ساڵی 1945 لە شاری #کەرکووک# لە دایکبووە و هەر لەوێش قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی تەواوکردووە، بەڵام زوڵم و زۆری ڕژێم و خۆتەرخانکردنی ئەم ڕۆڵە تێکۆشەرە بۆ خەباتی سیاسی بواریان پێ نەدا درێژە بەخوێندن بدات.
شەهید ئەنوەری نەمر ساڵی 1959 پەیوەندیکردووە بەریزەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان#-ەوە و بەماوەیەکی کەم وەک کادیرێکی چالاک و لێهاتوو ناوی دەرکردو پێشتریش لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی ئەو سەردەمەدا ڕۆڵی گەورەی بینی لە پێگەیاندنی کادیری خوێندکار لە شاری کەرکووک.
لەسەر ئەم هەڵوێستە بەرزانەی، ساڵی 1963 خرایە زیندانەکانی ڕژێم و پاش ئازادکردنی لەبەغدا نیشتەجێ بوو بۆئەوەی خۆی لەدەزگا جاسووسییەکانی ڕژێم بزربکات.
شەهید ئەنوەر ئەو ماوەیەی کە لە بەغدا مایەوە، وەک کرێکارێک لە یەکێ لەکارگە دەوڵەتییەکاندا کاری ئەکرد و بەردەوامیش خەریکی خەباتی فیکری و سیاسی بوو.
هەر ئەو ماوەیە چەند وتارێکی لە ڕۆژنامەی (النور) دا بڵاوکردۆتەوە و پەڕتووکێکیشی بەزمانی عەرەبی لەسەر کۆماری #مەهاباد# نووسیوە کەبەداخەوە فەوتاو فریا نەکەوت بەچاپی بگەیەنێت.
ئەم کرێکارە ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕە زوو ئاشنایەتی لەگەڵ خاڵە شەهابی و هەڤاڵانی تردا پەیداکردو لە دامەزراندنی کۆمەڵەی ڕەنجدەراندا فیداکارییەکی زۆری نواند.
ساڵی 1975 لەئاکامی ئاشکرا بوونی هێڵێکی نهێنی کۆمەڵە دەستگیر کرا.
شەهید ئەنوەر لەزیندانیشدا هەمان ڕۆڵە خۆڕاگر و پێشەنگەکەی شۆڕشی نوێ بوو. کاتێکیش کە لەگەڵ خاڵە شیهاب و شەهید جەعفەردا فەرمانی لە سێدارەدانیان دەرچوو، ئەم ڕۆڵە نەبەردە نموونەی بەرزی مرۆڤی شۆڕشگێڕی نیشانداو بەگیانی خۆی جوانترین وانەی تێکۆشانی فێری نەوەکانی دوا ڕۆژ کرد.
شەهید ئەنوەر، ڕۆژی 21ی تشرینی دووەمی ساڵی 1976 هاوڕێ لەگەڵ خاڵە شەهاب و مامۆستا جەعفەردا لەسێدارەدران.[1]