نەجم محەمەد، مشکۆ #هەولێر#ی هونەرمەندی قۆریات و بەستەی ڕەسەن و مەقامی کوردی بوو، کەم کەس هەیە لە کوردستان ناو و ناوبانگی ئەم هونەرمەندە میللییەی نەبیستبێت، بەتایبەتی مەقامە بەناوبانگەکەی (لە پاش مەرگم) .. مشکۆ ناوی تەواوی (شەوکەت کوڕی سەعید کوڕی حاجی ئیبراهیم ئاغای دێرێییە) ، ساڵی 1908 لە گەڕەکی سەرای قەڵای هەولێر لەدایکبووە، لە ساڵی 1914دا لەژێر فشاری گرانی و قات و قڕیدا ماڵیان لە هەولێرەوە گواستووەتەوە بۆ گوندی (دێرێ) ، کە گوندی باووباپیرانی بووە و لە ساڵی 1918 دەگەڕێنەوە هەولێر، ساڵی 1923 باوکی کۆچی دوایی کردووە و دواتر حاجی سابیری عەلافی خاڵی بژێویی خێزانەکەیان لە ئەستۆ دەگرێت و بۆ یەکەم جار لە ماڵی (عەلی پاشای دۆغرەمەچی) لە ساڵی 1931دا مەقامی (بەیات) دەخوێنیت، لەو ئاهەنگەدا کە بە بۆنەی بوون بە ئەندام پەڕڵەمانی ناوبراوەوە ساز کرابوو. لەسەر دەستی مامۆستای مەقامات و دەنگخۆشی شاری هەولێر (شەهابە) فێری گۆرانی و مەقامات بووە، کە شەهابە قوتابخانەیەکی ڕەسەنی گۆرانی و مەقاماتی ئێراقی بوو. هەروەها لە (کاویسە ئاغا) وە فێری لاوک بووە و لاوکی (لێ لێ جەوێ) ی لەوەوە بیستووە و دواتر تۆ ماری کردووە. مشکۆ لە ساڵی 1939دا ژنی هێناوە کچێکی بووە، لە ساڵی1943دا بەرەو بەغدا دەڕوات و ژن و کچەکەی لە هەولێر جێ دەهێڵێت، پاشان ژنەکەی تووشی نەخۆشیی گرانەتا دەبێت و هەر بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدات، کاتێک مشکۆ لە بەغدا ئەم هەواڵە دەبیسێت بەپەلە دەگرێتەوە هەولێر و دەچێتە سەر گۆڕەکەی و هەڵبەستەکەی (ئەختەر) بە دەستکارییەوە بە مەقام دەڵێت و لەگەڵیشیدا هەڵبەت دەگری کە دەڵێت (لە پاش مەرگم چ فایدەیە ببێتە سەر قەبرم لە بۆ شیوەن) دیارە ئەمەش چیرۆکی لەدایکبوونی مەقامی (لەپاش مەرگم) ە، دواتر لە ساڵی 1948دا ژنی دووەم دەهێنێت وە لەو ژنەش دوو کوڕ و کچێکی دەبێت، شایەنی وتنە کوڕەکانی لە خۆشەویستی و وەفایانەوە بۆ باوکیان تۆمارگەیەکیان لە هەولێر بەناوی (تۆمارگەی مشکۆ) وە داناوە. مشکۆ هاوڕێیەتی و دۆستایەتیی هونەریی لەگەڵ گەلێک لە هونەرمەندە گەورەکانی کورددا هەبووە، لەوانە: (کاوێس ئاغا و عەزیز ئاغا و محەمەد عارف جزیری و حەسەن جەزراوی و تایەر تۆفیق و ڕەسووڵ گەردی و حەیدەر بەقاڵ و.. هتد) .
لە ساڵی 1950دا لە دانیشتنێکی ئاهەنگسازیدا لە ماڵی (لەتیف چەخماخچی) لە قەڵای هەولێر لەگەڵ (محەمەد عارف جزیری) دا پێکەوە بە دووقۆڵی گۆرانی دەڵێن، هەروەها لە ساڵی 1956دا لەسەر داوەتی (شێخ لەتیف کوڕی شێخ مەحموودی حەفید) دێتە #سلێمانی# و لەوێ لەگەڵ گۆرانیبێژی دەنگخۆش (ڕەشۆل عەبدوڵڵا) دا ئاهەنگێکی پڕ لە جۆش ساز دەکەن، لە پاییزی 1957دا دوای لافاوە گەورەکەی سلێمانی دێتە سلێمانی و بەشداریی ئەو ئاهەنگە دەکات کە ساز درابوو بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی بۆ زەرەرمەندانی ئەو کارەساتە. لە دوای شۆڕشی 14ی تەممووز بە مەبەستی ناسینی مەقامبێژانی و ناساندنی گۆرانی و مەقاماتی کوردی لەگەڵ (لەتیف چەخماخچی و چەند هاوەڵێکی دیکەیان) سەردانی شاری مووسڵ دەکەن و لەوێ بە هاوکاریی تیپی مۆسیقای مامۆستا (غانم یەحیا) کە هونەرمەندێکی ئەرمەنیی پسپۆڕ بوو لە ئامێری کەمانچەدا، کاسێتێک بۆ مشکۆ تۆمار دەکەن، هەروەها لە دوای ڕێککەوتنی 11ی ئاداری 1970 لەگەڵ هونەرمەندان تایەر تۆفیق و حەیدەر بەقاڵ و یوونس مەحموود و جەمیلە و فایەق بازرگان و محەمەد ئەحمەد ئەربیلی و فوئاد ئەحمەد و محەمەد جەزا چەند ئاهەنگێکی هاوبەشیان تۆمار کردووە. مشکۆ لە ماوەی ئەو تەمەنەیدا با بڵێین لە گەنجی و بەرەو سەرەوە تا ئەو کاتەی نەخۆش کەوت و نەخۆشییەکەی چیتر مەودای نەدا قوڕگی بۆ گۆرانی وتن بەکار بهێنێت، ئەویش لە سەرەتای ساڵی 1989دا بوو کە نەخۆش کەوت، ئەو ماوەیەی کە دەکاتە زیاتر لە (60) ساڵ لە تەمەنی هەر بە مەقام و قۆریات و بەستە و گۆرانی خۆی خەریک کردووە و خزمەتی هونەری کوردیی کردووە. مشکۆ دوای (81) ساڵ تەمەن و لە (#18-05-1989#) دا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت. بە کۆچی دوایی ئەم هونەرمەند بۆشایییەکی گەورە کەوتە هونەری قۆریات. [1]