ناوەندی میدیایی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دوایین زانیاریی لەبارەی پێکدادانەکانی 2ی شوباتی #عەفرین# بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاگەیێندراوێکی هەسەدە، لە سەرجەم میحوەرەکانی شەڕ لە عەفرین هێزەکانیان زیانیان بە سوپای تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانیان گەیاندووە.
ناوەندی میدیایی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕاگەیێندراوێکی بۆ ڕای گشتیی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا کۆی قوربانییانی پێکدادانە چەکدارییەکانی ڕۆژی 2ی ئەم مانگەی لە عەفرین بڵاوکردووەتەوە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە سوپای تورکیا، جندرێس و گوندی حەمامی بە چەکی قورس بۆردوومانکردووە. بەڵام لە شەرا هەسەدە بە چەکی قورس هێرشی کردووەتە سەر سوپای تورکیا. هەروەها لە بلبلێ سوپای تورکیا و چەکدارانی سوپای سووریای ئازاد هێرشێکیان بە چەکی قورس و بە پشتگیریی هێزی ئاسمانیی ئەنجامداوە و شەڕ و پێکدادانی ڕاستەوخۆ ڕوویداوە.
راگەیێندراوەکەی هەسەدە ئاماژەی بە شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکانی شییە، ماباتا، ڕەجۆ و ناوچەکانی دیکە کردووە. بەپێی هەسەدە، لەو ناوچانەش زیانیان بە سوپای تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانیان گەیاندووە.
سەبارەت بە شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەی شەهبا، لە ڕاگەیێندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە، کە هێزەکانیان 3 ناوچەی چڕبوونی سوپای تورکیا لە ناوچەی دەورووبەری شاری مارع و، 4 ناوچەی دیکەی دەوروبەری گوندی گولچبرینیان بە چەکی قورس بۆمباران کردووە.
ناوەندی میدیایی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیێندراوەکەیدا جگە لە ئاماژەدان بەوەی زیانیان بە سوپای تورکیا و چەکدارانی سوپای ئازادی سووریا گەیاندووە، هیچ ئامارێکی لەبارەی کوژراو و برینداران نەداوە، چ لە هێزەکانی هەسەدە چ لە سوپای تورکیا و چەکدارە هاوپەیمانەکانی.
رۆژی 2ی شوبات ئاژانسی فەرمیی تورکیا کۆنترۆڵکردنی چیای دارمکی ڕاگەیاند. چیاکە گرنگییەکی ستراتیژیی هەیە، دەکەوێتە باکووری خۆرئاوای عەفرین و بەشێکیشی لە خاکی تورکیادایە. لە ڕاگەیێندراوەکەی هەسەدەدا هیچ شتێک لەبارەی کۆنترۆڵکردنی چیاکە لەلایەن سوپای تورکیاوە نەهاتووە.[1]
#02-02-2018#