دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی
بە پێی ئەو پلانەی #دەزگای گشتی کاروباری مین# لە هەرێمی کوردستان دایناوە، تاکو 10ساڵی تر تەواوی هەرێمی کوردستان بە ناوچە دابڕاوەکانیشەوە لە مین و تەقەمەنی پاک دەکرێتەوە.
تالیب خالید بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 20 ئابی 2017لە لێدوانێکدا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بە پێی ئەو پلانەی کە دەزگای مین دایناوە تاکو ساڵی 2027 تەواوی هەرێمی کوردستان بە ناوچە دابڕوەکانیشەوە لە مین و تەقەمەنی پاک دەکرێنەوە بەو بۆمبە چێنراوانەشی کە داعش دایناون.
وتیشی لە ئێستادا دەزگای مین لە ڕێگەی 36 تیمی ئەندازە و هەڵگرتنەوەی مین سەرقاڵی کارکردنە بە مەبەستی پاککردنەوەی ناوچە مینڕێژکراوەکانی کوردستان.
تالیب خالید جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە تا ئێستا 65% خاکی باشوری کوردستان لە مین و تەقەمەنی پاککراوەتەوە و 35%یش ماوە پاک بکرێتەوە.
ڕونیشیکردەوە، پرۆسەی چاندنی مین و تەقەمەنی لە شەستەکانەوە لە کوردستان دەستیپێکردوە، بەڵام لە سەروەختی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان عێراق و ئێران واتە لە ساڵانی هەشتاکان، پرۆسەی چاندنی مین لە کوردستان هەڵکشاو ڕژێمی بەعس زۆرینەی ناوچە سنوری و شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانی بە پلان و بەرنامە، مینڕێژکرد.[1]
20-08-2017