رەهێڵ سەمەد
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر ئاماری ڕووداوەکانی سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆز ڕادەگەیەنێت، ئاماژە بەوەشدەکات ڕووداوەکانی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە.
فازڵ حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر بە ڕۆژنامەنوسانی ڕایگەیاند: "ئەگەرچی ئه و بەرنامە و پلانەی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی نەورۆزی دانابوو تاڕادەیەکی باش جێبەجێکرا، بەڵام ژمارەیەک ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویدا و بەهۆیەوە قوربانی لێکەوتەوە".
وتیشی: "لە سێ ڕۆژی جەژنی نەورۆزدا پێنچ ڕووداوی هاتووچۆ لە سنوری پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە، لەکۆی ئه و پێنچ ڕووداوە 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و 18 کەسی تریش بریندار بوون".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئه و ڕووداوانە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە، چونکە لە نەورۆزی 2014دا 12 ڕووداو تۆمارکرا بوو".
- 24-03-2015