هەر ئەژاکێ
کامە گوڵە زۆر ڕەنگینە
هەر ئەترازێ
کامە بەردە لە جێی خۆیدا زۆر سەنگینە...
بای زەمەن
چەند درەختی لوت لە لوتکەی داماڵیوە
چەند تەلاری لە خۆبایی ڕاماڵیوە
تۆ بە چییەوە ئەنازیت؟
نەشمیلەیی و مەکربازیت؟
ئەڕۆن گیانە
تەواو ئەبن
بڵقی پوچی سەر ئاوئەبن
هەر ناو ئەبن.
ئەوەی کە من ئەتاسێنێ
هەر چرکەیەک تێئەپەڕێ و
خەمێکم پێ ئەناسێنێ
عەزابێکە
داگیرتەکا
زمانم لاڵ دێ پیرتەکا
کێت لا ئەبێت؟
منت کە نیم
چونکە ڕەنگە
بمرم لەم مەیدانی جەنگە
یاخود ئەشێت
کەسێک ئاشقی وەک خۆم شێت
بێتە باخی ژیانمەوە
وا بنوسێ
بە دڵ و دەماخو گیانمەوە
لە هۆگری سەرم سوڕمێ
تەلاری بەرزی ڕابردووم
دا بڕمێ
گەرچی بەوەفایان
کەمن
هەورن
تاوە بارانی بەهارن
تەمن.
کوتو مت وەک ئەو ئازیزە
کەهەر دەڵێی چڵە داری ڕەنگ پەڕیوی
دەم پایزە
خۆ ڕەنگیشە
قاپی بەختت بێتە سەر پشت
کلیلی ماڵی خۆشبەختیت بنێتە مشت
یاخود ڕەنگە
ئەوەی وێران ئەبێت منبم
لەناو تۆزی
ئەپۆڕای دەردی دووریتا ونبم
دەی هیواخوازم کە وابێ
ئەوە دیاری و ڕەحمی خوابێ
بیڕژێنێ بە سەرتدا
بە باڵای خۆت پێکەنینت
بۆ بدوورێ لە بەرتدا...
هیچ دوعای ڕەشیت لێ ناکەم
نزای تەنهایی و دوودڵی و
غەم و کەم بەشیت لێ ناکەم
وەک هەمیشە لە قاپی خوادا مانەوەم
دوعاو نزاو پاڕانەوەم
بۆ ئەوەیە ئاسودەبیت
هەر بە ناز و بزەو ماچ ئالودەبیت.
دەی هیواخوازم کەوابێ
بۆ تۆی ئازیز
ئەوە دیاری و ڕەحمی خوابێ
گەرچی بیستوما وانابێ
چونکە باجی خەم بە خەمەو
حەق کۆن نابێ.
ناوی نووسەر: #بەڵێن سەنگاوی# [1]
Dette produktet har blitt skrevet på et språk (کوردیی ناوەڕاست), klikk på ikonet
for å åpne elementet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dette produktet har blitt sett 106 ganger
Skriv din kommentar om dette elementet!