ئەم نیشتیمانە موێکی تێدا
1
بەرەبەیان لەناو جێگەکەم هاتمەدەرێ،
کە جگە لە بۆشایی شتێکی دیکە نەبوو
2
بە شلەمەنییەک چڕوچاوم شوشت،
ئاو نەبوو شتێکی دیکە بوو
3
چووم بۆ ناو دارستانێکی وەریو،
چنگێ پەلکی ڕژاو و
چنگێ چۆلەکەی ڕژاوم کۆردەوە،
ئاگرێکم هەڵکرد
-ئاگر نەبوو شتێکی تر بوو.
4
بە کتلیە ڕەشەکە، کە دەتگوت کیشوەری ئەفەریقایە چایەکم لێنا
چا نەبوو شتێکی دیکە بوو
5
بە پارچەیەک سێبەر ناو گەڵم داپۆشی،
کە لە درەختێکی کەسیرەم کڕی بوو.
سێبەر نەبوو شتێکی دیکە بوو
6
دڵۆپ دڵۆپ لە ئاسمان دەهاتە خوارو لەشە ڕووتەکە تەڕ دەکردم،
باران نەبوو شتێکی تر بوو
7
کولو کلو لە بڵنداییەوە بەردەبۆوە ، دنیای سپی دەکرد،
بەفر نەبوو شتێکی تر بوو.
8
چووم تا بەشە خۆراکی مانگانە وەرگرم:
کیلۆیەک گریان و
سەبەتەیەک ئازارو
فەردە ئاردێکی ڕەش
9
بوتڵێک ئاو گرانترە لە بوتڵێک خوێن
تۆپێک کفن هەرزانترە لە کولوە بەفرێک
10
ئەم نیشتیمانە موێکی تێدا.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]