تا ژیان هۆکارێکت پێ دەدات
بۆ ئەوەی پێی بژی
هەزار هۆکارت پێدەدات بۆ ئەوەی بمریت
، کەواتە چۆن ؟!
لەنێو کەشتی گەلی ژیاندا بمرم و لەنێو کەشتی لەنگی مردندا بژیم؟!
ئێوارەیەک بوو دەسپێکی زریانێکی وێرانکەر تەنیایی لە ڕۆحمدا چرۆی کرد و
ژیان لە لەوێدا ڕۆچوو
لەوبەری زەمهەریر لە کانیاوێکی پڕ ئێش
سۆراغی ژیان دەکەم
کەواتە چۆن بەدەم گاڵتەی ژیانەوە پێبکەنم ؟! پێکەنین بێ حورمەت
لە بێدەنگی مندا دەگری،
تۆ لەمانای گریان لەم بێحورمەتییەدا تێناگەیت ، تێناگەیت
ئەم سنەوبەرە بۆ بەدەم
شنەبای بەیانیدا دەگری و پشت لەخۆر دەکات
و سەری دادەخات ،
پێم خۆشە ئێوارەیەک لە شینایی ئەم ئاسمانەدا
بەکامی دڵ بفڕم و
باڵەکانم بەخوێنی
ئەم زەمهەریرە سوور نەبێت ،
لەبەر خۆمەوە وڕێنەی ژیان دەکەم و
پیرە ژنێکی گەرمیانی
بەدەم وڕێنەکانمەوە مەشکەکەی دەژەنێ ،
من قەرەجێکی ڕەق و تەقم
کۆڵوانەکەم دەکەمە مل و چرۆی ژیان دەکەم
تا هیچ کەسێک لێرەوە چرۆ نەکات ،
لەنێو ئەم جەفایەدا نامەیەکی کۆن بەچاوێکی خەواڵوو دەخوێنمەوە
تێیدا نووسراوە
لێرە هیچ هیوایەک لەدایک نابێت ،
نا من غروری خۆم دەکرمێنم و ملم بۆ
ئەم شەریعەتە کۆنانە کەچ ناکەم
لە بەیانییەکی تەنیایمدا لە ڕۆژێکی دووبارەی پێنجشەماندا
سەرپۆشەکەم دەبەستم و خەونێکی
کوشندە دەبینم ،
خەونێک کە تۆ لە بیرکردنەوەش لێی دەترسیت ، کەچی من خەونی پێوەدەبینم ،
بۆ برینی خەونەکانم قوتوی عەتارەکانم هەڵدایەوە خوێم بینی ،
نازانم خەونەکانی من
چیدەکات لە جانتای ئەوانی تر
بۆچی بەدەستی کەسێکی ترەوە دەیبینم ،
ئەم بیرەوەرییە کۆنەی من
بۆ وەکوو پینە بە کراسی کۆنی ژیانەوە دوراوە ، لەتاریکی ئەم حەوشەیەدا
بەناحەق جەفا بۆ دەڕژێتە نێو دیوارە
تەنگەکانی دڵم ،
بەسەر خۆڵەمێشی تەرمی ئەم منداڵانەدا دەڕۆم کە با شکۆی منی تێدا دەکاتە تاڵانی و
غەریبی لەبارم دەبات ،
شەوێک بە تاریکیییەکی ئەنگوستەچاو
کە نە مانگی تێدا هەڵدێ و
نە سپێدەیەک چاوەڕوانی دەکات لە دەشتێکی قاقڕ بەشوێن سۆراغی سەرابەوەم ،
لە ئێوارەیەکی پایزیدا چڵە بیەکی گۆشەگیر بووم کەوتمە کۆشی بێڕەحمی ژیانەوە ،
وەکوو مردنی قەقنەس بەسەر دارەوە مردم ،
وەک هەلهەلە بەسەر تەرمی شەهیدەوە ،
کەوتمە دەشتێکی قاقڕ
هەلهەلەیەک کە نازانم بۆ کوێم دەبات
دنیایەک خەونی ساوا لەبار دەبات
ناوی نووسەر: #شیلان ئازاد# [1]