بەهاری #سلێمانی#
سەحرا ئەڵێی بەهەشتە
دڵ ئارەزووی لە دەشتە
حەزی لە سەیری گەشتە
کوژراوی چاوی گەشتە
گیرۆدەی خاڵی ڕەشتە
یارم شازادەی ڕەشتە
***
ڕۆژێکی بێ قوسوورە
دنیا باغ و قوسوورە
پڕ لە غیلمان و حوورە
خەفەت لە دڵ بەدوورە
گوێت لە نەغمەی تویوورە
وێنەی ساز و سەمتوورە
***
«پیر میکاییل» ببینە
دڵگیر و خۆش و شینە
هەروەک تاوس ڕەنگینە
جێی بەزم و هەڵپەڕینە
سەیران و پێکەنینە
پڕ ناز و نازەنینە
***
جێ هەر «قۆریە شکاو»ە
وێنەی خۆ نەبینراوە
مەشهوور و زۆر بەناوە
بڕوانی لە هەر لاوە
دەستەی کچان و لاوە
وەک چنار و لاولاوە
***
خۆشی لە «سەرچنار»ە
چیمەن و مێرغوزارە
هەواکەی میشکبارە
دار و بەردی خومارە
سەیران کەری هەزارە
جێی بولبول و هوزارە
***
چوار شەممووان هەرایە
ڕۆژی بەزم و سەفایە
ئازادی ئاشکرایە
ڕەش بەڵەک و سەمایە
بۆ دەردی دڵ دەوایە
کاشکی هەروا بووایە
***
خوایە هەموو بەهاران
بەخۆشیی خزم و یاران
بچینە بەزم و سەیران
ئێمەش هەروەکو شاران
بەنووری عیلم و عیرفان
ئاوا ببێ وەتەنمان
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [1]
Dette produktet har blitt skrevet på et språk (کوردیی ناوەڕاست), klikk på ikonet
for å åpne elementet på originalspråket!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Dette produktet har blitt sett 131 ganger