فەرماندەی پارتیزان، ژیانی گەنجی و لاوێتی لەشاخ و زیندان بەسەرد، پارتیزانێک، دوای ئەنفالەکان شاخەکانی کوردستانی بەجێنەهێشت، خاوەنی مەدالیای شەرەفی پارتیزانی، شەهیدی پارتیزان عومەر محێدین، لەساڵی 1968 لەبنەماڵەیەکی کوردپەروەرو هەژاری قەلادزێ لەدایکبووەو خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لەوشارەدا تەواوکردووەو لەساڵی 1982 پەیوەندیکردووە بەڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە، دواتر پەیوەندیکردووە بەڕیزەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانەوە ئیشوکارەکانی سەرکەوتووانە جێبەجێکردووە، لەپۆلی شەشەمی ئامادەیی لەلایەن دامودەزگاکانی سەرکوتکەری ڕژێمی لەناوچووی سەدام حسێن لەئەمنی قەلادزێ زیندانیکراوە، لەئیشوکارەکانی ڕێکخستن و ڕێکخراوەیی لەگەڵ چەندین هاوڕێیەکی لەئەمنی قەلادزێ، دوای ئەشکەنجەو ئازارێکی زۆر شەهیدی نەمر تەنیا وشەیەکی نەدرکاند، دواتر ئازادیان کرد، دوابەدوای ئەمە شەهید عومەر خەباتی شار دەگوازێتەوە بۆ خەباتی شاخ و چەکی پێشمەرگە دەکاتە شان، شەهید عومەر محێدین لەچەندین داستاندا ئازایانە بەشداریدەکات، وەکو داستانی شەدەڵە کەشەڕی دەستەویەخەی تێدادەکرا لەگەڵ قوات خاێەو حەرەسی جمهوری تایبەتی ڕژێمی لەناوچووی سەدام، هەر لەم شەڕەدا مەحمود ڕازانی لێپرسراوی، واتا سەرتیپی63ی جوتیاران بەسەختی برینداردەبێت شەهید عومەرو هاوڕێکانی نایەڵن سەرتیپەکەیان بەر دەستی دوژمن بکەوێ و ئازایانە ڕزگاریدەکەن، بەلام سەد مەخابن بەهۆی سەختی و کاریگەریی برینەکەی و سەرماو سۆڵەی ئەوکات بەسەر کۆڵی هاوڕێیەکانیەوە گیانی دەسپێرێت و شەهیددەبێت.
هەروەها شەهید عومەر ڕۆڵێکی جوامێرانەی هەبووە لەداستانەکانی ڕزگاری و شەدەڵەو چەندین داستان و بەرگریکردن دژی ئەو زوڵم و ستەمەی دەرهەق بەگەلی کورد دەکران.
لەدوای ئەنفالەکان پێشمەرگەیەکی پارتیزان و یەکێک بوو لەو 300 سێ سەد پێشمەرگە پارتیزانەی کە شاخەکانی کوردستان بەجێناهێڵێ و خەبات دەکات دژی دیکتاتۆریەت، لەراپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی 1991 دەکرێ بەلێپرسراوی بنکەی تۆبزاوای #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# سەر بەشاری #هەولێر#و دوای کۆڕەوە مەزنەکەی ساڵی 1991یش دەکرێ بەفەرماندەی تیپی 31ی هەرمین، لەهەمان ساڵیشدا دەکرێ بەفەرماندەی تیپی ساوێن لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان و دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە ئەفسەر لەیاریدەدەرێتی ئاسایشی قەلادزێ، دواتر ماوەیەک سەرپەرشتی ئاسایشی قەلادزێ دەکات و دەگوازرێتەوە بۆ کۆمیتەی ڕێکخستنی قەلادزێ و پلەی کارگێڕی کۆمیتەی ڕێکخستنی پێدەدرێت، پاشان لەتەشکیلەی هێزی نیزامی کوردستاندا جارێکیتر چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتەوە شان و دەبێتە فەرماندەی تیپی تایبەتی کوبرا لەقەلاچوالان، شەهیدی فەرماندە مەدالیای شەرەفی پارتیزانی پێدەبەخشرێ لەلایەن سکرتێری گشتیی (ی.ن.ک)ە وە بەڕێز #مام جەلال#.
شەهیدی فەرماندە عومەر محێدین قاڵبووی بۆتەی خەباتی ڕەوای گەلێکی ستەملێکراو بوو، مەسەلەی ڕەوای گەلەکەی و باوەڕبوون بەڕزگاری و سەرفرازیی گەلەکەی وایلێکردبوو هەمیشە لەپێشەوە و لەناو سەنگەرەکانی خەبات و تێکۆشان بێ بەشاهیدی هەموو هەڤالان و برادەرانی، هەمیشە کە ئەرکێکی پێدەسپێردرا یەکسەر ئامادە دەبوو بەبێ هێنانەوەی هیچ بیانوویەک.
شەهید کەسێکی ڕۆشنبیرو قسەخۆش و قسەزان و ڕۆح سوک بوو، لەهەر شوێنێک قسەی دەکرد بۆ برادەرانی یا بۆنەیەک بووایە سەرنجی هەموویانی بۆلای خۆی ڕادەکێشا، نمونەش بۆئەوە ئەم سەرگوزەشتەیە یە:
لە گەرمەی شەڕدا باوکی یەکێک لەو پێشمەرگانەی کەلای شەهید عومەر محێدین دەبێت دەچێت بۆلای شەهید و داوادەکات کورەکەی بنێرێتەوە تاواز لەپێشمەر گایەتی بهێنێت، بەلام شەهید عومەر بەجۆرێک قسەی بۆدەکات سەرنجی ڕادەکێشێت و وای لێدەکات کە لەهەلومەرجێکی ئاوادا پێویستە هەموو هاڤالان و ئەندامان ئامادەبن بۆ بەرگریکردن لە(ی.ن.ک)، بەو جۆرە باوکی ئەو پێشمەرگەیە نەک کورەکەی ناباتەوە بەڵکووبەجۆرێک باوەڕی دەگۆرێت و بەشەهید عومەر دەلّێت: کەواتە تفەنگێکیش بدەن بەمن دەبمە پێشمەرگە لەگەڵ ئێوەدا دەبم.
بەداخەوە دوای ئەم هەموو شەڕو شەونخونییەو ماندووبوون و کوێرەوەرییە لەشەوی 13\14-07-1995 لەشاخی (چەقڵی سپی) بەسەختی برینداردەبێت، بۆبەیانییەکەی بەهۆی کاریگەریی برینەکەی لە14-07-1995 دەگاتە کاروانی نەمران.
شەهیدی نەمر لەدوای خۆی منداڵێکی چاوگەشی جوان بەجێدەهێڵێت بەناوی ولات