لەدرێژەی کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ئامادەبوونی (مەسعوود بارزانی)، کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسی ئەنجامدرا بۆ بڕیاردان و بەدواداچوونی ئه و بابەتانەی لە کۆبوونەوەی پێشوو گفتوگۆیان لەبارەوە کرابوو و لیژنەیان بۆ پێکهێنرابوو.
- لەتەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئه و لیژنەیەی کە سەردانی بەغدای کردبوو، پوختەی سەردانەکەیان و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرۆککۆماری عێڕاق و سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیران و هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێڕاق، خستەڕوو. لەئەکامدا بڕیاردرا لیژنەیەکی باڵا بەڕاوێژکردن لە هەموو لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان پێکبهێنرێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هێزە نیشتمانییە عێڕاقییەکان سەبارەت بە داخوازی و کێشەکانی نێوانمان، بەتایبەتی لەم هەل ومەرجەی کە خەڵکی کوردستان هەنگاودەنێ بەره و ڕیفراندۆم.
- لە تەوەری دووەمدا، ئه و لیژنەیەی کە تایبەت بە بابەتی ڕیفراندۆم ڕاسپێردرابوو بۆ پەیوەندی و سەردانی حزب و لایەنە سیاسی و نەتەوەییەکانی کوردستان، ناوەرۆکی کۆبوونەوە و ڕاو بۆچوونی لایەنەکانیان گەیاندە کۆبوونەوە، دوای شرۆڤە و لێکدانەوەی هەمەلایەنەی بیروبۆچوونەکانی کە له و سەردان و دیدارانەدا گەڵاڵە ببوون، کۆبوونەوە بڕیاریدا هەنگاوی پێویست بنێ بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەت لە هەموو لایەنەکان بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی ڕیفراندۆم و زەمینەسازی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی پرۆسەکە بەشێوەیەکی گشتی.
- لە تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەکەدا، ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئه و لیژنەیەی کە ڕاسپێردرابوو بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ کونسووڵ و نوێنەری دەوڵەتان لە کوردستان بۆ ئاگادارکردنەوەیان له و هەوڵانەی لە ئارادایە بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم، خرایە بەرباس و گفتوگۆی لە بارەوەکرا و بە باش هەڵسەنگێندرا کە بەسوپاسەوە هەموویان بەشداری کۆبوونەوەی لیژنەکە ببوون.
- لەتەوەری چوارەمدا، گفتوگۆ لەسەر کۆی کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کرا و تەئکیدکرایەوە لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان و بەهاوبەشی خستنەگەڕی هەموو وزە و تواناکانمان بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە و پاڵپشتی ڕێککارە یاسایی و هەنگاوەکانی دامودەزگا فەرمییەکان.
- لە تەوەرێکی دیکەدا، کۆبوونەوە داوایەکی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە نەبەزەکان و هەموو هێز و لایەنە سیاسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و میدیاکاران و تەواوی گەلی کوردستان کرد، کە لەم پرۆسە گرینگ و نەتەوەیی و نیشتمانییەدا هاوکار و پاڵپشت بن.
- شایەنی باسە هەر لەم کۆبوونەیەدا هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەخشەڕێگای کە ئامادەیانکردبوو پێشکەشی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و لەکۆتایشدا بڕیاردرا کۆبوونەوە هاوبەشەکان بەردەوامبن.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان
11-04-2017