ئەلزهایمەر
1
نامەوێ لە خۆم دوور کەومەوە..
من نیوەم نیشتیمانە و
نیوەم ژن
ئیدی دەبم بەتەنیاترین مەخڵوقی خودا.
2
نامەوێ سانتیمێک لەخۆم بترازێم..
دەترسم بچمەوە سەر ئەو پیاوەی،
قەڵەمی ڕەنگ،
لە باخچەی منداڵانا بدزم و
لەخەڵوەتگەی پیریش، سێبەری درەختێکی گەنج.
3
نامەوێ خۆم بەجێ بێڵم..
کێ تێل بۆ سەگە برسییەکان بکات و پێیان بڵێ خڕ ببنەوەو مانگرتن ڕابگەیەنن.
کێ بە نامەیەک چۆلەکە لانەوازەکان
ئاگادار بکاتەوە کە سبەی لەبەردەم دادگاکانا خۆنیشاندانە .
کێ بەکۆترە باریکەکەی ڕۆخ پەنجەرەکە بڵێ:
بەیانیت باش کچی خۆم.
4
نا هەرگیز نامەوێ لەخۆم دوور کەومەوە..
نەبادا بۆ سەر کانیلەیەک پێشی ئەو ڕاوکەرە بکەوم،
تا دەستڕێژ لەو ڕەوە ئاسکە بکات،
کە مژوڵی ئاو خواردنەوەن.
5
قەت نامەوێ دوور کەومەوە لەخۆم..
ئاخر کێ جورئەت دەکا وەک من؛
گومان لە کتێبە پیرۆزەکان بکات
ژنێکی خۆش بوێ کە ژنی پیاوێکی ترە.
لەبن چەتری وێستگەیەکی پاسدا،بەڕووتی بوەستێت.
6
گەر لەخۆم بستێک دوور کەومەوە،
تووشی ئەلزهایمەر دەبم
سۆل لەبەردەمی شەونم دادەنێم- وا دەزانم دایکمە.
بەرماڵ بۆ سپێدە ڕاخەم - وا دەزانم دایکمە.
دەستی پەپوولە ماچ دەکەم -وا دەزانم دایکمە.
7
نامەوێ بەخۆم بڵێم خودا حافیز..
دەترسم خەنجەرێک بخەمە بەر پشتم و
بیر لە کوشتنی نیشتیمان و
بیر لە کوشتنی ژن بکەمەوە.
8
یەک چرکەش نامەوێ لەخۆم بترازێم
چونکە دڵنیام؛
هیچ جێگرەوەیەکم نییە.!!
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]