەتەوەکان لەمێژە بوونی هەبووە و دەشمێنێت، چونکە شیعر پێوەندە بە هەستەکانی مرۆڤەوە، جا هەستیش بۆخۆی جۆری فرەن. ڕەنگە هەرچۆنێک ئەو هەستانەش پۆلێنبکرێت، هێشتا هەستگەلێک بمێنن، کە ڕەنگە وشە پەیی پێنەبردبن. لەناو نەتەوەکانیشدا پێدەچێت نەتەوەی ئێمە بۆ دەربڕینی هەر مەبەست و یان هەستێک پەنای بۆ شیعر بردبێت، شیعریش ئەوانەیان، کە توانای مانەوەیان لە ویژدانی تاکی کورددا هەبووە، سینە بە سینە پارێزراون، چونکە نەتەوەی کورد هەمیشە خۆی و نیشتمانەکەی لە بەردەم هێرشی داگیرکەراندا بووە. هەرکاتێکیش داگیرکەر توانای تێکشکانی هێزی بەرەنگاریی کوردی هەبووبێت، ئیدی نەک هەر جۆگەی خوێن و قەڵای کەللەسەریان لە کوژراوی کورد درووستکردووە، بەڵکوو هەرچی دەستنووسێکیش بەردەستکەوتبێت، سووتاندوویانە، یاخود فڕیانداونە زێ و ڕووبارەکانەوە، هەر ئەوکارەی دوژمنانیش وایکردووە، کە مەلاچاکی کورد (ئیبنوئادەم) پتر لە دووسەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر، بە هۆنراوە بڵێت:
هەوران کردە گۆڵە گۆڵ
میکائیلا دەتۆش دەی
تووتن و ماشان بڕشێنە
دەبا نۆش بێتە سەردەی
ڕۆمی ئەوا پەیدابوون
کوتوبخانان دەکەن تەی
واتە تورکان هەرکات پەلاماری کوردستانیان دابێت، ئەوا هەرچی دەستنووس و پەڕتووکێکیان بەردەست کەوتبێت، پێچاویانەتەوە و لەناویانبردووە، بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە ئەوەی لە سینەو ئاوەزی مرۆڤی کورددایە، بیسڕنەوە، بۆیە شیعر بۆ کورد، تۆماری هەمەڕەنگی نەتەوەکە بووە، چ لە مێژوو و کەلتوور و ئایین و ئەوین و نیشتمانپەروەری و نەبەردی و خۆڕاگری و...تاد. هەرئەمەش بۆخۆی یەکێک بووە لە ئەو هۆکارانەی، کە دوژمنانی والێکردووە، هەمیشە لەهەوڵی دابڕینی کورددا بن لە زمانەکەی، چونکە دابڕین لە زمان، واتە دابڕین لە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی نەتەوەکە.
دیوانە شیعری کاک محەمەد ئەمین حسێن عەلی (مینە) م خوێندەوە، کە لە توێی (182) لاپەڕەدا، چاپکراوە و هەر لە ئەمساڵدا (2022) بڵاوکراوەتەوە.
مینەو دیوانە شیعرەکەی، بۆ بەندە لەڕووی زمانەوە، لەڕووی فەرهەنگەوە، لەڕووی کەلتوور و دابوونەریتەوە، لەڕووی نەتەوە و نیشتمانپەروەرییەوە، لەڕووی بەرەنگاریی و مێژووەوە، دەشێت وەک تۆمارێکی پڕزانیاریی بۆی بڕوانرێت، بەڵام بە زمانێکی شیعریی ناسکی پاراو. دیوانەکە بە پێشەکییەکی کەمێک درێژ، کە (21) لاپەڕەی گرتووەتەوە، بەڵام بەڕاستی دەکرێت بڵێم، کە ئەم پێشەکییە نموونەیەکی جوانی پەخشانە، کە جوانی و پاراوی و زمانزانی و ئەوینداری و بەتایبەت ئەوینی نیشتمانی لێدەتکێت، مینە بە جوانترین شێوە منداڵیی خۆی و منداڵانی گەڕەک و شارەکەی و دوواتر کوردستانەکەی و هەلومەرجی کۆمەڵایەتیی ئەودەمانەو ڕووداوە بەرجەستەکانی ئەو ڕۆژگارە، بە جۆرێک دەخاتەڕوو و تابلۆیەکی لێدەنەخشێنێت، کە بۆخۆی وەک پانۆرامایەک و وەک پڕۆجۆکتەرێک تیشک لە دیوانەکەی دەدات و پێشینەیەک بە خوێنەر دەدات، تاوەکوو باشتر بتوانێت بچێتە جیهانی شیعرەکانییەوە.
شیعرەکانی ئەم دیوانە، مێژوویان لە (1973) وە تا دووهەزارەکان لەخۆدەگرێت. مینە لە سەرەتای حەفتاکانەوە دەنووسێت، لە سەرەتای هەشتاکانەوە لێکۆڵینی ئەدەبیی بڵاوکردووەتەوە، هەر لە هەشتاکانیشەوە لە زمانی عەرەبییەوە وەرگێڕانی هەن، ئەوەی من لەیادمبێت بەچەند ئەڵقەیەک، چەند وتارێکی لە یەکێک لە پەڕتووکەکانی (ڕەجائی نەقاش) بڵاوکردەوە، کە بۆخۆی وردیی مینەیان لە هەڵبژاردنی بابەتەکەدا، لەلایەنی دەروونییەوە، لێدەخوێنرایەوە.
مینە زمانی زگماکی خۆی بەباشی دەزانێت، هاوکات زمانی عەرەبی و کەمتر لەو فارسی دەزانی، بەڵام دوواتر گیرسانەوەی لە بەریتانیا، زمانە ئینگلیزییەکەی بەباشی مشتوماڵکردووە، بەچەشنێک، کە چەندان بەرهەمی ناوازەی لێوە وەرگێڕاوە، کە ئەم کارەشی لەدووای بیرکردنەوەی قووڵ، کردووە. واتە ئەو بابەتانەی هەڵبژاردووە، کە پێویستیی پەڕتووکخانەی کوردین، واتە وەرگێڕانی نەکردووەتە بازرگانی، تا ئێستاش ئەگەرچی گۆرانوتەنی خەلەلی عافییەتیش باری بەدەنێتی، بەڵام ئەو کۆڵینەداوەو شەونخوونی بەدیار وەرگێڕانی ئەو پەڕتووکانەوە دەکات، کە بە پێویستیی نەتەوەکەی دەزانێت.
هەڵوێستەم لەئاست چەند شیعرێکی مینەدا:
مینە، کۆنترین شیعرێکی، کە لە ئەم دیوانەیدا هاتووە، شیعری (باوەخونی) یە، ئەم شیعرە، بۆخۆی دەربڕینی هەستی شاعیرە، بەرانبەر بە ڕووداوێک، کە تاڕادەیەک شتێکی زۆر نامۆ نییە، چونکە مرۆڤ لەهەر تەمەن و ئاست و بارێکدابێت، کوردواتەنی مردنێک قەرزارەو درەنگ یان زوو، هەردەبێ ئەوقەرزە بداتەوە، جا هەلومەرجی ئەو دانەوەی قەرزە، هەرچۆنێکبێت ئەوە بۆ بەندە گرنگ نییە، بەڵام شیعرەکەی مینە، ڕووداوەکە دەکاتە تابلۆیەک، کە تێیدا هەستی دایکێکی کۆستکەوتوو و تازە زاوایەکی ناشاد و دەرودراوسێی پەشێواو و تاساوی کۆستەکە و هاوکات لەگەڵ وێناکردنی ئەودەمەی ژیاناوایی نەوبووکێکی تێدا ڕووداوە، لەلایەنی کەشوهەوای شارو تەنانەت دوێنێی ئاهەنگ و شایی و ئەمڕۆی ئامادەکردنی بووک بۆ دووائارامگە، بەوردی دەکاتە پەیڤی شیعر و خوێنەر دەباتەوە بۆ ئەو ساتە و بۆ کەمێک ژێی غەم لەگەڵ دایک و تازە زاوادا، دەهێنێتە هەژان، کە ئەمە بۆخۆی یەکێکە لە ئەرکەکانی شیعر، جا لەلایەنی شادییەوە بێت، یان پێچەوانەکەی. هەمیشەش شاعیری شیعرسوار دەتوانێت، کە ئەو ژێیانە بهەژێنێت، بەچەشنێک، کە لای خوێنەر ئاسەوارێک جێبهێڵێت. ئەم شیعرەش ئەوەکات و لەیادگەی کوورتمەودا، یاخود درێژدا، بە جۆرێک لە جۆرەکان ئاسەوار بەجێدێڵێت.
هەر بە ئەو چەشنەش، لە شیعری (ترووسکە) دا، مینە، کەتوارو هێماگەلێک لە کەلتووری کورد و ئیسلامەوە دەهێنێت و ئاوێتەیاندەکات بە هەستێکی ناسک و لە ڕێی دژیەکەکانەوە هەستی ئەویندارێک بۆ بینینی گراویی خۆی دەردەبڕێت، بەڵام ڕازی ڕاستەقینەی پشت ئەو پەیڤە ئاشقانانە، بەپێی مێژووی هۆنراوەکە و دوواکۆپلەکەی، ئاماژەیەکی پەنامەکی بە سەرهەڵدانی نوێی نەتەوەکەی لەئەو ڕۆژگارەدا دەدات، کە بە ڕێکارێکی جیاوازەوە دێتەوە کایە.
لە شیعری (کۆڕەو) دا، کە لە (1992) دا، لە دوورەوڵات لە لەندەن نووسراوە، مینە، خوێنەر لەگەڵ خۆیدا دەباتە بەسەرکردنەوەیەکی مێژووی نەتەوەکەی، هاوکات ناوداران و سەرکردە مێژووییەکانی نەتەوەکەی بەیاددەکات. ئەو خۆی فەرهەنگێکی کەلتووری کوردەوارییشە، هەر بۆیە لە ئەم شیعرەدا زۆرێک لە ئەو وتە و بڕوا و بۆچوونە کەلتوورییانەی نەتەوەکەی بە پەیڤی شیعریی دەکاتە پێکهێنی دەستەواژە شیعرییەکانی، بیرو بڕواگەلێکی کەلتووری کۆمەڵی کوردەواری، کە ڕەنگە زۆریان بۆ نەوەی نوێ نامۆبن و کەمیان پێیئاشنابن، لەوانەش: بنی پێ خوران، چاوفڕین، مریشک خوێندن لە ئێوارەدا، کاولبوونی #سلێمانی# بە ڕەشەبا، #کەرکووک# بە ئاگر... هاوکات شەڕو نەبەردەکانی کورد دژ بە داگیرکەران، لەوانەش شەڕی دەربەندی بازیان و زامداربوونی شێخی نەمر و بردنی ئەسپەکەی شێخ لەلایەن حەمەی نێرگەلەوە، کە دەکرا هیوایەک بووایە بۆ ڕزگارکردنی شێخ لە مەیدانی شەڕەکە.
مینە، لە شیعری (کوانووی خەم) دا، کە مێژووەکەی بۆ (20/2/1978) دەگەڕێتەوە، شەو بە کوانووی خەم دەچووێنێت، ئەگەرچی بەئاگایە لەئەوەی، کە خەمی مرۆڤەکان یەک چەشن نین، بەڵام مینەی بەئاگا لە مەحوی شاعیر و شیعرەکانی، پێدەچێت بییەوێت جێپێی ئەو هەڵبگرێت و پێمانبڵێت: شوکر وشیارە مەحوی، تێدەگات دنیا خەباراتە و ئەهلی دنیاش هەرچی بکەن، لە بەدەمەستییانەوەیەو خراپەیان لێناگیرێت، بەڵام مینەی ئەو قۆناغەی تەمەنی، کە بڕوادارێکی موسڵمانبوو، ئەوەی بە هۆنراوە بەرجەستە کردووە، کە لە ئیسلامدا دەوترێت: إن الانسان لفي خسر، بۆیە بەئاگایە لەئەوەی، کە خەمی مرۆڤەکان جیاوازن، لە خولیا و خوازت و حەز و مەبەستیاندا، هەریەکە و جۆرە خەمێک خەوی دەزڕێت و ئەهریمەنی بێداری نەک هەر خەو لە چاوان دەتارێنێ، بەڵکوو بە لنگی خۆی لالغاوەی باوێشکدەرانیان دادەتڵیشێنێ و وەنەوز لەبیر بێدارانی ئێشکگری خەمەکان دەباتەوە و هەرکەس بەدیار ئەندێشەی لەیلای خۆیەوە شەو ڕادەستی ڕۆژ دەکات و لە ڕۆژیشدا خولیاکان لە جەنجاڵیی ئەم ژیانەدا، پاڵەپەستۆیانە، مرۆڤەکان خەو بە گەیشتنە هیواکانیانەوە دەبینن و ساتەکان بەڕێدەکەن تا تەرمی ئەوڕۆژەش دەنێژن و بەرەو پەناگەی شەو دەبنەوە و هەمان دەستوور تێهەڵدەچنەوە. بەمەش تەمەن وەک بەفری بەهار هێدیهێدی دەتوێتەوە و ڕەوتی ژیان وەکوو بەرداش مرۆڤەکان بە خۆ و هیوا و ئاواتەکانیانەوە دەهاڕێ، بۆیە ئەم هاوکێشەیە لای مینە، لایەکی هیوا و ئاواتە و لاکەی تری خەم و ئازار و ژانە و هەرئەمەش لە دیدی مینەوە، ڕەوتی ژیانە، کە ئەمە بە جۆرێک لە جۆرەکان نزیکییەکی لەگەڵ سامۆئیل پێکێتدا هەیە، بەڵام ئەو بە دەقی (لە چاوەڕووانیی گۆدۆدا) گوزارشتیلێکردووە و مینەش بە (کوانووی خەم) .
لە کۆتاییدا دەڵێم مرۆی بەهەستی هەستناسک، کەمتر لەم کاروانی ژیانەدا خۆشنوود دەبێت، هەروەک ئەوەی گۆرانی مەزن بە شیعر گوزارشتیلێکردووە و دەڵێت: (زیاتر سەبەبی ژیری و شعوورە، خەفەتی من) ، یاخود، وەک (ئەلشابی) ی شاعیری عەرەب، دەڵێت: (شقی شقی من کان مثلی فی الحساسیة و ڕقة النفس) ، واتە مرۆی هەستناسک بەتەنیا لە ڕوانگەی پەرژەوەندیی خۆیەوە گۆشەیەکی وێنەی ژیان نابینێت، بەڵکوو سەرجەم وێنەکە دەبینێت، بۆیە ئەم تێڕوانینە مرۆییەش بێ مزە نییە و مزەکەشی ژان و کەسەر و پەژارەیە بۆ هەستناسکان. مینەش یەکێکە لەو مرۆڤانەی کە هەر لە مێردمنداڵییەوە خەمی خۆی و مرۆڤایەتیی داوە بەکۆڵیدا، بۆیە لە ژێی کەمانی هەستی ئەو، هێندەی ئاوازی خەم دەبیسترێت، نیو هێندە چاوەڕێی پێچەوانەکەی لێناکرێت. ئیدی ئەوە سرووشتی ژیانە و ئەمەش مزەی مرۆڤبوونی ڕاستەقینەیە، کە دەبێ لە ژیانیدا بیدات. [1]