ئیبن مستەوفی ناوی تەواوی (موبارەک کوڕی ئەحمەد شەرەفەددینە)، لە ساڵی 1169 (564ی کۆچی) لە قەڵای هەولێر لەدایکبووە.
مێژوونووس و وەزیری #هەولێر# بووە لە سەردەمی سوڵتان موزەفەرەدین.
لە بواری ئەدەب، مێژوو و زمان زۆر بەرھەمی نووسیوە، گرنگترینیان پەرتووکی مێژووی ھەولێرە کە لە چوار بەرگدا بڵاوکراوەتەوە.
لە ماوەی ژیانیدا گرنگی زۆری بە میوان داوە، هیچ کەسێکی نەبووە سەردانی شارەکەی کردبێت و لە لایدا نەمابێتەوە، یان بەبێ دیاریی ئەو گەڕابێتەوە. ئیبن خەلەکان دەربارەی میواندۆستیی ئەو دەفەرموێت: گەر باسی خانەدانی میواندۆستی بکرێ، ڕاستەوخۆ ئیبن مستەوفیت بە بیردا دێت، ئەو کەسێکی ڕووخۆش و خاکڕەو بووە، بەتایبەت لە هەمبەر و شاعیران و زانا و فێرخوازاندا. شاعیرێکی لێهاتووش بوو، لە گفتوگۆدا زۆر پەند و قسەی نەسەتقی بەکاردەهێنا. هەروەها؛ شارەزاییەکی زۆریشی هەبوو لە بواری فەلسەفە و بیرکاری و ڕێزمان و زمانی عەرەبیدا، بە بەرپرسێکی کارامە و لێهاتوو دادەنرێ لە بەڕێوەبردن و کارگێڕیدا، بەرهەمێکیشی هەبووە دەربارەی چۆنییەتی بەڕێوەبردن و هونەری ئیدارەدانی وڵات بەناوی (ابو قمش).
ئەم زانا بەڕێزە؛ خاوەنی چەندین بەرهەمی تەفسیر و لێکدانەوەی ئەدەبیات بووە بە ناوەکانی (متنبي، ابي تمام، زمخشری)، ئەمانە و چەندین بەرهەمێکی تریش. ئیبن خەلەکان دەڵێت: کاتێک هەولێرم جێهێشت لە ساڵی 1239؛ ئیبن مستەوفی سەرۆک لیژنەی دیوانی دەستەڵات بوو، ئەوەش یەکێک بوو لە پێگە بەرزەکانی دەستەڵاتداری، ئینجا دوای سێ ساڵ بوو بە وەزیر، بەردەوام بوو لە کارەکەی؛ تا کۆچی دوایی سوڵتان موزەفەر لە ساڵی 1237، دواتر خەلیفە موستەنسیر دەسەڵاتی گرتە دەست و ئیبن مستەوفی لە کار دوور خستەوە و خانەنشینى کرد، بەڵام لەو ماوەیەدا هەر لە شاری هەولێر دا دەژیا؛ ڕێز و پلەوپایەی کۆمەڵایەتی خۆی هەر هەبوو، تا هاتنی تەتار بۆ ناوچەکە و، گەمارۆدانی شارەکە لە ساڵی 1237ز، کە سەرەنجامێکی زۆر خراپ و دڵتەزێنی هەبوو بۆ هەولێر و دانیشتووانەکەی، ئیبن مستەوفیش یەکێک بوو لەوانەی کە بەژدار بوو لە بەرگری کردنی شارەکە، بەڵام لە کۆتاییدا دەستی بەسەر داگیرا و ئیبن مستەوفیش مەنفی کرا بۆ شاری موسڵ، هەر لەوێش؛ لە ساڵی 1239ز کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی (السابلة یان سابیلاح) نێژرا.[1][2][3]
شەمسەدینی ئەبوو یوسفی شاعیر؛ لە کۆچی دوایی ئیبن مستەوفی هۆنراوەیەکی بۆ هۆنییەوە، کە دەڵێت:
ئای ئەبوو موبارەک، من مردنم نەدەناسی
جا تۆ وا بەنرخی سەردەم؛ بێهاوتا بووی
ئەوەندە مەزن بووی کە، مردن توانای نەبوو لێیدا
یەکێک لە گەورەترین بەدبەختی لە میللەتانی ئیسلامدا
لە دەستدانی بوو، کە هەردوو مرۆڤ و فریشتە بۆی بوون لە تازیەباریدا.