ئەندامێکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە حوزەیرانی ئەمساڵدا هەرێم دەتوانێت لەگەڵ کەرکووک ڕۆژانە 625 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و تا کۆتایی ئەمساڵیش بڕەکە بۆ 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەبێتەوە.
دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاند: "ئێستا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە لەنێوان 500 بۆ 550 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت، لەنێویاندا ڕۆژانە 150 هەزار بەرمیلییان بەمەبەستی دابینکردنی گازوایل و نەوتی سپی و بەنزین و بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بۆ پێداویستی نێوخۆ بەکاردەهێنرێت، جگە لەوەش 250 هەزار بەرمیلی دیکە ڕۆژانە ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، ئه و زیادەیەشی دەمێنێتەوەکە لە سەروو 100 هەزار بەرمیلەوەیە بەرامبەر به و قەرزانەی لە کۆمپانیاکانی کردووە دەیدانداتێ".
ئاماژەی بەوەشدا: بەپێی هەردوو یاداشتی لێکتێگەیشتی ئیمزاکراو لەنێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا لە بەروارەکانی 8ی کانووی دووەم 2015 و 23ی کانوونی دووەمی 2015 ئاماژە بۆ ئەوە کراوە لەژێر کۆنتڕۆڵی هەرێم و لە ڕێگەی ژێرخانەکەیەوە ڕۆژانە بڕی 300 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی کەرکووک و 250 هەزار بەرمیلی دیکەی خۆشی لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکی دەکات و ئه و نەوتە لە عەمبارەکانی نەوتی هەرێم له و بەندەرە هەڵدەگیرێت کە شەش عەمبارن، دواتر دەخرێتە عەمبارەکانی نەوتی کۆمپانیای سۆمۆوە.
سەبارەت بە ئاستی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکیشەوە دڵشاد شەعبان ڕوونیکردەوە: "کەرکووک ئێستا لە نێوان 100 بۆ 200 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە هەناردە دەکات، ڕۆژ هەیە 120 هەزارە، ڕۆژی دیکە هەیە 170 هەزارە، بەگشتی لە 200 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە تێپەڕی نەکردووە، هۆکاری ئه و کورتهێنانەش له و ئاستەی کە بۆی دیاریکرابوو بەپێی ڕێککەوتنی بەغدا و هەرێم تەکنیکین".
شەعبان وتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان شەش ئەمباری هەڵگرتنی نەوتی لە بەندەری جەیهان هەیە کە پێشتر دوو دانە بوون، توانای هەر یەکێکیشیان هەڵگرتنی 600 هەزار بەرمیلە".
راشیگەیاند: "ئێستا بەرهەمی هەرێم ڕوو لە زیادبوونە، پێشبینی دەکرێت لەکۆتایی ئەمساڵ بگاتە 700 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و لە ناوەڕاستی ساڵی 2016 بگاتە یەک ملیۆن بەرمیل بە مەرجێک هیچ کێشەیەکی دیکەی وەک پەلاماردانی داعش و ئەوانە نەیەتە پێشەوە کە بێتە هۆی تێکدانی بەرقەراریی ئاسایشی هەرێم".
- 07-04-2015