بابەت: هاوپەیمانێتیەکەی نێوان یەکێتی و پارتی هەموی بزه و خەندە نیە
سەرچاوە؛ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا
ئای دی: 06BAGHDAD443
بەروار: 13ی شوباتی 2006
پۆلێن: زۆر نهێنی
پوختە: لەئاهەنگێکی ئێوارە خوانی ڕۆژی 8ی شوباتی 2006، لەماڵی بەرهەم ساڵح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستان گومانی قوڵی نیشاندا بەرامبەر حزبە ڕکابەرەکەی کە یەکێتیه و تەئکیدیکردەوە کە یەکگرتنەوەی هەردو کابینەی هەولێرو سلێمانی ڕەنگە ئەوەندەی ئارایشت بێت ئەوەندە واقعی نەبێت. بارزانی بەدورودرێژی سکاڵای لەدژی یەکێتی کرد. ئه و بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کەوتە بەرگریکردن بەرامبەر ئه و ڕاپۆرتانەی باس لەزیادبونی پێگەی پارتی دەکەن لەخانەقین و ئه و دەستپێشخەریانەی بۆ وەبەرهێنان دەکرێن لەپارێزگای سلێمانی. ئه و کاردانەوە سلبیەی مەسرور ئه و دەنگۆیانە پشتڕاستدەکاتەوە کە دەوترێت هاوپەیمانی نێوان یەکێتی و پارتی قورسە بەڕێوەببرێت.
کاردانەوەی مەسرور بەرامبەر یەکێتی
مەسرور بارزانی کاردانەوەیەکی سەیری نیشاندا، کاتێک کەوتە باسکردن لەبارەی ئه و مەسەلانەی پەیوەندی بەیەکێتیەوە هەیە. کاتێکیش ڕاوێژکارە سیاسیەکەی ئەمریکا پرسیاری کرد لەبارەی ئه و دەنگۆیانەی باس لەجموجوڵی ئاژانسی پاراستنی پارتی دەکەن لەناو خانەقیندا، دەستبەجێ مەسرور وتی، کێ ئەمەی پێوتن؟ یەکێتی؟ عەرەبەکان؟ گرەودەکەم ئەوە یەکێتی بوە، وانیە؟ بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامدانەوە بکات، بارزانی بۆ ماوەی بیست خولەک باسی لەوە کرد کە چۆن ئەندامێکی پارتی بەشێوەیەکی شەرعی پۆستی بەڕێوەبەری پۆلیسی خانەقینی بردۆتەوە. وتیشی، یەکێتی هەمیشە بەدرۆ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەوان خاوەنی دەسەڵاتن لەخانەقین، لەکاتێکدا بەدرێژایی مێژو پارتی پێگەیەکی گەورەتری هەبوە له و ناوچەیەدا. بارزانی باسی لەوەش کرد، کە هەمو جوڵەی پارتی بۆ خانەقین تەنها یەک پیاو بوە، ئەویش بەڕێوەبەری نوێی پۆلیس بوە.
پاش کەمێک وەستان، مەسرور بارزانی بابەتی دەستپێشخەریەکانی ئۆپیکی هێنایە پێشەوە کە مەبەست لێی پێشخستنی کەرتی وەبەرهێنانە لەعێراق. هەروەها داوای کۆبونەوەی کرد لەگەڵ بەرپرسانی ئۆپیک بۆ باسکردنی ئەوەی بۆچی پرۆژەکانی ئۆپیک هەر لەسلێمانین. وتی، دەزانم بۆچی کاروچالاکیەکانی ئه و ڕێکخراوە بەزۆری لەسلێمانیە، لەبەرئەوەی بەرهەم ساڵح نزیکە لەرۆبێرت مۆسباچەر، سەرۆکی ئۆپیک و بڕیارەکانیشی ژێربەژێر دەچێتە خانەی بەرژەوەندی یەکێتیەوە. بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە هەولێر زۆر پێشەکەوتوترو شیاوترە بۆ وەبەرهێنانی تایبەت.
دەستگیرکردنی کەمالی سەید قادر هەڵە بو
لەوەڵامی پرسیاری ڕاوێژکاری سیاسیی ئەمریکا لەبارەی بارودۆخی د. کەمال سەید قادر، کە ڕەگەزنامەی نەمسایی هەیه و لەسەر قسەوتن بەبنەماڵەی بارزانی بۆ ماوەی 30 ساڵ حکومدرا، مەسرور بارزانی وتی، ئه و دەستگیرکردنە هەرگیز نەدەبو ڕوبدات. وتشی، ئەگەر لەکاتی دەستگیرکردنەکەی لەناو هەولێردا بوایە، ئەوا نەیدەهێشت دەستگیری بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسانی هەولێر هیچ ڕێگەچارەیەکی تریان لەبەردەم نەبوە جگە لەلێپرسینەوەی، لەسەرئەوەی قوربانیەکانی دەستی کەمال سکاڵای یاساییان تۆمارکردبو. هاوکات بارزانی باسی لەوەش کرد، ئه و حاڵەتەی کەمالی سەید قادر مەسەلەیەکی عەقڵی بوە کە تەنها پێویستی بەئاگادارکردنەوە هەبوە. وتیشی، بەتایبەتی لەلای من دانی بەوەدا ناوە کە ئەوەی بۆیە کردوە تا هەمو خەڵک ناوی بزانن، هەروەها دانی بەوەشداناوە کە هەرچیەکی وتوە درۆ بوە. بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، جێگەی داخە میدیای خۆرئاوا ئه و ڕوداوەیان گەورە کردوە. هەروەک سوربو لەسەر ئەوەی کە دەبێت دادگاکانی کوردستان لەکاتی خۆیدا ئه و مەسەلەیە تاوتوێ بکەن. بارزانیەکان ناتوانن داوا لە دادگا بکەن قادر ئازاد بکات بێئەوەی بەرێوشوێنە یاسایییەکاندا نەڕوات.
کۆمێنت:
مەسرور بارزانی کوڕی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی هەرێم، مەسعود بارزانیە. ئه و زۆر بەباشی ئاگاداری شێوازی بیرکردنەوەی حزبەکەیەتی. ئه و کە کارەکتەرێکی سیاسیی کاریگەرە، بەردەوام ڕوخسارێکی نەرمونیان نیشانی دنیا دەدات. دەشێت مەسرور بارزانی خۆی وەک کەسێکی کاریگەر دەربخات لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ ڕاوێژکارە سیاسیەکەی ئەمریکا، بەڵام ئه و جۆرە وەڵامدانەوە توندەی لەبارەی یەکێتیەوە ئەوە نیشاندەدات کە کاردانەوەکانی کوێرانە بوە. هەڵوێستی مەسرور ڕاپۆرتەکانی پێشو پشتڕاستدەکەنەوە کە پارتی بەردەوام بەدگومان بوە بەرامبەر جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان. پارتی وای نیشاندەدات کە خۆشحاڵە بەرێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی بۆ پشتوانیکردن لەتاڵەبانی تا ببێتە سەرۆکی عێراق و لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی ببێتە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. بەڵام پارتی ترسی لەوە هەیە ئەم ڕێککەوتنە دەسەڵاتی زۆرتر بداتە یەکێتی لەبەغدا. لەراستیدا، چەندین ئەندامی پارتی بەراوێژکاری سیاسیی ئەمریکایان ڕاگەیاندوە کە وەک پارتی هەستدەکەن لەدابەشکردنی پۆستەکاندا لەبەغدا کەمیان بەرکەوتوە. لەدو ساڵی ڕابردودا کوردەکان بەتایبەت لەبەغدا بەهێزبون بەهۆی کارکردنیان وەک یەک بەرە، لەکاتێکدا بەدرێژایی مێژو کێشەی ئەوەیان هەبوە نەیاتوانیوە یەکگرتویی خۆیان بپارێزن تەنانەت لەبەرامبەر یەک دوژمنی هاوبەشیشدا. ئێمە هەستدەکەین ئیدارەدانی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی شتێکی زەحمەتە.