دوعای خۆشبەختیت بۆ ئەکەم
تا هەمیشە سەرفراز بی
منیش نەبم، لای هەر کەسبیت
هەر بەناز بی
هیواخوازم، لەژێر سایەی
خواستەکانت، ژیان بکەیت
مێرد بە پیاوێ خاوەن کۆشک و
سەیارە و ماڵی جوان بکەیت..
میهرەبان بێت
تا دوا ڕادەی میهرەبانی
بۆن و بەرامەی ماڵەکەت
پڕ بکا لە کامەرانی
وشەی ڕەقی شەڕەکانتان
هەر بە (گیان و هەناسە) بێت
ناخۆشترین دەمی ژینتان
هەر سەیران و هەر پیاسە بێت
هیوا خوازم عەزیزی تۆ
هەزار ئەوەندەی من پیاو بێت
لەناو خەڵکا بە شەهامەت
لە من زیاتر خاوەن ناو بێت
ئاواتمە دوو کۆرپەی جوان
ناسک و ژیری وەکو خۆت
خوای میهرهبان، لەسەر باڵی
فریشتەیەک بینێرێ بۆت
هیوا خوازم،
هەرچییەک باشە تۆ هەت بێ
حەزت لە نیو نیگای مانگ بو
بە دەم ڕوانینتەوە لەت بێ
ئەی ئەو کەسەی
بۆت ئەژیام و بۆم ئەمردی
هی منیش بای
هەر ئەوەنەم بۆ ئەکردی
خەفەت مەخۆ
کە لەیەکتری جودا بوین
قوربانی دەست
قسەی خەڵک و دوعا بوین...
لەم دنیا
ئێمە لەیەکتر دابڕاین
هەردوکمان لەناو ئاگراین
بەڵام ئەوەی کە هەوڵیدا
چرای عیشقمان خامۆش بکا
خوا ئاگری ئەو دنیای
لە ئێستاوە بۆ خۆش بکا..
ناوی نووسەر: #بەڵێن سەنگاوی# [1]