دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕایدەگەیەنێت "لە هەشت مانگی ئەمساڵدا 793 کۆمپانیا ناویان تۆمار کراوە و حکومەت بە نیازە پارەی وەرگرتنی ڕسوماتی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان زیاد بکات".
دڵزار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لە هەشت مانگی ئەمساڵدا 793 کۆمپانیا ناویان تۆمار کراوە کە لەوانە 763 کۆمپانیایان خۆماڵیین و 30 کۆمپانیاش دەرەکیین".
ئەوەشی خستەڕوو "ساڵی پار لە تەواوی 2015دا هەزار و 161 کۆمپانیا ناویان تۆمار کراوە لەوانە هەزار و 456 کۆمپانیا خۆماڵی بوون 105 کۆمپانیاش دەرەکی بوون".
ناوبراو، ڕاشیگەیاند" لەبەرامبەر تۆمارکردنی هەر کۆمپانیایەک حکومەت 180 هەزار دینار لە کۆمپانیای خۆماڵی و 280 هەزار دیناریش لە کۆمپانیای دەرەکی وەردەگرێت".
لە هەرێمی کوردستان 21 هەزار و 849 کۆمپانیای خۆماڵی و سێ هەزار کۆمپانیای دەرەکی لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری کۆمپانیاکان تۆمارکراون.
ئەوەشی خستەڕوو، نوسراوێکیان کردوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ڕسوماتی تۆماری کۆمپانیا ناوخۆییەکان بکرێتە 500 هەزار دینار و بۆ کۆمپانیا بیانییەکانیش بڕی 800 هەزار دینار وەربگیرێت.
- 02-11-2016