هەنگاوێک دێی
هەر خەونمەو کەسک ئەبێ
ڕێگای فراوانی ڕۆشتن
لە بەر چاوما تەسک ئەبێ...
گوڵی ژاکاوی شێوەم
ورد ورد سەوز ئەبێتەوە
لۆچەکانی دەموچاوم باش ئەبێت و
هەر خۆزگەمە و ئەڕوێتەوە...
بەهەنگاوێ
بەهار دێنی
بە هێمایەک
چیم بێدەنگە
ئەیدوێنی...
کە ئەزانیت ئەو هەمووەی
کاتێک دڵنیای کە ئەو خووەی
هەتا ماوم لە سروشتمای
لەناو ورد و درشتمای
چۆنە نایەی؟؟؟؟
گەر من بم دێم
نەک هەنگاوێ
کامە ڕێگا زۆر درێژبێ
ئەوەیە ڕێم...
ئەی ئەو دەردەی
بۆ هاتنت ڕۆژ ئەژمێرم
ئەو دەرمانەی
گوڵ بۆ یەخەو
بۆن بۆ گەردنت ئەنێرم...
ڕێگای هاتن فراوانە
هەر تولە ڕێیە ئەبینی
پێیدا وەرە
ماڵی منت بەرامبەرە...
تۆ سەیرکە
خەیاڵی من...
بۆ هاتنت
کوێ نەبووە بە ماڵی من؟
تۆ بیبینە ڕێی هاتنت چەند ئەسانە
کەچی نایەی
من ماڵەکەی تۆش نازانم
گشت ڕۆژێک دێم
ناشارەزا
کۆڵان و کۆڵان ئەگەڕێم...
ئەگەڕێم و چاو ئەگێڕم
(بە پەنجەرەی کۆشکەکانا )
ئەگەڕێم و عەسری چاوم
هۆن هۆن ئەتکێ لە تاوانا...
خۆر بەرەو ئاوابون ئەچێت و
هەر ناتبینم
ئیتر ورد ورد کزر ئەبێ
کەفی تینم...
ملی ڕێگا ئەگرمە بەر بە خەمەوە
دەستێ ئەخەمە بان دڵم و
دەستێکیش بە کەلەمەوە...
ڕوو بەرەو ماڵ
لە نیوەی ڕێ
مەلی خەیاڵم هەڵئەفرێ...
لە خۆمەوە هەنگاوەکان خێرا ئەکەم
بۆ ئەوەی زوو بگەمە ماڵ
جار جارێ تۆزێ ڕا ئەکەم..
چونکەلە خەیاڵەکەما
تۆ های لەناو ماڵەکەما...
ئاااای گیانی من
کاتێ کە بە خۆ دێمەوە
هەناسەم سوار
ناو چاوم تەڕ
ئارەقی ڕێ
پێ هەتا سەر
دەستی ماندوییم لە کەمەر...
سەیر ئەکەم
نە تۆ هەیت و نە ماڵێ
نە سفرەی خوان چاوەڕێمە
نە مناڵێ...
ئاااای لەو هەستە
ئااای لەو خەمە
ئاااای
لە سەد مەمی بێ زینی
ئەم سەردەمە...
لەم گۆڕستانی خەونە
پف لە دەورانی ئەم کەونە.
چی تێدایە بێ لە حەسرەت؟؟
ئەملای خەفەت
ئەولای خەفەت
هەزار نەفرەت ، هەزار نەفرە...
ناوی نووسەر: #بەڵێن سەنگاوی# [1]