بەرهەمهێنانی برنج لە باشووری کوردستان
هانی موڕتەزا
بەروبوومی برنج یەکێکە لەو دانەوێڵانەی کە خواستێکی زۆری لەسەرە نەک تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە هەموو کیشوەری ئاسیادا، کە بە خۆراکێکی بنەڕەتی دادەنرێ. لە کوردستانیشدا خواردنی برنج وەک ژەمە سەرەکی و بەتامەکان خواستێکی زۆری لەسەرە، ئەمەش وای کردووە ماوەی چەند ساڵێکە خواست لەسەر برنجی خۆماڵی زیاد بکات، بەم هۆیەشەوە جووتیاران جارێکی دیکە ڕوویان لە چاندنی برنج کردووەتەوە، ماوەی دوو ساڵە ڕووبەرێکی فراوانی زەوی لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتیش لە #هەریر# و #دهۆک# و #ئاکرێ# و #بازیان# و #ڕانیە# بە برنج دەچێنرێ.
1-گوندی هورمزیان لە لە سنووری شارەدێی بازیان ڕووبەرێکی فراوانی برنجی لێ دەچێنرێ و مەبەست زیاتر لە چاندنی برنج لەم ناوچەیەدا بۆ دەستکەوتنی چەڵتووکە کە لە ڕووی جۆرەوە کوالتییەکی بەرزی هەیە.
2-دەشتی هەریر یەکێک لەو دەشتانەی باشووری کوردستان کە هەم لە ڕووی خاک هەم ئاوی سازگار بەناوبانگە، ساڵانە بەرهەمێکی زۆری برنجی تێدا بەرهەمدەهێنرێت، لە دەشتی هەریر و #باتاس# کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای #هەولێر#، ساڵانە نزیکەی 450 دۆنمی خاکی ناوچەکە بە برنجی خۆماڵی و کوردی دادەچێنرێت و نزیکەی 600 تۆن برنج، کە یەکێکە لە باشترین جۆرەکانی برنج بەرهەم دەهێنێت.
چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ 2023 ڕێژەیەکی زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو بچێنرێت.
ڕێژەی بەرهەمی برنج بەراورد بە دانەوێڵەکانی تر زۆر زیاترە، بۆ هەر تەنەکەیەک چەڵتووکی چێنراو 50 تەنەکە لەسەر خەرمان دەداتەوە بە جووتیاران و ، هەر تەنەکەیەک چەڵتووکیش 50-70 هەزار دینارە.
3-لە پارێزگای دهۆک ڕووبەرێکی فراوان بە برنج دادەچێنرێت، بەتایبەتیش لە سنووری شارۆچکەی ئاکرێ، #بەردەڕەش# ، #شێخان# ، #ئامێدی# دەچێنرێ. لە ڕووی چاندن و بڕی بەرهەمیشەوە شارۆچکەی ئاکرێ لە پلەی یەکەم دایە لە ڕووی جۆر و بڕیشەوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی دهۆک، بە داتا باسی زیادبوونی ڕووبەری چێنراو و بڕی بەرهەمی برنج لە سنووری پارێزگای دهۆک دەکات و دەڵێت: لە ساڵی 2017 جوتیارانی دهۆک ڕووبەری 9,764 دۆنم برنجیان چاندوە و 7,811 تۆن بەرهەمیان هەبووە. ساڵی 2018 ڕووبەری چێنراو 11,726 دۆنم برنجیان چاندووە و 9,382 تۆن بەرهەمیان هەبووە. لە پلانیشدایە ئەم ڕووبەرە زیاتر و زیاتر بکرێت، برنجی ئاکرێ لەم سنوورەدا باشترین جۆری برنجە بەهۆی گونجاوی ناوچەکە و سەرچاوەی ئاوی و لێزانی دانیشتووانی ناوچەکە و تەنانەت جۆری برنجەکەش کە خواستێکی ناوخۆی زۆری لەسەرە.
4-لە سنووری ڕانیەش، ئەمساڵ 2023 جوتیاران 50 دۆنم زەوییان کردبووە مەرەزە، لە شارۆچکەی ڕانیە چەند جۆرێک برنج بەرهەم دەهێنرێت لەوانە: قووڵە سوور، بازیان، سەدرییە، حەمبەرە.
لە ڕووی باشی برنجەکان قووڵە سوورە و سەدرییە لە بازاڕەکاندا ڕەواج و خواستی زۆری لەسەرە.
لە مانگی پێنجەوە لە زۆربەی گوندەکانی دۆڵی شاورێ دەست دەکرێت بە چاندنی برنج و کارەکە بە هەرەوەزیی دەکرێت، تا ناوەڕاستی مانگی 10، پێویستە خزمەتی باش بکرێت نابێ هیچکات ئاو لە برنجەکە ببڕێت، سلێمان عومەر، جوتیارێکی گوندی نۆرێی دۆڵی شاورێیە و دەڵێت: ساڵانی ڕابردوو بە جووت و گا جووتمان دەکرد و زۆر جوتیاران پێوەی هیلاک دەبوون، بەڵام ئێستا بە تراکتۆر زۆربەی کارەکان دەکرێت.
ڕۆڵی ژنان وەک کارەکانی دیکە دیارە و لەو بارەیەوە پیاوان دوورێنەی چەڵتووک دەکەن و ئەوانیش خواردن ئامادە دەکەن دواتر کاتی سەر جۆخین خانمانیش هاوکار دەبین لە جیاکردنەوەی برنج.
سەبارەت بە بەرهەمی برنج لە ساڵی 2020 لە سنووری ڕانیە، ساڵانە لە سنووری شارۆچکەی ڕانیە زیاتر لە 50 دۆنم چەڵتووک دەچێنرێت، ئەمساڵیش ئەو بڕەچێنراو بەراورد بەساڵی ڕابردوو بەرهەم زیاتر بوو.
5-#گەرمیان# یەکێکی ترە لە ناوچانەی باشووری کوردستان کە لە ئێستادا باشترین جۆری برنج بەرهەمدەهێنێت و، وە بەرهەمی ئەم ناوچەیە دەنێردرێتە ناوچەکانی کوردستان و تەنانەت بۆ بەشێک لە ناوچەکانی ئێراقیش، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی 2023 بگاتە 1400 تۆن برنج و، سێ جۆر برنج لەم ناچەیەدا دەچێنرێت، نزیکەی 1600 دۆنم زەوی بە برنج چێنراوە.
بە پێی توێژینەوەکان کەشوهەوا و خاکی کوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی برنج و ئەگەر ڕووبەری زیاتر و فراوانتر دابچێنرێت بەم بەرهەمە هەرێمی کوردستان پێویستی بە هاوردە کردنی بەرهەمی برنجی وڵاتان نابێت، وە ساڵ لە دوای ساڵ بەرهەمهێنانیشی لە زیادبووندایە بە خۆشحاڵیەوە، وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی ڕاگەیاندووە 38,5 کیلۆ برنج بۆ پێویستی ساڵانەی تاکێک دیاری کراوە.[1]