خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە، لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی بنیاتنانی کۆمەڵگەی کونسوڵخانەی تازی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئێوەی بەڕێزدا بەشداردەبم. پێشوازییەکی گەرم لەو بڕیارە دەکەم و ئێمە وەکو هەنگاوێکی بەنرخ لێی دەڕوانین، هیوادارین سەرکەوتووانە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا تەواوببێت.
بنیاتنانی کۆمەڵگەی کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر کە یەکەم باڵەخانەی تایبەتە بۆ کونسوڵخانە دروستی دەکات، نیشانەی بڕوا و متمانەی ئەمریکایە بە ئێستا و ئاییندەی گەشی هەرێمی کوردستان، هەروەها دەرخەری خواست و ئارەزووی ئەمریکایە بۆ بەرەوپیشبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییانەی کە لەگەڵ عێراقی فیدراڵدا هەیەتی.
پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان پەیوەندی تازە نین و چەند قۆناخێکیان تێپەڕاندووە، لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی کوردستان، ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ پاراستنی گەلی کوردستان لە ڕیزی پێشەوەی دروستکردنی ناوچەی ئارام بوو، کە بووە هۆی پاراستنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەوکاتەدا، تاوەکو قۆناخی ڕووخانی ڕژێمی بەعس و، شەڕی داعش و تێکشکاندنی، ئەمریکا بەردەوام پەیوەندی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە و، بۆ پاراستنی سەقامگیری یارمەتی داوە و، پشتگیری هەرێمی کوردستانی کردووە.
ئەمڕۆش لە قۆناخی سەقامگیریدا کۆمەڵگەیەکی نوێ بۆ کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر دروستدەکەن، کە بەردەوامی کاروانی ئەو پەیوەندییەیە و، هیوادارین ببێتە هاوبەشێکی گرنگی ستراتیژی و درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێزەوە لە پەیوەندی و هاوکاریی و پشتگیرییە سیاسی و سەربازی و مرۆییەکانی ئەمریکا دەڕوانن، بەبایەخەوە خوازیاری ئەوەن لە بوارەکانی ئابووری، سیاسی، بازرگانی، زانستی، کولتووری و هەموو بوارەکانی دیکەدا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، پەیوەندی تۆکمەیان لەگەڵ ئەمریکادا هەبێت، وەک چۆن لە هەوڵی بەردەوامدایە، بەهەمانشێوە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەبێت.
گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشییان لەگەڵ ئەمریکا و جیهانی پێشکەوتوودا هەیە، بڕوایان بە هەمان بەهاکانی ئازادی، دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، فرەیی، کرانەوە، پێکەوەژیان، پێگەیاندن و پەرەپێدانی تواناکانی ژنان و گەنجان، بازاڕی ئازاد و، هەموو ئەو بەها و بنەمایانە هەیە، کە جیهانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوا لەسەری بنیاتنراوە و، کاریان بۆ دەکات.
پێشمەرگە لەگەڵ بەرەی جیهانی پێشکەوتوودا لەگەڵ سەرباز و ئەفسەرانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، پێکەوە شەڕی تیرۆریان کرد، هەروەها پێکەوە بەرگرییان لەو بەهایانە کرد، وێڕای دووبارە پیرۆزبایی و دەستخۆشی بۆ نێردەی دیپلۆماسی ئەمریکا، جەنابی باڵیۆز کە لە بەغدا تەشریفی هێناوە و لێرە دانیشتووە، بۆ بڕیاری دروستکردنی کۆمەڵگەی تازەی کونسوڵخانەکەیان لە هەولێر، ئەو ڕێوڕەسمە بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی پڕ بە دڵ سوپاس و دەستخۆشی لە باڵیۆز و کونسوڵخانەکانی ئێستا و پێشووی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێر بکەم، بۆ گرنگیدان و کاری باش و ماندووبوونیان، لەپێناو بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
لێرە دەمەوێ سوپاسی تیمە سەربازییەکان و، USID و هەموو ئاژانس و ڕێکخراوە ئەمریکییەکان بکەم کە لە هەر بوارێکدا لە هەرێمی کوردستان کار و خزمەتیان کردووە، دەستخۆشییان لێدەکەم و، چاومان لە پەیوەندی باشتر و تۆکمەتر و، هاوکاری و هەماهەنگی زیاتری نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستانە.
هیوادارین هەموو وڵاتانی دیکەی دراوسێ و ناوچەکە و جیهان، بە هەمانشێوەی ئەمریکا، باڵەخانە و کۆمەڵگەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی خۆیان لە هەرێمی کوردستان دروستبکەن، کە لەگەڵ هەموویان لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا خواستی پەیوەندی باش و، هەماهەنگی و، هاوکاریی و هاوبەشیمان هەیە. بەهیوای ئاشتی، بەهیوای سەقامگیری، هەماهەنگی و هاوکاریی باشتر لەنێو گەلاندا.
#نێچیرڤان بارزانی#
#23-04-2018#