محەمەد عزەدین
دادگە لە دۆسیەی ڕووداوەکانی کۆبانێ، بڕیاری سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بۆ سەڵاحەدین دەمیرتاش دەرکرد و بە کۆی گشتیی لەگەڵ چەند دۆسیەیەکی دیکەش 42 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.
لە 22ەمین دانیشتنی دادگەی سزا قوورسەکانی ئەنقەرە، لەسەر دۆسیەی تۆمەتبارانی کۆبانێ، بڕیاری 20 ساڵ زیندانی بۆ #سەڵاحەدین دەمیرتاش# ، 10 ساڵ زیندانیکردنی بۆ#ئەحمەد تورک# ، هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین و 19 ساڵ بۆ #فیگەن یوکسەکداغ# ، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە دەرکرد.
دادگە جگە لە ئاشکراکردنی سزاکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و ئەحمەد تورک؛ بێتاوانیی ئاڵتان تان، پەڕڵەمانتاری پێشووی هەدەپە و ئایهان بیلگەن، سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئاگری دەرکرد. گوڵتەن کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووی بەدەپە و بە 12 ساڵ زیندانیکردن سزا درا، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی زیندانیکردنەکەی، بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرچوو.
دادگەی سزا قوورسەکانی ئەنقەرە سزای زیندانیکردنی تاهەتایی بەسەر عەلی ئورکوت، سکرتێری گشتیی ناوەندی هەدەپە دەرکرد. بەڵام سزاکەی بۆ 16 ساڵ زیندانیکردن کەمکردەوە. بەهۆی هەڵوێستەکانی دادگەییکردنیشی، سزاکە کرایە 13 ساڵ و چوار مانگ.
دادگەی سزا قوورسەکانی ئەنقەرە بە لەبەرچاوگرتنی ماوەی مانەوەیان لە زیندان، بڕیاری ئازادکردنی بۆ هەریەکە لە ئایلە ئاکەت، پەڕڵەمانتاری پێشووی هەدەپە و ئایشە یاغجی دەرکرد.
بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی زەهایمەر (لەبیرچوونەوە) دادگە بڕیاری ئازادکردنی بۆ ئایسەل توغلوکی هاوسەرۆکی پێشووی (DTK) دەرکرد.
سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە و 108 ئەندام و بەرپرسی هەدەپە دادگایی 18 کەسیان ئێستا لە زینداندان. سەڵاحەدین دەمیرتاش بە 28 ساڵ و شەش مانگ و یوکسەگداغ بە 19 ساڵ بەندکردن سزادران.
دوای ئاشکراکردنی بڕیارەکانی، پارێزەران و ئامادەبووانی دانیشتنەکەی دادگە، دەستەی دادوەرانی دادگەیی کردنەکەیان سەرکۆنە کرد و هۆڵی دادگەیان جێهێشت.
دانیشتنەکە کاژێر 10:00 ی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، #16-05-2024# لە 22ەمین دادگەی سزا قوورسەکان لە زیندانی سینجان لە ئەنقەرە دەستپێکرد.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی و ژمارەیەک پەڕڵەمانتاری ئەو پارتە، شاندێکی باڵای پەڕڵەمانتارانی جەهەپە، ژمارەیەکی زۆر پارێزەر، سیاسەتڤان، نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕۆژنامەڤانان بۆ بەدواداچوونی دانیشتنەکە سەردانی سینجانیان کردووە.
لەو تۆمەتەدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئەنقەرە ئامادەکراوە، ئاماژە بەوەدراوە، لە ڕووداوەکانی کۆبانێ 37 کەس گیانیان لەدەستداوە، دوو هەزار و 676 کەسیش بوونەتە قوربانی.
بەو هۆیەوە بە تاوانی جۆراوجۆر داوای 38 سزای زیندانی تاهەتایی قوورس و 19 هەزار و 680 ساڵ زیندانی بۆ ئەو 108 ئەندام و بەرپرسەی هەدەپە کراوە. ڕووداوەکانی کۆبانێ لە ڕۆژانی 6-8ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2014 ڕوویاندا.
دۆسیەی ڕووداوەکانی کۆبانێ چییە؟
ڕووداوەکانی کۆبانێ لە ڕۆژانی 6-8-10- 2014 ڕوویاندا.
دوای ئەوەی داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کۆبانێ، هەدەپە و ژمارەیەک لە پارتە کوردییەکانی دیکەی باکووری کوردستان داوایان لە حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا کرد ڕێگە بە ناردنی چەک و هاوکاریی دیکەی سەربازی لە تورکیاوە بۆ شەڕڤانان بدات، بەڵام ئەنقەرە ڕەتیکردەوە.
لە چەند شارێکی باکووری کوردستان خۆپێشاندان دەستی پێ کرد، حکومەتیش بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان قەدەخەی هاتوچۆی ڕاگەیاند.
گرژییەکان زیادبوون و لە ئەنجامدا 46 سڤیل و پۆلیس کوژران، 682 کەس لە خۆپێشاندەران و پۆلیس بریندار بوون، 323 کەس دەستگیرکران و هەزار و 113 باڵەخانە سووتێنران.
حکومەتی تورکیا ڕۆژی 04-01- 2016 ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی بۆ سەر هەدەپە دەستپێکرد، هاوسەرۆکان و ژمارەیەکی زۆر لە پەڕڵەمانتارانی ئەو پارتە دەستبەسەرکران و دواتر بە بڕیاری دادگە، خرانە زیندانەوە.
یەکەم دانیشتنی دادگە لەسەر ئەو دۆسیەیە ڕۆژی #26-04-2021# لە 22ەمین دادگەی سزا قوورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو و تاوەکوو ئێستاش بەردەوامە.[1]