ناونیشانی بابەت: لوتکەی قەندیل
ئامادەکردن و نووسین: عەبدوڵڵا کەریم مەحمود
هەموو ساڵێ لە 31ی ئاب دا، کۆتری ڕۆحی ئازاد هەورامی لە لوتکەی قەندیلەوە دەدات لە شەقەی باڵ و دەگاتە بابەگوڕگوڕ، لەوێوە بەرو قوڵایی ئاسمان بەرز دەبێتەوە، لە باڵای کەرکووکدا لە چاو ون دەبێ.
بیست و یەک ساڵی یادەوەرییەکانی تەمەنی لە گەڕەکە میللییەکانی ئەوشارەدا بەڕێ کرد. سیانزە بەهاری تەمەن بە پێشمەرگایەتی و شاخ بەخشی، دوا هەناسەکانیشی بەقەندیل سپارد.
سرووشتی یادەوەرییەکانی ئەم نیشتمانە پڕە لە ترژیدیای تاڵ. ویستگەکانی ژیانی منداڵی لە ئیمام قاسم و ئیسکان بەڕێکرد.
تاڵی مەرگەساتی چیرۆکی هۆنراوەو دەنگ و ئاوازو گیتارەکەی و عەشقی بێ سنووری ئازاد بۆ خاک، بۆ هاوڕێ شنۆ، ئەو فیلمەیە تراژیدیاییە، مەگەر بەهمەنی قوبادی تۆماری بکات.
ئازاد هەمان ڕێچکەی ڕۆح و بیرو بۆچونی شاسوارەکەی سلێمانی بوو. ئازادو ئارام دوو کریستیان نیشتمانێکی سەربڕاو بوون، ناو و نیشان و ئارامگەکەیان، وێردی سەرزمانی پێشمەرگه و خەڵکە.
ئەو ڕۆژەم لە یادە لەگەڵ پێشمەرگەیەکی هاوڕێم لە گوندی مێوڵاکەوە ڕومان کردە هەڵەدن، بە ژێر سێبەری باڵای شۆڕە چنارەکانی ناو هەلەدندا شۆڕبوینەوە. شنەی باکە شەپۆلی گەڵاو باڵای چنارە بەرزەکانی خستبوە سەما، گەیشتینە بن کەپرە گەورەکەی بارەگای دەزگای ڕۆشنبیری کۆمەڵە.
نووسینەکانی ئازاد هەورامیم خوێندبووەوە، دەمزانی پێشمەرگه و کەسێتییەکی بێ وێنەیە، دڵم بەوە دەکرایەوە، ئێستا سەرکردەیەکی ڕووناکببیر و خاوەن ڕەوشتی شکۆی باڵا دەبینم، له و بیرکردنانەوەدابووم، پێشمەرگەیەک بە سووراحییەک ئاوی ساردەوە بەخێرهاتنی کردین، دوای تاوێک بە چپە بە هاوڕێکەم وت: کوا کاک ئازاد هەورامی؟.
ئەویش وتی: ئەو پێشمەرگە خاکییەی ئێستا دەروونی فێنک کردیتەوە، ئازادی لێپرسراوی دەزگای ڕۆشنبیری کۆمەڵە بوو.
دواتر چەندانجار بە دیداری کاک ئازاد لە (هەڵەدن و چاڵاوا و بەرگەڵو و گاپیڵۆن ) شاد بووم، دەمزانی کەسێتی خاکیانەی ئازاد چەند باڵایە.
ڕۆژیکیان باسی کەرتی هاوڕێیان کرا ، ئازاد باسی شەهید نەبەزی کرد و وتی: گەر نەبەز لە شارەوە بێتە شاخ، نابێ لە هیچ شوێنک کار بکەن، دەبێ لەگەڵ خۆمدا لە دەزگای ڕۆشنبیری کۆمەڵە بێ. ئێوارەیەکی درەنگ من و حسین محەمەد ئەحمەد ناسراو بە هاوڕێ (نەریمان ) ، دەمانویست لە ئیستگەی گەلی کوردستانەوە، لە بەرگەڵوەوە بگەڕێینەوە بۆ هەڵەدن. له و کاتەدا کاک ئازاد بۆ کارێکی تایبەتی گەیشتە ڕادیۆی گەلی کوردستان، دواتر پێکەوە گەڕاینەوە، باڵی تاریکایی بەسەر زنجیرە چیاو دۆڵ و ڕێگاکەماندا کشا، بە درێژایی ڕێگاکە باسی ئەدەب و مۆزیک و دنیای ڕۆمانسیەتی ڕۆحی جوانی سرووشت و پێشمەرگایەتی بۆ کردین.
ئازادەکەی هەورامان و کەرکووک، پێشمەرگه و هونەرمەندو نووسەر و سیاستمەدارێکی هێمن و وردو قوڵ، سەرکردەیەکی تایبەتمەندو بەوەفاو خاکی،
دوای ئارام، ئەو تاکە سەرکردەبوو، هەنگاوی نوێی دەنا. دوای ئەو هیچ کەس نەیتوانی، بە هەمان هەناسه و ڕۆح و هەڵوێست، بە ڕۆحێکی ئازادو بە گیانی خاکیانە، دوور لە نەرجسیەت، بە دەروونێکی پاک و بێ گەردەوە، بە وەفاو بە ئەمەکەوە، هەنگاوەکانی ئەو تەواو بکات. ببێ بە وێردی سەر زمانی خەڵک.
هاوکێشە سیاسییەکان بەجۆرێک گۆراون، زۆر لەم دەم و چاو ڕوخسارانەی ئێستا، خاوەنی هەموو شتێکن و هیچیش نین، کەس خۆشی ناوێن، تەنیا ماستاوچی و لەب لەبانەکانی دەوروبەریان نەبێ، ئەو ئینتیهازیانە هەموو کارو کردەوە کەسێتییان درۆو فێڵ و سیناریۆی بەرژەوەندییە.
ئازاد هەورامی وەک مەسیح پێشمەرگە بوو، شۆڕشی کرد، هەڵوێستەکانی مەسیح ئاسا پڕبوو، لە بەهای ئاشتی و خۆشەویستی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، وەک مەسیح لە خاچ درا .
لە 31ی ئابدا، بە دەم سوێی ئازارەکانی یەوە، تا دوا هەناسەی سروودی ڕێی خەباتی بۆ ( خاک بۆ پێشمەرگە بۆ خاتوو شنۆ) وت:
ڕێی خەباتمان چەندە سەخت و دووربێ
با چوار دەورمان کڵپەی ئاگربێ
لەم ڕێ یە پیرۆزە هەرگیز لانادەین
ئێمەین بۆ مردنیش ئامادەین
*نەبەز ، ناوی نهێنی شەهید (ئارام محەمەد کەریم) بوو ، لە17-12-1985 ، (ئارام و سەردار و هیوا) لە بەردەم سانەوی ڕۆشنبیردا، گولە باران کران. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری نەکردووە=KTML_End=