ئوتۆمبیلەکەم
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە#
1
بەئۆتۆمبیلەکەم لە پشیلەیەکم دا
وەستام
ئەژنۆم کەوتە لەرزین.
چاوم نوقاند.
سەرم خستە سەر سوکانەکە.
2
بریندارێکم پێ گواستەوە خەستەخانە،
کوشینی دواوەی
خەڵتانی خوێن بوو.
3
کەبەفر دەباری
ئۆتۆمبیلەکەم دەکرد بە باڕێکی بچووک
من و موکری
شەرابمان تێدا دەخواردەوە
4
بووکم پێ گواستۆتەوە بۆ ماڵی زاوا.
لە ئاوێنەکەی بەردەممەوە
سەیری سینگە ڕووتەکەیم کردووە؛
لە کەروێشکێکی سپی دەچوو.
5
لە سندووقەکەیدا،
فیشيک و نارنجۆکم حەشار داوە
بەسەلامەتی لەبازگەی دوژمندا
پەڕیومەتەوە.
6
لەشیرین خەودا ڕاستیان کردومەتەوە
ژنە داروسێکەمان لە ئان و ساتی منداڵ بوون بوو
گەیاندوومەتە نەخۆشخانە.
بۆ بەیانی زانیم کچێکیان بووە ناویان ناوە؛
هەنار
7
هێندێ جار دەمکرد بە ژووری نوستن
لەگەڵ ژنێکدا بەڕووتی تیایا دەنوستین
کازیوان،
پاکەوانی* شەقامەکە لە مینای پەنجەرەکەی دەداو
خەبەری دەکردینەوە.
8
لەگەڵ باوکما، لە کۆیەوە
بە سواری ماشێنەکەم چووین بۆ بیتوێن.
فاتیحامان بۆ گیانی ئەو شوانە خوێندوە
کە مین لەژێ پێیدا تەقیبوەوە.
9
سبحەینەیەک چوومە گەراجەکە
تا سواری تڕومبێلەکەم ببم و
پێی بچمە دادگا..
نامەیەکی پێچراو خرابوە بن فڵچەکە.
زانیم؛
تژییە لە هەڕەشەی مەرگدۆستان.
نەمخوێنەوەو دڕاندم. [1]