رۆژی (06-02-2014) سایتی (باسنیوز)، لیستێکی خەیاڵاوی (124) کەسی بڵاوکردۆتەوە، گوایە، ئەم ناوانە، لەچوارەمین کۆنگرەی ئاییندەی یەکێتیی-دا، دەبنە ئەندامی سەرکردایەتی. بەم ڕونکردنەوەیە ڕایدەگەیەنین کەوا:
یەکەم: دوور و نزیک، ئەو هەڤاڵانەی ناویان هاتووە، لەلایەن هیچ دەزگایەکی ڕەسمیو شەرعی یەکێتی-ەوە، باس نەکراون. لەهیچ کۆبوونەوەیەکی شەرعی یەکێتیی-شدا، نە مەکتەبی سیاسی، نە ئەنجومەنی سەرکردایەتیو نە ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتیی، دەربارەی ئەو لیستە، قسە نەکراوە.
دووەم: بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە لیستە خەیاڵاوییەش، دەچێتە خانەی هەلپەرستیو دوژمنایەتی دۆخی ئێستای یەکێتیی-یەوە، هەر لایەکو سایتێکو گروپێکیش لەپشتی سیناریۆی ئەم هەڵمەتە سایکۆلۆژیە ناڕەوایە بێ، جگە لەمایە پوچی، هیچی بۆ نامێنێتەوە.
سێیەم: ئەنجومەنی سەرکردایەتیو ئەنجومەنی ناوەند، بۆیە کۆنگرەیان دواخست، هەتا زەمینەیەک دوور لەلیستو کێشمەکێشی نەگونجاو، بۆ بەستنی کۆنگرە، بڕەخسێنن.
چوارەم: دڵنیاین، زۆربەی هەرە زۆری ئەو هەڤاڵانەی لەلیستەکەدا ناویان هاتووە، پەرۆشی چارەسەری کێشەکانی یەکێتینو یەکێتیی ناو یەکێتیی دەخەنە سەروی هەموو پلەو پایەیەکەوە. بێگومانیشین، لەدوا سەرەنجامدا، ڕاستییە بابەتییەکان، بەبێژنگی ئەم جۆرە لیستو پڕوپاگەندانە، ناشاردرێتەوە.
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
09-02-2014