بەپێی بەدواداچوونێکی کەناڵی عەرەبییە بۆ ناوچە و شارە کوردییەکانی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا کە ئەگەر لە داهاتوودش ببێتە هەرێمێکی سەربەخۆ، ئەوا زیاتر لە نیوەری داهاتی ئه و وڵاتە لەناوچە کوردیەکان دەبێت.
کەناڵی عەرەبیە لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە سەرجەم کەرتەکانی نەوت و کشتوکاڵ و سامانی ئاوی ئه و هەرێمە کوردییە کردووە کە تەنها داهاتی نەوتەکەی دەگاتە نۆ ملیار و 500 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا.
راپۆرتەکەی کەناڵی عەرەبیە:
ئەو هەرێمە کوردییەی کە ئەگەر لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا و لە نزیک سنووری عیراق و تورکیا دابمەزرێت، گرنگترین شارەکانی پێکهاتووە لە قامیشلۆ، حەسەکە، دێریک، سەری کانێ، تەل ئەبیەز و کوبانێ و عەفرین.
رووبەری ئەو هەرێمە نزیکەی 24 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە دەبێت، واتە دوو ئەوەندەی ڕووبەری لوبنان و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی سێ ملیۆن و 500 هەزار کەس کە زۆربەیان کوردن لەگەڵ چەند کەمینەیەکی وەک عەرەب و ئاشوری
. ئەم هەرێمە سامانێکی ئابووریی گەورەی هەیە کە توانای بەرهەمهێنانی 250 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێکدا، ئەمە جگە لە بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆر گەورە لە غاز کە نازانرێت قەبارەکەی چەندە، بەگشتی بەرهەمی نەوتی ئەم ناوچە کوردییانە، زیاتر لە نیوەی تێکڕای بەرهەمی سوریا پێکدەهێنێت کە تا پێش شۆڕشی سوریا 380 هەزار بەرمیل نەوت بوو لە ڕۆژێکدا.
کشتوکاڵ سەرچاوەیەکی گەورەی دیکەی ئەم هەرێمەیە و ڕووبەری ئەو زەوەیەی کە بە کشتوکاڵ دەشێت، دەگاتە 18 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە، بەشێوەیەکی گشتی دەتوانرێت بوترێت کە 43%ی بەرهەمی کشتوکاڵ لە سوریا، لەو هەرێمە کوردیەدا دەبێت.
ئەم هەرێمە توانای بەرهەمهێنانی یەک ملیۆن و 400 هەزار تۆن گەنمی هەیە کە دەکاتە 37%ی کۆی گشتیی بەرهەمی سوریا.
بەرهەمی لۆکە لەم هەرێمە دەگاتە 273 هەزار تۆن، واتە 39%ی سەرجەم بەرهەمەکە لەو هەرێمە کوردییەدا هەیە، ئەمە جگەلەوەی هەرێمەکە 15 ملیۆن دار زەیتونی تێدایە کە دەکاتە 23%ی سەرجەم دار زەیتونەکانی ئەو وڵاتە، سامانی ئاو لە سوریا پشت بە سەرچاوەی زۆر گەورە دەبەستێت کە لە 10 بەنداو پێکهاتووە کە توانای گلدانەوەی 300 ملیۆن مەتر چوارگۆشە ئاویان هەیە، ئەمە جگە لەو هەشت ڕوبارەی لەو وڵاتەدا هەن کە یەکێکیان ڕوباری دیجلەیە لەگەڵ دەیان هەزار سەرچاوە و بیرە ئاوی دیکە.
سەرجەم داهاتی سەرچاوەکانی ئەم هەرێمە کوردیە لە نەوت و کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان دەگاتە 55%ی کۆی گشتیی سامانی سوریا، سەبارەت بە نەوت و بەپێی نرخی ئەمڕۆی نەوت بێت لە بازاڕەکانی جیهان، ئەم هەرێمە نزیکەی نۆ ملیار و 500 ملێون دۆلار داهاتی ساڵانەی دەبێت.
سەبارەت بە کەری کشتوکاڵ، ئەم هەرێمە لە ساڵێکدا، لە داهاتی بەرهەمی زەیتون 750 ملیۆن دۆلار و لە گەنم 372 ملیۆن دۆلار و لە لۆکە 230 ملیۆن دۆلار.
واتە بەگشتی سەرجەم داهاتی ئەم هەرێمە دەگاتە 10 ملیار و 800 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا کە ئەمەش زیاترلە نیوە بودجەی گشتیی سوریا بووە بۆ ساڵی 2013.
هەتا ناوچە کوردییەکان لە دەرەوەی ململانێ و جەنگی سوریا بمێننەوە، لەوانەیە سەرجەم کۆمەکە نێودەوڵەتی و سەرمایەکان ڕووبکەنە ئەو هەرێمە کوردییە.
https://www.youtube.com/watch?v=sXR0M7DcnBs
- 06-03-2015