ناونیشانی بابەت: یادەوەرییەکی تاڵ
ناوی نووسەر: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
لە شەستەکان لە قوتابخانەی بێ کەس –ی سەرەتایی بووم ، بێ کەس ومەولەوی دوو قوتابخانەو دوو دەوامی جیاواز بوون ، بەرامبەر بە ئینزیبات خانەی سلێمانی ، زیندانی گرتن و ئەشکەنجەدانی سەردەمی زەعیم سدیق.
ئەو سەردەمە هەمووشەقام وکۆڵان و گەڕەکەکانی شار پڕ ببوو لە ئینزیباتی کڵاو سوور و ئەمن و جاسوس و جاش وخائین.
ئینزیباتەکان ئاڕاستەی چەکەکانیان بەرە و رووی هاوڵاتیانی ناو بازاڕ وشەقامەکان بوو ، پەنجەیان له سەر پەلە پیتکەی چەکەکانیان بوو , لە ناکاو دەسڕێژ یان بە ناو خەڵکا دەکرد ، جەستەی چەند کەسێکیان خەڵتانی خوین دەکرد .
دەنگی دەسرێژ ی ئینزیباتەکان و هاڕەی داخستنی
دەڕابە ی دوکانەکان ،هەمووبازاڕی دەهەژان، پیاو ژن و منداڵ ، لە ترسا ، هەریەیەکیان بەرەو ئاراستەیەک رایان دەکرد ، بە خیرایی خۆیان دەکرد بە کۆلانەکان و لە بەر خۆیانەوە ، بە شپرزەیی سەیری یەکتریان دەکرد و بە یەکتریان دەوت :
-قڵێشایەوە ..قڵیشایەوە
ئه و ساڵە لە پۆلی یەکی سەرەتایی ، بووم بە هاوڕێی قوتابیەکی ئەسمەری قژ لولی هێمن و مەنگ وریا وزیرەک ، ناوی (ئومید سەعید گەوهەر )بوو ، پێکەوە لە سەریەک کورسی, لە ریزی ناوەڕاست دا دەنیشتین .
لە چاوە ڕەشەکانی ئومێد و لە روە خۆشەکەی دا ، زەردەخەنەی بەهای قوڵی پاکی مرۆڤ دۆستی و خۆشەویستی و وەفای هاوڕێ یەتی دەدەروشایەوە.
مامۆستا تاهیر بابان بەرێوەبەرمان بوو ، ئەوساڵە خانەنشین کرا ، کارەکانی خۆی بە مامۆستا حەمەرەشید ی بەڕێوەبەر سپارد .
ئه و بەرێوەبەرە نمونە ییە باڵابەرزە ، بۆ یەکەم جار ،بە زمانێکی شیرین و پاراو ، خۆی بە هەموومان ناساند ، لە وتەکانی دا بە وردی باسی بەرنامەی خوێندنی، ئه و ساڵەی بۆ کردین ،پر بوو لە عەشق بۆ بەهای شکۆ ی پەروەرده و خوێند ن .
ئەو مامۆستاو رابەرە پەروەردە نمونەییانە ، دەیان ، سەدان ،هەزارەها نەوەیان ، بۆ خزمەتی شکۆی زمان و کلتوورو نیشتمان و مرۆڤایەتی پێ گەیاند .
لەگەڵ ئومێد ، عاشقی کتێبی (ئەلف و بێ )کەی مامۆستا ئیبراهیم ئەمین باڵدار بووین .
لە سیحری جوانی (پیت وشە ورستە وچیرۆک و وێنە رەنگاو رەنگەکانی ) , ناوکتێبەکە و سەر بەرگی کتیبەکە ، توشی تێڕامان دەبووین ، دەیان خەیاڵی ئەفسانەیی منداڵانە ، رۆحی داگیر دەکردین.
هەردووکمان عاشقی ئه و کتێب و گۆڤاری
منداڵانەیە بووین ، لەو. سەردەمدا دەردەچوون ، بەدەست هاوڕێکانمانەوە دەمان بینی ، بەڵام ئێمە نەمان دەتوانی بیکڕین .
ئێمە لە نهێنی بەهای جوانی و پاکی و پیرۆزی دوو ناو نەدەگەیشتین :
بۆ قوتابخانەکەمان ناوی (بێ کەس )ە ؟، ئه و هەموو قوتابی ومامۆستایانەی بێ کەس، بێ کەس نین ؟
چۆن ( ئیبراهیم ئەمین باڵدار ) ، باڵی هەیە ؟
بڵێ ی (ئیبراهیم ) ، وەک باڵندەکان ، بەره و قوڵایی ئاسمان بفڕێ ؟
ئەوەندە مامۆستاکانمان خۆش دەویست ، وامان دەزانی ئەوان ، وەک ئێمە لە دایک نەبوون ، لەئەستێرەیەکی ترەوە هاتوون بۆ لای ئێمە!
بیرمە مامۆستا ئەکرەم فەوزی ، دەهاتە پۆلەکەمانەوە، بەوردی یەک ، یەک ،سەیری روخسار و جل و بەرگ و پێڵاوەکانیان دەکردین .
چەند پرسیارێکی لێ دەکردین ، دواتر ناوی (من وئومێدو چەند قوتابیەک )ی تریان دەخوێندەوە، جل و بەرگ وپێڵای نوێیان پێ دەبەخشین ،
جلەکان چاکەت و پانتۆڵ بوون ، ئەوەندە گەورەو فراوان و دەڵب بوو ، جێگای دوو کەسی. تیا. دەبوەوە ، بۆ لە بەر کردن نەدەگونجا.
پێڵاوەکانیش ژمارەکەی ئەوەندە گەورەبوو ، بۆ لەپێکردن نە دەشیا.
ئومێد وبەرزان وکارزان وخوشکەکانی لە ماڵەوە ، قوتابی دوو مامۆستا بوون
یەکەمیان ، (سەعید گەوهەر )ی ،باوکێکی ، دەروێشی کاژیک .
دووەمین ،(ناهیدە سۆفی) دایکێکی دەروێشی ، شیوعی.
کەریم سۆفی خاڵ یان ، یەکێک بوو شیوعییە،سەبازە ونەکانی شار.
جیاوازیی نەتەوەیی و چینایەتی یەکان ، هەست و ناخی ئێمەی زیاتر دەهەژاندن .
بوون بە بەشێک لە رۆحی خۆشەویستی خاک و نەتەوە وپێشمەرگە و شۆڕش وهەڵوێست ، بووین بە هاوڕێ ی کتێبە مەمنوعەکان.
دوای هەڵکشانی تەمەن ، ئومێد و بەرزان بوون بە پێشمەرگە ، ئەمنی سلێمانی ، (سەعید گەوهەر وناهدە سۆفی و کچەکان)ی لە سلێمانی دەسگیر کرد ، بەزیندانی گواستنیەوە ، بۆ زیندانەکانی شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق .
کەریم سۆفی شیوعی ، خاڵی ئومێد لەسەردەمی پاشایەتی دا ، لە زیندانەکان، بەدەم ئازاری ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی ونەخۆشی موزمنەوە ، بێ سەروشوێن کرا .
ئومیدی پێشمەرگه و کادێری پێشکەوتوی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان ، هەموو تەمەنی گەنجیی ، بەشاخ وشۆڕش و پێشمەرگایەتی سپارد.
نمونەی بەهای پاکی هاوڕێیەتی وکوڕی رۆژانی تەنگانه و نەهامەتی یەکان بوو.
ئومێد. ئەرشیفێک بوو ،. لە یادەوەری وردی جوان ، ئاگای لە کون و کەلەبەرە وردەکانی مێژوو بوو، فەرهەنگێک بوو، لە زانیاری قوڵ ، رشتەیەکی مرواری نوێ بوو، لە نوکتەی حازر بەدەست و فەلسەفی پراکتیکی جوامێریی تەمەن ، شکۆی وەفاو ئەمەک و جوانی بەهای مرۆڤ و ژیان
بۆ دوا جار ، ئومێدم لەچلەی دکتۆر جەمال نەبەز ، لە تەنیشت مامۆستا (عەلی کەمال )لە هۆڵی تەوار بینی ، جێگاکەی ئەو لای بەتاڵ بووم ، پێکەوە دانیشتین .
ئومید لە ئەڵمانیا نزیکترین ، قوتابی و هاوڕێ ی دکتۆر جەمال نەبەز بوو، بێ سنوور، دکتۆر جەمال نەبەزی خۆشدەویست.
دەیان یادەوەری لە گەڵ دکتۆر جەمال نەبەز دا هەبوو، بڕیارمان دا پێکەوە دابنیشین وئه و یادەوەریانە تۆمار بکەین .
لە ناکاو ئازارێکی توند سەر سنگی ئومیدی داگرت ،بە هێمنی یەکەی خۆیەوە وتی:
ئەوانەوانەی لەم چلەیەدا وتار دەخوێننەوە ، کەسیان بەقەدمن ، لە بارەی ویستگە جیا جیانی ژیانی و هەڵویستە باڵاکانی دکتۆر جەمال نەبەز شارەزانین.
ئازارەکەی زیاتر تەنگی پێ هەڵجنی ، بە کزییەوە رووی تێ کردم :
-ئیتر لەمەزیاترناتوانم ، لێرە بمێنمەوە .
لە گەڵ ئومیدا هۆڵەکەمان بەجێ هێشت ، چومە دەرەوە ،تەکسیەکم گرت ،ویستم بیبەم بۆ نەخۆشخانە ، بواری نەدام ،وتی :
-دەگەڕیمە وە بۆشووقەکەم ، لە قەیوان سیتی .دەرمانەکانم بیر چووە بیخۆم .
دوای چەند مانگێک ، بەرێکەوت ، بەرزانی برای ئومێدم ، لەشەقامی مەولەوی بینی.
هەواڵی جەرگبڕی ، دواهەناسەی ئومێدی هاوڕێمی
پێ ڕاگەیاندم :
ئه و ئێوارە درەنگ وەختە ، باڵی تاریکیی و خامۆشی ، باڵای سەیوان وسلێمانی ،داگرت بوو.
ئومید- مان ، بە باوەشی ( دایک و باوکی وسەیوان ) سپارد .
دیمەنی یادەوەرییەکانی ئومێد ، لە چاوەکانمان ون
نە دەبوو.
ئومێدو یادەوەرییەکانی ،وەک ئەرخەوانەکانی سەیوان ، تا دوا هەناسە، لە رۆحما زیندووە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=