لە شارەدێی #بازیان#ی سەربە شاری #سلێمانی#، کچە ئێزدییەک بەناوی #دالیە سمۆ خەلەف# لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە ڕفێندراوە.
ڕۆژی 13ی ئاب لە شارەدێی بازیانی سەربە شاری سلێمانی کچەئێزدییەک ڕفێندراوەو تا ئێستاش هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە لە بەردەستدا نییە، لەبارەی چۆنییەتی ڕووداوەکەوە باوکی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
باوکی دالیە، سمۆ خەلەف وتی: سەرلەبەیانی ڕۆژی 13ی ئاب لە نزیک ماڵی خۆمان لە بازیان کچەکەم ڕفێندرا، لەو ڕۆژەوە هێشتا هیچ زانیارییەکمان لەبارەیەوە بە دەست نەگەیشتووە، نازانین کێ ڕفاندوویەتی و بۆ کوێیان بردووە.
سمۆ خەلەف وتیشی: لەو ڕۆژە سەردانی زۆر شوێن و لایەنی پەیوەندیدارم کردووە، چوار کاتژمێر پێش ئێستا کەسێک تەلەفۆنی بۆ کردم و بێ ئەوەی ناوی خۆیم پێ بڵێت، وتی کە تا بەیانی کچەکەمان ئازاد دەکەن، ئێستاش تەلەفۆنەکەی داخستووە ناتوانین پەیوەندی پێوەبکەین.
جێگای ئاماژەیە، پاش فەرمانی 3ی ئابی ساڵی 2014 بۆسەر خەڵکی ئێزدی هەزاران خێزانی ئێزدی ئاوارەی ناوچە جیاوازەکانی باشوری کوردستان بوون، ئستا بەشێک لەو خێزانانە لە کامپەکان دا دەمێننەوە کە کامپی بازیان یەکێکە لەو کامپانە.[1]
ماڵپەڕی ڕۆژ نیوز: 14-08-2017