ڕۆژنامەنووس وفۆتۆگرافەر ساڵی 1981 لەشارۆچکەی سەیدسادق-ی سەربە شاری #سلێمانی# لەدایکبووە.
بەهۆی ئەو قات وقڕییەی ساڵانی نەوەدەکان عێراق و کوردستانی بەتایبەت گرتەوە بەهۆی کاریگەریی ئابلۆقەی ئابووریی سەرعێراق، کاوە نەیتوانی هیچ ناوەندێکی خوێندن تەواو بکات. کاوە ئێستا لە شاری سلێمانی دادەنیشێت و باوکی کوڕ وکچێکە بەناوەکانی(شانیا و موکریان).
بەهاری ساڵی 2005 چووەتە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ماوەی 4 ساڵ لەبەشەکانی ڕیپۆرتاج و هەواڵ و ڕاپۆرت کاری کردووە.
لەبەهاری ساڵی 2009 ولەسەر خواستی خۆی وازی لەکارکردن هێناوە لەکوردستانی نوێ. دوای ئەوە ماوەی چوار مانگ سەرپەرشتی سایتێکی کردووە بەناوی واڵاپرێس. کاوە بەشداریی دوو خولی ڕۆژنامەوانیی و فۆتۆگرافی ڕێکخراوی پرێس ناو- ی هۆڵەندییدا کردووە لەساڵی 2008 و 2009.
لەهاوینی ساڵی 2009یشدا بەشداری خولێکی یاسایی پەیمانگەی ڕۆژنامەوانیی شەڕو ئاشتیiwpr کردووە.
وەک فۆتۆگرافەرێکیش بەشداریی چەندین پێشانگەی فۆتۆگرافی کردووە لەشاری سلێمانی،
جگە لەچەند گۆڤارو ڕۆژنامەیەکی نێوخۆیی فۆتۆیشی لە ڕۆژنامەی ڕۆژانەی (تراو) ی هۆڵەندیدا بڵاوکراوەتەوە.
بە درێژایی ئەم چواردە ساڵەی ڕۆژنامەوانی لە زۆر دەزگای میدیایی ئیشی کردووە. سەرەتا کوردستانی نوێ، سەرنووسەری ماڵپەڕی واڵاپرێس، حەفتەنامەی ڕووداو، دەستەی نووسەران و بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی ڕۆژنامەی هاوڵاتی، سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەوانیی بەشی کوردی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی. بەڕێوەبەری نووسینی گۆڤاری شار. بەرپرسی پلاندانان وپەیامنێرانی NRT، سەرنووسەری ماڵپەڕی مەکتوب کە تایبەت بوو بە شاری #کەرکووک#. ئێستا(2019) حەفتەنامەی زەمەن وەکو بەڕێوەبەری نووسین.
کتێبێکی ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی خاتوو ئۆریانا فالاچی - وەرگێڕاوە لە فارسییەوە بۆ کوردی کە دیداری ڕۆژنامەوانییە لەگەڵ حەمەڕەزا شای ئێران.. خومەینی.. مەهدی بازرگان.. موعەممەر قەزافی.. ئارێل شارۆن.
کتێبەکە بەناوی (گفتوگۆ لەگەڵ ئەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گۆڕی) ساڵی 2013 لە سلێمانی لەلایەن کۆمپانیای شار-ەوە چاپ و بڵاوکرایەوە.[1]