#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
پێرێ لە کتێبخانەی گشتی کە ڕۆزانام بینی
بەشێکی زۆری
قسەکانمان سەبارەت بە شیعری تازەو نموونە
جوانەکانیان بوو. ڕۆزانا
وتی: بە ڕاستی من ئەو شیعرانەم بە دڵە کە
ئاهەنگ و ڕیتمێکی موسیقیان تێدایە... بە تایبەتی شیعری لیریکی...
هەندێ شیعری ڕۆمانسیش
هەن قەت لە بیرم ناچنەوە. نازانم تۆ شاعیری
بەڵام هەوڵت داوە لەو شیعرە ڕۆمانسیە ئاهەنگدارانە بنووسی؟!
ئیتر دواتر ئەو پرسیارەی ڕۆزانا بوو بە مەراق لە دڵما... ئەو
ڕۆژە نەهاتمە دەرەوە
خەیاڵ بردمی دووردوور بردمی... دیارە خەیاڵێ
کە باڵەکانی خۆشەویستیی ڕۆزانا خۆی بوون. ئیستە شیعرەکەم
تەواو کردووە و خواخوامە
ڕۆزانا ببینم و بۆی بخوێنمەوە... تۆ بڵێی بە دڵی
بێت
من ئیستاکە، لە جۆلانەی، تانگۆیەکی سپیدا
دێم و دەچم و، سەرم لەسەر، شانی مانگێ داداوە
لە ئاوڕیا، تاڵەکانی، تریفەی قژ لەسەر ڕووم
پەخشانێکە، دێڕەکانی، بە پەنجەی خوا نوسراوە.
بە ئەسپایی، دەستی ئەگرم، وەکو دەستی شەماڵ بێ.
کەمەرێکیش، نەرم و نیان، ئەڵێی کەمەری ئاوە.
لەمسەرەوە، وەختێ ئەمبا، نەورەسی سەر شەپۆلیم
لەو سەرەوەیش، کە دێمەوە، نمەم بەسەر گەڵاوە.
گەمیەی تانگۆ، هەردووکمانی، لە ئامێزدایە و
ئەڕوا شەپۆل شەپۆل، تا ئەگاتە، کەناری شانۆی گەورە.
لە سەرەوە، بۆ خوارەوە، ئاوێنەبەند، تیشکی زۆر
بوون بە جۆگەی، هەزار ڕەنگ و، ئەڕژێن بە سەرماندا.
پێستی بەفرە، کەچی دەستم، لەسەر پشتی نیوەڕووت
دائەگیرسێ و، گەرم گەرم، وەکو بووبێ بە مۆمدان.
قنج ئەبمەوە، لێوی نزیک، قوتە... بۆ ماچێکی ئاڵ
یەک چرکەی تر، یان نوقم بووم، یان فڕیوم بۆ ئاسمان.
بەر گەردنی، ئاوێنەیە و، لەگەڵ مندا ئەسووڕێ
جارێک خۆم و، جارێکی تر، هۆنراوەی تیا ئەبینم.
بەرەو خوارتر، لە درزێکدا، تەماشام عاسی ئەبێ
بەر نابێ تا، دوو سێ پەنجەم، کۆترەکان هەڵئەفڕێنێ.
من ئەمشەوم، هێناوەتە، بەربارانی تانگۆوە
بۆیە تەڕە، ڕووناکیم و، وا سەوزیشە مۆسیقا.
ئەجووڵێم و، بە ئاگام و، کەچی لەناو خەویشدا:
بووم بە ئاسۆی، ناو سایەقەو، گەلاوێژ لە باوەشما.
ئەو باڵایە، باڵای تیشکە؟ یاخود باڵای قەسیدە؟
ئەو قۆڵانە، قۆڵی کچن؟! یاخود قۆڵی گۆرانیی؟.
ئەی من ئەمشەو، ئاگر خۆیم؟، یاخود هەڵمی سەر
ئاگر؟.
فڕین خۆیم؟، عەشق خۆیم؟، یان دڵداری باڵندە؟.
#شێرکۆ بێکەس# [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=