(دەستوور) فریادڕەسە!
#کارۆخ خۆشناو#
هەرێمی کوردستان (وەک دیفاکتۆ) دوای ڕاپەڕینی ساڵی (1991) و کۆڕەو بڕیاری (688) درووست بوو، بەڵام لە ڕووی یاسایی و دەستووریەوە (وەک هەرێمێکی فیدراڵ) دوای پڕۆسەی ئازادی ئێراق لە ساڵی (2003) و دواتر نووسینەوەی دەستووری ئێراق لە ساڵی (2005) بە فەرمی دانی پێدانرا، هەروەک لە بەندی پێنجەمی دەستووری نوێی ئێراقدا و لە ماددەکانی (117 و 120 و 121) ئاماژە بە مافەکانی هەرێم کراوە، بەتایبەت لە ماددەی (120)دا دەڵێت:
هەرێم دەستوورێک بۆخۆی دادەڕێژێت، هەڕەمی دەسەڵاتەکانی هەرێم و میکانیزمی بەکارهێنانی ئەم دەسەڵاتانە دیاریدەکات بە مەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوورەدا
پێم وایە ئێستا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان نەبوونی دەستوورێکی هاوچەرخ و دادپەروەرە کە ئەرک و ماف بەشێوەیەکی یەکسان دابەش بکات و لەژێر سایەیدا هەموو دامودەزگا مەدەنی و سەربازییەکان ڕێکبخرێن و سنوور بۆ هەرسێ دەسەڵاتی (یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری) دابنرێت لە پێناو گەیاندنی کەشتی هەرێمی کوردستان بە کەناری ئارام، هاوشێوەی (هەرێم و وڵاتە) پێشکەوتووەکانی جیهان، واتە دەستوورێک لە پێناو ڕێگریکردن لە گەندەڵی و بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی، بە جۆرێک کە دەرفەتی کاری یەکسان بۆ سەرجەم دانیشتووانی هەرێم بڕەخسێنرێت و ئەرک و ماف بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دابەش بکات، بە بێ ڕەچاوکردنی جۆری ڕەگەز و ڕەنگ و ئایین و نەتەوە و ئایدیۆلۆژیا.
نزیکەی سێ هەفتەی دیکە ئەو ماوەیە تەواو دەبێت، کە پەڕڵەمانی کوردستان دیاریکردبوو بۆ پارتە سیاسییەکانی هەرێم تاکوو بۆچوون و سەرنجەکانیان سەبارەت بە تەواوکردنی پڕۆژەی نووسینەوەی دەستووری هەرێم دەرببڕن، لێرەدا پێویستە ئەم پرسە زۆر بە گرنگییەوە وەربگیرێت، چونکە دەستوور (گرێبەستێکی کۆمەڵاتییە و دایکی هەموو یاساکانە) ئەگەر پڕۆژەکە تەواو بکرێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردن، ئەوا دەبێتە فریادڕەس بۆ چاککردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک هەموو لایەنەکان بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بێنە پێشەوە، تاکوو هەوڵبدرێت (دەستووری هەرێم) بکرێتە ڤاکسینی پەتای (پەرتەوازەیی کوردستان) بۆ ئەوەی زاڵ بین بەسەر ئاستەنگەکانی ئەم قۆناغە هەستیارە، چونکە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە پەتای (پەرتەوازەیی کوردستان) ترسناکترە لە پەتای (کۆرۆنا).
لەم قۆناغەدا گرنگە ئێمەی کورد کەڵک لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرین و ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بەهۆی نووسینەوەی (دەستوور)ەوە توانیویانە بەسەر کۆسپەکاندا زاڵ بن و کۆدەنگی درووست بکەن و سەقامگیری بەرپا بکەن، بۆ نموونە سەرەکیترین فاکتەری گەشەسەندن و زلهێزبوون و سەرکەوتنی ئەمەریکا، هەبوونی دەستوورێکی کورت و پوخت و پڕ مانایە، کە تەنیا لە (7) ماددە پێکهاتووە و لەسەر ئاستی جیهان بە کۆنترین دۆکیومێنتی نووسراوی کارپێکراو هەژمار دەکرێت، کە تەمەنی (231) ساڵە و تاکوو ئێستاش کاری پێ دەکرێت.
ئەگەر باوکانی دامەزرێنەری ئەمەریکا زیاتر لە دوو سەد ساڵ لەمەوبەر توانیبێتیان هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژن و دەستوورێک بنوو#سنە#وە، بۆچی ئێمەی کورد نەتوانین کەڵک لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین و هەنگاوێکی لەم شێوەیە بهاوێژین؟
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین وێنەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای تەواوکردنی پڕۆژەی (دەستوور)ەوە جوانتر و گەشاوەتر دەبێت لە ئاستی ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا، هەروەها دەستوورێکی هاوچەرخ ڕۆڵی فریادڕەس دەبینێت بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لە هەموو هەڕەشە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، بە مەرجێک دەستوورێکی ڕێزلێگیراو بێت و بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، نەک تەنیا وەک مەرەکەبی سەر کاغەز بمێنێتەوە!
لەم چوارچێوەیەدا ئەرکی سەر شانی هەموولایەکمانە، بە گیانێکی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە هاوکار و هاندەر بین بۆ نووسینەوەی (دەستوورێکی هاوچەرخ) لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان و کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان. [1]